ئاشلی بارتی ئه‌ستێره‌ی تێنسی سه‌رزه‌وی ئوسترالی و پێشه‌نگی ریزبه‌ندی یاریزانانی جیهان هه‌مووانی تووشی شۆك كرد‌و به‌شێوه‌یه‌كی دوور له چاوه‌ڕوانی وازهێنانی یه‌كجاری راگه‌یاند.
بارتی ته‌مه‌ن ته‌نها 25 ساڵه و به‌جیاوازی زیاتر له 2000 خاڵ له‌گه‌ڵ نزیكترین ركابه‌ری له پێشه‌نگی ریزبه‌ندی یاریزانانی جیهاندایه و سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیش توانی گراندسلامی ئوسترالیا بباته‌وه.
ئه‌و كچه یاریزانه له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوو به‌شداری له ژماره‌یه‌كی زۆری پاڵه‌وانێتی كردوه و له‌و پاڵه‌وانێتییانه‌شی كه به‌شداری كردوه توانیویه‌تی نازناوه‌كه بباته‌وه یاخود بگاته قۆناغه‌كانی كۆتایی.
ئه‌و كچه یاریزانه چوار مانگی كۆتایی ساڵی رابردوو به‌شداری له هیچ پاڵه‌وانێتییه‌ك نه‌كرد و بڕیاری دا پشوو وه‌ربگرێت و ئه‌مساڵیش به‌ر له ده‌ستپێكردنی گراندسلامی ئوسترالیا ئاماژه‌ی به وازهێنان دا.
بارتی له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی هه‌واڵی وازهێنانی راگه‌یاند كه ده‌ڵێت: ئه‌مڕۆ رۆژێكی قورس و پڕ هه‌ست و سۆزه كه وازهێنان له تێنسی سه‌رزه‌وی راده‌گه‌یه‌نم، سوپاسگوزارم بۆ هه‌موو شتێك كه ئه‌م وه‌رزشه پێی به‌خشیوم، زۆر دڵخۆشم و ئاماده‌م بۆ قۆناغی نوێ و له دڵمدا هه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌مه هه‌نگاوه راسته‌كه‌یه، ئه‌وه‌ی خه‌ونم پێوه‌ی بینیوه ئه‌م وه‌رزشه پێی به‌خشیوم، به‌ڵام ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه دوای خه‌ونی نوێ بكه‌وم.
ئه‌مه یه‌كه‌م جار نییه بارتی بڕیاری وازهێنان راده‌گه‌یه‌نێت و پێشتریش ساڵی 2014 وازی له تێنسی سه‌رزه‌وی هێنا و بوو به یاریزانی كریكێت، به‌ڵام دوای دوو ساڵ گه‌ڕایه‌وه بۆ ركابه‌رییه‌كانی تێنسی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی نووسییه‌وه كه ماوه‌یه‌كی زۆره له پێشه‌نگی ریزبه‌ندی یاریزانان دایه.