مەكتەبی سیاسی: هیچ بیانوویەك نییە بەهۆی سنووربەزاندنەوە خەڵكی مەدەنی زەرەرمەندبن

09:05 - 2022-05-22
کوردستان
535 جار خوێندراوەتەوە

‏‎بەنیگەرانییەكی قووڵەوە لەو پێشهاتە ئەمنی و سنووربەزاندنە دەڕوانین و ئیدانەی بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سنووری ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ و كەمپی ئاوارەكانی مەخموور دەكەین كە شەهیدبوونی چوار هاووڵاتیی مەدەنی و هەشت برینداری لێكەوتەوە.
‏‎وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ كەسوكار و خانەوادە بەڕێزەكەیان، دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم هێرشانە دەكەین و داوا لە حكومەتی عیراق دەكەین كە ئەركی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاك و ئاسمانی عیراق بە كوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و لە رێگەی كەناڵە دیپلۆماسییەكانەوە حكومەتی توركیا لەم پێشێلكارییە ئاگاداربكاتەوە.

خوێنی هاووڵاتییانمان پیرۆزە و داوادەكەین پیرۆزییەكانمان بپارێزرێت و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بكرێتە كلیلی چارەسەری كێشەكان

‏‎هاوكات حكومەتی هەرێمیش لەسەر ئەم رووداوە بانگهێشتی كونسوڵی توركیا لە هەرێم بكات و روونكردنەوە بدرێت. چونكە هیچ بیانوویەك نییە بەهۆی سنووربەزاندنەوە خەڵكی مەدەنی لەڕووی گیانی و مادییەوە زەرەرمەندبن. خوێنی هاووڵاتییانمان پیرۆزە و داوادەكەین پیرۆزییەكانمان بپارێزرێت و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بكرێتە كلیلی چارەسەری كێشەكان.

‏‎مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
21ی ئایاری 2022


#کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان