كرێكاری بیانی هەلی كاری ناوخۆی كەم كردووەتەوە

10:07 - 2023-10-29
ڕاپۆرت
612 جار خوێندراوەتەوە
#کارکردنی کرێکاری بیانی لە هەولێر

راپۆرتی/  رەوەست نەوزاد


ساڵانە گەنجێكی زۆر پاش چەند ساڵێک خوێندن زانكۆ و پەیمانگەكان تەواو دەكەن، بەڵام بە ئاسانی هەلی كاریان دەستناكەوێت، لە بەرامبەریشدا سەدان گەنجی عەرەب و تورك و ئێرانی و بەنگلادیشی و سووری و هی  وڵاتی تر لە هەولێر لە سەرجەم سێكتەرەكاندا كاردەكەن و رۆژانەش ژمارەیان زیاد دەبێت، بۆیە خەڵكی شارەكە بەگشتی و گەنجان بەتایبەتی دەپرسن بۆچی خەڵكی ئێمە بەو رێژە زۆرە بێكارن و لەهەمانكاتدا دەستی کاری وڵاتانی تر بەئاسانی كاریان دەستدەكەوێت؟ ئایا هۆكارەكەی بۆ كەمتەرخەمی حكومەت دەگەڕێتەوە یان كارنەكردنی گەنجانی ناوخۆ؟
سامان جەوهەر گەنجێكی 33 ساڵی شاری هەولێرە دەڵێت، گەنجێكی زۆری خزم و هاوڕێم هەن بێكارن و رۆژانە بەدوای كاردا دەگەڕێن و دەستیان ناكەوێت، بەڵام دەیان گەنجی وڵاتانی سوریا و بەنگلادیش و شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق لە چێشتخانە و مۆڵ و كافتریاو ماركێت و كۆمپانیاكانی ئەو شارەدا كاردەكەن، بۆیە سەرم سوڕماوە هۆكاری ئەو دیاردە سەیرە چییە دەبێت بەپێچەوانەوە بێت و گەنجانی خۆمان زیاتر خاوەنكاربن.

سەندیکای کرێکاران ناڕازییە
حەسەن رەمەزان پاڵانی لێپرسراوی راگەیاندنی لقی هەولێری یەكێتی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان دەڵێت، سەندیكای كرێكاران لەو سیستمی كارەی ئێستا ناڕازین ژمارەیەكی زۆر كرێكارانی بیانی و وڵاتانی دراوسێ هاتوون لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن و ئەوەی تێبینیمان كردووە زۆربەیان بەشێوەی قاچاخ هاتوونەتە هەرێم بەناوی سەردان و گەشتوگوزار و لێرە كرێكاری دەكەن و تۆمار نین، بەڵام ئەو كرێكارانەی بەشێوەی رەسمی دێن لەڕێگای وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتییەوە تۆمارن.
بەپێی یاسای كاری ژمارە 71 ی ساڵی 1987 عیراقی كرێكاری شارەکانی ناوەڕاست و باشووی عیراق بە کرێکاری بیانی هەژمار ناكرێن، بەڵام دەبێت هەر پارێزگایەك سنوورێكی هەبێت بۆ کارکردنی شارەکانی تر و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەرچووە دەبێت شوێنەكانی كار %75 كرێكارەكانی كرێكاری ناوخۆیی بن و تائێستا وەک پێویست جێبەجێ نەكراوە.
لقی هەولێری سەندیكای کرێکاران 14 هەزار ئەندامی هەیە و زیاتر لە 50 هەزار كرێكاری بیانی و ناخوخۆیی لەپارێزگای هەولێر دەستەبەری كۆمەڵایەتییان بۆ كراوە، بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی پیشەیی لەکاتی کاردا لەماوەی 9 مانگی ئەمساڵدا 8 كرێكار لەكاتی كاركردن گیانیان لەدەستداوە.

کەموکوڕی لە حکومەتە
تارق ئەحمەد نەبی كارگێڕی لقی هەولێری سەندیكای كرێكارانی كوردستان پێیوایە هۆكاری دەستنەكەوتنی هەلی كار بۆ كرێكارانی ناوخۆ بۆ كەموكوڕی لایەنی حكومەت دەگەڕێتەوە و وتی، رەوشی هەلی كار بۆ كرێكارانی ناوخۆ باش نییە ساڵانە هەزاران گەنج لەزانكۆ و پەیمانگەکان دەردەچن، بەڵام بێكارن و بۆ كار دەگەڕێن و دەستیان ناكەوێت، سەڕەرای ئەوەش خاوەن كارەكان زیاتر کار بە كرێكاری بیانی دەدەن لەبەرئەوەی بەبڕێكی كەمتری كرێ كاردەكەن و وەك كرێكاری ناوخۆ وشیارنین و داوای هەموو مافێكیان ناكەن.
وتیشی، دەیان كارگە هەیە كرێكاری بیانی كاری لێدەكەن و بۆتە هۆتێلێك بۆ ئەو كرێكارانە و خاوەنكار بەئارەزووی خۆی كاریان پێدەكات، بێجگە لەوە لە بازاڕێكی وەك شێخەڵڵای هەولێر زۆربەی دوكانەكان كرێكاری بیانی كاری تێدادەكەن چێشتخانە و هۆتێلەكانیش هەمان دۆخیان هەیە، بۆیە دەبێت حكومەت پلانی بۆ ئەو كێشەیە هەبێت.
كارگێڕی لقی هەولێری سەندیكای كرێكارانی كوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، راستە حکومەت بڕیاری رێژەی %75 بۆ كرێكاری ناوخۆ دەركردووە، بەڵام دەبێت چاودێری  جێبەجێکردنی بكات.
بەپێی رێنمایی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی ئەگەر كرێكاری بیانی بێتە هەرێم دەبێت كرێكاری ناوخۆ فێری كارەكە بكات و دەشبێت كرێكاری هونەری بێت نەك وەك ئێستا كرێكار بەلێشاو بێت، پێویستە حكومەت لێپێچینەوە بكات لە ماوەی مانەوەی کرێکارانی بیانی لە هەرێم، بۆ ئەوەی ئەو کرێکارانەی ماوەی مانەوەیان تەواو بووە بنێردرێنەوە وڵاتی خۆیان.

بڵاوکردنەوەی هەلی کار
فەرید عەلی بەڕێوەبەری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتی كاری هەولێر لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەر هەلی كارێك هەبێت ئێمە رۆژانە ریكلامی بۆ دەكەین و ئەو کەسانەی بێکارن دێن ناوی خۆیان تۆمار دەكەن، هەروەها زۆربەی شوێنی كارەكانمان ئاگاداركردۆتەوە دەبێت زیاتر کار بدەنە كارمەند و كرێكارانی ناوخۆ و کاردەکەین بۆ ئەوەی بڕیارەكە لە31/12/2023 بەتەواوی جێبەجێ بکرێت و هەموو شوێنێك بە تەواوی پابەندبن و %75هەلی كار بۆ كرێكاری ناوخۆیی و %25 یش بۆ كرێكاری بیانی بێت بۆ ئەمەش لیژنەی كرێكاری بیانی و لیژنەی كرێكاری خۆماڵی و پشكنەرانی كاریشمان هەیە كە رۆژانەی بەدواداچوون دەکەن.
وتیشی، ئەو كرێكارە بیانییانەی ساڵانە پێویستیان بە مافی مانەوە هەیە ناچاریان دەكەین شوێنی كاریان هەبێت و شوێنەكەش مۆڵەتی هەبێت، ئەوكات ناویان لەدڵنیایی كۆمەڵایەتی تۆماردەكرێت و بەپێی یاسای كاریش مادەی 23 تاوەكو كرێكارەكە مۆڵەتی كار لە بەڕێوەبەرایەتی كار لەپارێزگاكان بەدەستنەهێنێت، ناكرێت هیچ رێكارێكی بۆ بکرێت.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان