ئەرسەلان پەرۆش
زمانی کوردی وەک هەمیشە لە قۆناغە جیاوازەکاندا کەوتووەتە ژێر کاریگەری وشەی بێگانەوە، زۆر وشەی بێگانە لە زمانە جیاوازەکانی ترەوە بە تایبەتیش لە زمانی وڵاتانی دراوسێوە هاتوونەتە نێو زمانی کوردییەوە، هەندێک لەو وشانە یان قورس بووە وشەیەکی گونجاوی هاوشێوەی لە زمانی کوردیدا بۆ دابنرێت یان هەر نەتوانراوە بکرێت بە کوردی، هەندێکیشیان سەرەڕای ئەوەی کە وشە کوردییەکەی هەبووە، بەڵام هەر وشەی بێگانە لە جێی ئەو بەکارهاتووە.
لە سەدەکانی رابردووشدا هەندێک جار نووسەران و رۆشنبیرانی کورد هەوڵیانداوە ئەم کاریگەرییەی زمانی بێگانە کاڵ بکەنەوە، بەڵام هەر ماوەتەوە، ئەگەر لە رابردوودا وشەی زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی زۆر هاتبێتە نێو زمانی کوردییەوە، ئەوە ئێستا لە سەدەی بیست و یەکداین وشەی ئینگلیزی و زمانەکانی تری ئەورووپاش هاتوونەتەوە نێو زمانی کوردییەوە.
تووشی رەخنەی زۆر بووەتەوە
نالی لە سەدەی نۆزدەدا ژیاوە، بە دامەزرێنەری قوتابخانەی بابان لە شیعری کوردیدا دادەنرێ، هەوڵی داوە لە شیعرەکانیدا بەرەنگاری ئەم دیاردەیە ببێتەوە، ئەویش بەوەی لە شیعرەکانیدا لەجێی وشەی بێگانە، وشەی کوردی پەتی بەکارهێناوە، بەڵام لەسەر ئەوەش تووشی رەخنەی زۆر بووەتەوە، چونکە لەو کاتەدا ئەگەر بە نموونە شاعیرێک شیعرەکانی پڕی نەبووایە لە وشەی عەرەبی و فارسی و تورکی، ئەوا بە شاعیرێکی ئاست لاواز و نزم تەماشایان دەکرد و هەندێک جاریش بە نەزان ناویان بردووە، بەڵام نالی کاتێک وشەی کوردی پەتی بەکارهێناوەو تووشی رەخنەی زۆر بووەتەوە، وەڵامی ئەو رەخنانەی بە شیعر داوەتەوەو وتوویەتی:
تەبعی شەککەرباری من
کوردی ئەگەر ئینشا دەکا
ئیمتیحانی خۆیە مەقسوودی
لە عەمدەن وا دەکا
پاشان دەڵێ:
کەس بە ئەلفازم نەڵێ
خۆ کوردییە، خۆ کردییە
هەر کەسێ نادان نەبێ خۆی
تالبی مەعنا دەکا
لێرەدا نالی رەخنەی لەو کەسانە گرتووە کە گاڵتەیان پێکردووە یان رەخنەی گاڵتەئامێزیان لێگرتووە و دەڵێ، ئێوە ئەگەر خۆتان نەزان نەبن، ئەوە بە دوای واتا و مانادا دەگەڕێن نەک رازانەوەی شیعر و بریقەدارکردنی بە وشەی بێگانە. جا ئەوەی مەبەست و ناوەڕۆکی بابەتەکەمە و دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە ئێستا و دوای دوو سەدە لەو رەخنانەی نالی، جارێکی تر کەوتووینەتە هەمان دۆخەوە، بەڵام بۆ زمانی ئینگلیزی و ئەورووپی نەک عەرەبی و فارسی و تورکی، لە قسەکردن و نووسیندا نەک لە شیعردا.
تەماشاکەن ئێستا نووسەرێک، رۆشنبیرێک، پەرلەمانتارێک یان هەر کەسێکی دیار کە قسە دەکا، ئەگەر بە کوردییەکی پەتی قسە بکا و هەندێک وشەی ئینگلیزی بەکارنەهێنێ، ئەوا بە قسەکەرێکی ئاسایی و سادە سەیری دەکەن، بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوە بوو ئەوا بە کەسێکی بلیمەت و قسەکەرێکی لێهاتوو دایدەنێن. یان ئەوانەی رۆژانە لەسەر کەناڵ و راگەیاندنەکان بۆ چاوپێکەوتن و بەرنامەکان بانگهێشت دەکرێن، دنیایەک وشەی نامۆ و سەیروسەمەرە بەکاردەهێنن و وا دەزانن ئەگەر وا نەکەن ئەوە رۆشنبیر نین.
دەبێ زۆر وریا بن
لەڕاستیدا ئێمە ناڵێین هیچ وشەیەکی بێگانە نابێت بێتە ناو زمانی کوردییەوە، نەخێر! ئێمە بە هۆی ئەوەی لە لایەن دراوسێکانمانەوە داگیر کراوین و هاوکات تێکەڵاوی کەلتوری و جوگرافیمان پێکەوە هەیە، کەواتە ئاساییە وشەی ئەوان بێتە ناو زمانەکەمانەوە، بەڵام لە ڕاستیدا زمانی کوردی لەوە دەوڵەمەندترە کە خۆمان پێمانوایە، وێدەچێ بە گشتی و بە تایبەتی نووسەران و رۆشنبیرانی کورد، زمانی کوردی باش نەزانن. ئێمە دەبێ هەوڵبدەین زمانەکەی خۆمان فێر بین و ئەو وشانەی خەریکە لەبیر دەچنەوە بەکاریان بێنین، سیستمی پەروەردە و راگەیاندنەکان دەبێ کاری تۆکمەتر لەسەر پەرەپێدانی باشتری زمانی کوردی بکەن، بە تایبەتی راگەیاندن و لاپەڕە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێ زۆر وریا بن، کوردییەکی رەسەن و پەتی و پاک و بێگەرد بەکار بێنن. چونکە تاک و کۆمەڵ لە ژێر کاریگەری ئەواندایە، ئەو وشە و داڕشتنەی ئەوان بەکاری دێنن بە زوویی دەچێتە سەرزاری خەڵک و ناو نووسینی خەڵکەوە.