لە مۆبایلەكاندا بۆ کانزاکان بگەڕێن

10:18 - 2022-05-22
دووتوێ
541 جار خوێندراوەتەوە

تارا شێخ عوسمان


لە بانگەوازێكی بەپەلەدا زاناكان داوا دەكەن هەوڵەكان یەك بخرێن بۆ دووبارە بەكارهێنانەوەی کانزاکانی ناو ئامێرە ئەلیکترۆنییەكان بە تایبەت مۆبایلە زیرەكەكان.
ئەو زانایانە هۆشداری دەدەن لە كانزاكاری زیاتر و هەڵكەندنی زەوی بۆ گەڕان بە دوای كانزای بە نرخ و بەكارهێنانیان لە پیشەسازیی ئامێرە ئەلیکترۆنییەكاندا، چونكە  ئەو كارە هەڕەشەی جدییە بۆ ئایندەی زەوی.
كانزاكاری لە پیشەسازییە ئەلیکترۆنییەكاندا زیانی هەیە
بەپێی ئامارەكان، بە تەنها لە ساڵی 2021 دا نزیكەی (57) ملیۆن تەن ئامێری ئەلیکترۆنی فرێدراوە و زانایانیش دەڵێن: پێویستە هەوڵێكی گشتگیری جیهانیی بدرێت بۆ گەڕان بەدوای كانزای بەنرخ لەناو ئەو ئامێرانەدا و واز لە كانزاكاریی و هەڵكەندنی زیاتری زەوی بهێنرێت.
لەم چوارچێوەیەدا كۆمەڵەی شاهانەی كیمیا(Royal Society of Chemistry)ی بەریتانی هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوەی رێكخستووە و ئاشكرایكردووە هەڵكەندن و كانزاكاری بۆ دۆزینەوەی كانزای بە نرخ و بەكارهێنانی لە پیشەسازییە ئەلیکترۆنییەكان و بەردەوام بوون لەو كارە مەترسی گەورەی  بۆ زەوی هەیە.
 ئەوان دەڵێن: ساڵانە قەبارەی پاشماوە ئەلیکترۆنییەكان  دەگاتە  نزیكەی دوو ملیۆن تەن و  رێژەی دووبارە بەكارهێنانەوەی تەنها (20%)ە.

ئامێرە ئەلیکترۆنییە کۆنەکان لەماڵدا مەهێڵنەوە
دەشڵێن: كەسەكان بێئەوەی بەخۆیان بزانن كانزا بەنرخەكان لە ماڵەكانیاندا هەڵدەگرن كە لە مۆبایل و تابلێت و كۆمپیوتەرە كۆنەكانیاندایە و لێپرسراوێتی ئەم كێشەیەش دەكەوێتە سەر شانی بریكارەكانی فرۆشتن، چونكە ئەوان دەتوانن بە كڕینەوەی ئامێرە كۆنەكان بە پارەیەكی كەم  بەشداربن لە پرۆسەی دووبارە بەكارهێنانەوەی ئامێرەكان و كەمكردنەوەی كانزاكاری بۆ گەڕان بە دوای ئەو مادە گرانبەهایانەی كەرەستەی سەرەكی ئامێرە ئەلیکترۆنییەكانن.
هەروەها جەختیان لەوەش كردووەتەوە، بەرهەمهێنانی كۆمەڵێك ئامێری ئەلیکترۆنیی ئەو راستییە دووبارە دەكاتەوە كە مرۆڤ پێویستی بە ئابورییەكی بازنەیی هەیە بۆ ئەو مادانەی كە بەردەوام لەپێناو بەدەستهێنانیاندا زەوی وێران دەكرێت.
هەربۆیە ئەوان هیوادارن كە خەڵك هان بدرێت لەبری ئەوەی ماڵەكانیان بكەنە گەنجینەی كۆگاكردنی ئامێرە كۆن و لەكاركەوتووەكان، ئەو ئامێرە لەكاركەوتووانەیان ببەنە نزیكترین سەنتەری دووبارە بەكارهێنانەوە، بۆ ئەوەی بە سەلامەتترین شێوە كانزا پێویستەكانی لێ دەربهێنرێتەوە.
 ئەو زانایانە دووپاتیدەكەنەوە پێویستە حكومەتەكان گەشە بدەن بە دامەزراوەكانی دووبارە بەكارهێنانەوە و كۆمپانیاكانی بواری تەكنەلۆژیاش لە پیشەسازییەكانی دووبارە بەكارهێنانەوەدا وەبەرهێنان بكات.

ململانێ نێودەوڵەتییەكان و كانزاكاری
ئەندامانی ئەو كۆمەڵە بەریتانییە ئاماژە بەوە دەدەن، بەپێی ئەو راپرسییەی لەڕێی ئینتەرنێتەوە لە 10 وڵاتی جیهاندا كردویانە و 10 هەزار كەس بەشدارییان تێدا كردووە، بەشداران باسیان لەوە كردووە، نیگەرانن لەوەی ئامێرە ئەلیکترۆنییە كۆنەكانیان كاریگەریی نەرێنی لەسەر ژینگە بەجێی دەهێڵێت و رایانگەیاندووە، نازانن چیی لە ئامێرە كۆنەكانیان بكەن و ئەگەر دووبارە بەكارهێنانەوەی بۆ بكرێت و پرۆسەكە بە سەلامەتی بەڕێوەبچێت ئەوان ئامادەن چیتر ماڵەكانیان نەكەنە گەنجینەی ئامێرە كۆنەكان. 
ململانێ نێودەوڵەتییەكان هەڕەشەیەكی ترن بۆ هاوردەكردنی كانزا بەنرخەكان و لەم رووەوە ئاشكرایكردووە، پشێوییە جیۆسیاسییەكان، بۆ نموونە جەنگی ئۆكرانیا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەندێك مادە، لەوانەش نیكل كە لە پیشەسازیی دروستكردنی پاتری ئۆتۆمبێلدا بەكاردەهێنرێت و لە ساڵی 2021 بۆ 2022 نرخی لیتیۆم كە ئەویش توخمێكی گرنگی پیشەسازی دروستكردنی پاترییە بەڕێژەی (500%) بەرزبووەتەوە.

كەرەستە خاوەكان بەرەو نەمان دەچن
  پڕۆفیسۆر تۆم ولتۆن سەرۆكی كۆمەڵەی شاهانە بۆ زانستی كیمیا دەڵێت: شێوازی بەكارهێنانمان لە بواری تەكنەلۆژیادا بەردەوام نییە، ئەمەش  لە مەترسیی نەمانی هەندێك  كەرەستەی سەرەتایی نزیكمان دەخاتەوە، بەمەش نەك خۆمان بەڵكو زیانمان بە ژینگەش گەیاندووە.
ئەو كەرەستە سەرەتاییانەی لە دروستكردنی مۆبایلە زیرەكەكان و چەند بەرهەمێكی تردا بەكاردەهێنرێن و پێشبینی دەکرێت تا سەد ساڵی تر نەمێنن ئەمانەن: 
گالیۆم: لە گەرمی پێوی پزیشكیی و تاتەكانی وزەی خۆر و تەلەسكۆب و هەندێك جۆری مۆبایلی زیرەكدا بەكاردێت و چەند تایبەتمەندییەكی دژە شێرپەنجەی تێدایە.
 زەرنیخ: لە یارییە ئاگرینەكان و بۆ پاراستنی دار بەكاردەهێنرێت
زیو: لە دروستكردنی ئاوێنە و هاوێنە كارلێك کەرەكانیشدا بەكاردێت كە بەتیشكی خۆر تاریك دەبن.
ئیندیۆم: لە نەرمە ئامرازی ئەلیکترۆنی و سیستمەكانی پرژاندنی دژە ئاگر و ئۆتۆمبێلی پێشبڕكێ و تاتەكانی وزەی كارەبا دا بەكاردەهێنرێت.
 ئیترۆم:  لە زومی كامێراكان و چارەسەری هەندێك جۆری شێرپەنجەدا بەكاردێت.
تنتالۆم: لە چاندنەوەی ئەندامەكانی جەستە و دروستکردنی روناكی نیۆن و موشەك و فڕۆكەكان و ئامێرەكانی هێدفۆن بەكاردێت و دەچێتە پیشەسازیی دروستكردنی  ئامێرەكانی رێكخەری  لێدانی دڵ. 
سەرچاوە : BBC

بابەتە پەیوەندیدارەکان