بەپێ بڕۆ و تەندروستیت بپارێزە

10:23 - 2022-05-22
دووتوێ
170 جار خوێندراوەتەوە

ئاسانکارییەکانی تەکنەلۆژیا بۆ مرۆڤ ئەگەرچی لایەنی باشەو خێرایی هەیە، لە هەمانکاتدا لایەنی خەراپەشی هەیە کەبۆتە هۆکاری تەمبەڵی و نەجوڵان، ئەمانەش هۆکاری سەرەکین بۆ قەڵەوی و خراپ بوونی تەندروستی، بۆیە پزیشک و شارەزایانی تەندروستی بەپێ رۆیشتن بەباشترین هۆکار دەزانن بۆ خۆلاوازکردن و پاراستنی تەندروستی و خۆ دوورگرتن لە نەخۆشییەکان، چونکە لەکاتی رێکردندا هەموو ئەندامانی جەستە  دەجوڵێن و کالۆرییەکی زیاتر دەسوتێنین، لە کاتێکدا هەندێکجار وەرزش کردن بە ئامێرەکان تەنها یەک دوو ئەندامی لەش دەجوڵێنرێت.
توێژینەوە زانستییەکان کە لەسەر دەیان هەزار کەس کردویانە دەرکەوتووە بۆ ماوەی شەش مانگ ئەگەر رۆژانە یەک کاتژمێر بەپێی بڕۆین 5 بۆ 7 کیلۆ لەکێشت دادەبەزێت، خۆ ئەگەر خێراتر رێ بکەیت وەک لەپیادە و ئەگەر رابکەین ئەوا لەوە زیاتر دادەبەزێنین، ئەو کەسانەی کێشیان نزیکەی 70 کیلۆیە ئەگەر رۆژانە یەک کاتژمێر بەپێ بڕۆن و ماوەی رۆشتنەکەش لە 6 کیلۆمەتر کەمتر نەبێت ئەوا نزیکەی 300 کالۆری دەسوتێنن و کێشیان کەمدەکات، بەڵام دەبێت خۆپارێزی خواردنیشی لەگەڵدا بێ و نابێت لە ژەمی ئاسایی زیاتر بخورێ ئەگینا هاوکێشەکە هاوسەنگی نامێنێ و کەسەکە لاواز نابێت.
توێژینەوە زانستییەکان ئەوەشیان سەلماندووە بۆ هەموو کەسێکی ئاسایی کە بیەوێت تەندروستی خۆی بپارێزێت دەبێت لانیکەم رۆژانە نیو کاتژمێر بەپێ بڕوات تا زوو نەخۆش نەکەوێت و لەشولاری رێکوپێک بێت، هەروەها بۆ سەلامەتی دڵیش رۆژانە 13 دەقیقە بەپێ رۆشتن زۆر پێویستە، سەلمێندراوە مەرج نییە بەپێ رێکردن تەنها وەک وەرزش سەیر بکرێت، بەڵکو ئەرکێکی رۆژانەی مرۆڤە و ئەگەر بەردەوام خۆمان رابهێنین لەگەڵ بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و ئاسانکارییەکانی هاتوچۆ و دانیشتنی بەردەوام لە کارو لەماڵەوە ئەوا جگە لەوەی ئامادە دەبین بۆ توشبوون بە زۆر نەخۆشی قەڵەوی تەمبەڵیش دەبین.

سەرچاوە: Midical News Today

بابەتە پەیوەندیدارەکان