راهێنەری یارییە سەختەكان نییە

11:22 - 2023-10-30
وەرزش
195 جار خوێندراوەتەوە

ئیسماعیل مەحمود

یاریی كلاسیكۆی شەوی شەممەی رابردوو جارێكی تر ئەوەی پێووتینەوەو دووپات و سەد پاتكردەوە كە چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەی بارسیلۆنا راهێنەری یارییە قورس و گەورەو گرنگەكان نییە.
ئەم راهێنەرەی بارسیلۆنا پاش رۆناڵد كومانی هۆڵەندی، مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2021 بەرەسمی بووبە راهێنەری یانەی بارسیلۆنا، بۆندەكەی بۆ ماوەی دووساڵ بوو مەرجی ئەوەشی تیادا بوو بۆ ماوەی دووساڵیش نوێ بكرێتەوەو ئەمەش كراوەو ماوەیەك لەمەوبەر بۆندەكەی تا  2025 درێژكرایەوە.
لەو كاتەوەی كە چاڤی بووە بەراهێنەری یانەی بارسیلۆنا، ئیدارەی بارسا كەمتەرخەم نەبووە لە ئیمزا كردنی بۆند و هێنانی یاریزان و كڕینی یاریزان و بەهێز كردنی تیپەكە،  لەسەردەمی ئەم راهێنەرەدا،  تیپەكە لە چەندین یاریزانی بەئەزموون و لێهاتووی وەك دی یۆنگ و كوندی و ئاراوخۆ و رافینا و لیڤاندۆڤسكی و تیر شتیگنی گۆڵچی و کریستینسن  پێكدێت، ئەمساڵیش جواو فیلیكس و كانسیلۆ و گۆندۆگان و چەند ناوێكی تریشی بۆ زیاد كرا، یاریزانە لاوەكانی لاماسیاش ئەوە لەولاوە بوەستێت لەنموونەكانی پیدری و گابی و باڵدی و  چەند یاریزانێكی تر، لەگەڵ ئەمانەدا چاڤی نەیتوانیوە لە ئاستی خواست و خەون و ئارەزووەكانی ئیدارەی یانەكەو هاندەرانی یانەكەدا بێت.
ئەم راهێنەرە پارساڵ لالیگای بردەوە، بەڵام رۆژی 16/10/2022 كلاسیكۆی بیرنابیۆی 1-3 دۆڕاند، نەیتوانی لە یانەی رایۆ ڤالیكانۆ بباتەوە یاریی دەستپێكی وەرز 0-0 لەگەڵیدا یەكسان بوو، لە یاریگای ڤالیكانۆ 1-2 پێی دۆڕا، بردنەوەی نازناوەكە بەزۆری بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی ریاڵ مەدریدەوە بوو نەك باشی بارسا خۆی.
كاتێكیش هاتە سەر چامپیۆنس لیگ، نەیتوانی بەربەستی ئینتەرمیلان ببڕێت و یارییەكی پێدۆڕاندو لە یاریگای كامپ نوش نەیتوانی لێی بباتەوەو 3-3 یەكسانبوون و سێیەمی گروپەكە بوو بۆ یۆرۆپالیگ دابەزی، لە یۆرۆپا لیگیشدا نەیتوانی لەگەڵ مان یونایتد هیچ بە هیچ بكات و یاریی كامپ نو یەكسان و لە مانچستەریش دۆڕاو لەم خولەش كرایە دەرەوە.
ئەمساڵ بارسا لە ساڵی پار بارودۆخی خراپترە، چاڤی لەگەڵ ئەوەی یاریزانی باشی لەبەردەستدایە، بەڵام تائێستا خراپترین هێڵی بەرگری هەیە و لە كۆی 11 یاریی 12 گۆڵی لێكراوە، پار بە هەموو وەرزەكە 20 گۆڵی لێكرا، لە كۆی 11 یاریی 7 یاریی بردۆتەوەو 3 یەكسان بوون و 1 دۆڕانیشی هەیە.
وا بینیمان ئەمساڵ لە یەكەم تاقیكردنەوەی قورسدا و لە كلاسیكۆی یاریگای خۆی 1-2 بە ریاڵ مەدرید دۆڕا، وەك باسیشمان كرد ساڵی پاریش بە بایرن مونشن و ئینتەر میلان و مان یونایتد دۆڕاوە، ئەگەر سەرجەم ئەم بارودۆخانە لەیەكتر بدەین، دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە چاڤی هێرناندێز راهێنەری یارییە قورسەكان نییە، نازانێت لە یارییە قورس و سەخت و گرنگەكاندا مامەڵەی درووست لەگەڵ تیپەكەو یاریزانەكانی بكات، لە گۆڕینی یاریزاناندا سەرلێشێواوی پێوە دیارە و زیرەكانە مامەڵە ناكات، گۆڕانكاریی جێگا بەجێگا دەكات نەك گۆڕانكاریی تاكتیكی، وەك ئەوەی لەم كلاسیكۆیەدا بینمیان كە باشترین دوو یاریزانی یارییەكە (جواو فیلیكس و جواو كانسیلۆ) ی دانیشاند و رۆمیۆ و لیڤاندۆڤسكی خستە شوێنیان، ئەم دوو گۆڕانكارییەش بوون بە هۆی ئەوەی ریاڵ بگەڕێتەوە ناو یارییەکەو کلاسیکۆ بباتەوەو بارسا بیدۆڕێنێت.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان