قوباد تاڵەبانی: بەپێی یاسا ئاسانكاری بۆ وەبەرهێنەران بكرێت

03:03 - 2023-10-30
کوردستان
424 جار خوێندراوەتەوە


كۆبوونەوەی تەواوكاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەكدا بڕیاردرا مۆڵەتی كۆتایی بدرێت بە ژمارەیەك پڕۆژەی وەبەرهێنان، كە پێشتر مامەڵەكانیان پێشكەش كردووە، هەروەها بڕیاردرا ئاسانكاری بكرێت لە پرسی كوژانەوە و قەرەبووكردنەوەی زەوی بە مەبەستی بەگەڕخستنەوەی باشتری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان.
هەر لە كۆبوونەكەوەكەدا كە لە هەولێر بەڕێوەچوو، هەموو ئەو گرفتانە خرانەڕوو كە بوونەتە هۆی خاوبوونەوەی پڕۆسەی وەبەرهێنان و  چۆنییەتی چارەسەر كردنیان پشتبەست بە رێكارە یاساییەكان تاوتوێ كرا. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد كە هاوكار و هەماهەنگ بن لەنێوان خۆیاندا بۆ ئەوەی بتوانن ئاسانكاری بۆ وەبەرهێنەران بكەن لەپێناو جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بەربەستەكانی بەردەم دابینكردنی زەوی بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و  پرسی كوژاندنەوەی زەوی و قەرەبووكردنەوەیان تاوتوێ كران، لەمبارەیەوە بڕیاردرا؛ بەپێی یاسا بەركارەكان كار بكرێت بۆ قەرەبووكردنەوەی خاوەنی ئەو زەویانەی كە بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان تەرخان دەكرێن پاش كوژاندنەوەیان، بەتایبەتیش ئەولەوییەت بدرێت بە ئاسانكاریكردن بۆ پڕۆژەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری پێدانی مۆڵەتی كۆتایی بە ژمارەیەك پڕۆژەی وەبەرهێنان درا كە پێشتر مامەڵەكانیان پێشكەش كرابوو. هەروەها قسە لەسەر ئەو پڕۆژانەش كرا كە هاوبەشن لە نێوان كەرتەكانی نیشتەجێبوون و گەشتوگوزاردا و بڕیاردرا ئاسانكاری پێویستیان بۆ بكرێت.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان