یەكێتی بە هەڵبژاردن كوردستانیبوونی ناوچە جێناكۆكەكان دەسەلمێنێتەوە

09:33 - 2023-10-31
کوردستان
1047 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق خۆی ئامادەكردووە و 112 كاندیدی لەچوارچێوەی لیستی سەربەخۆ و هاوپەیمانێتی لە پارێزگاكانی (نەینەوا، كەركوك، دیالە، سەڵاحەدین و بەغدا) دەستنیشانكردووە و سەرجەم كاندیدەكانیشی لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە پەسەندكراون. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ژمارەكانی (142، 120، 226، 134، 204) لەچوارچێوەی لیستی سەربەخۆ و هاوپەیمانێتیدا بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دەكات.

یەكێتی دەیەوێت لە پارێزگای موسڵ زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت
ئاراس محەمەد ئاغا لێپرسراوی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە سایتی رەسمیی یەكێتی PUKMEDIAی راگەیاندووە: «پارێزگای موسڵ كە بە عیراقی بچووك ناودەبرێت و پێكهاتەی زۆرە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كێبڕكێیەكی تەندروستدا دەیەوێت زۆرترین دەنگ لەو پارێزگایە بەدەستبهێنێت». وتیشی: «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پارێزگای نەینەوا 52 كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ حزبی ئەلرەفعە دەستنیشانكردووە و لەلایەن كۆمسیۆنیشەوە هاوپەیمانێتییەكە ژمارە 134ی پێدراوە».

یەكێتی دەیەوێت بە دەنگ كوردستانیبوونی كەركوك بسەلمێنێتەوە
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ حزبی شیوعیی كوردستان هاوپەیمانێتی لەژێر ناوی هاوپەیمانێتی كەركوك هێز و ئیرادەمانە كردووە و هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگی پارێزگاكە بەدەستبهێنێت و جارێكی تر كوردستانیبوونی شارەكە بسەلمێنێتەوە. رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاندووە: «كەركوك بۆ یەكێتی جێی بایەخێكی زۆرە و هەموو هەوڵێك دەدەین زۆرترین دەنگی پارێزگاكە بەدەستبهێنین و جارێكی تر كوردستانیبوونی شارەكە بە دەنگ بسەلمێنینەوە». ئاماژەی بەوەشكردووە كە «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ حزبی شیوعیی كوردستان هاوپەیمانێتی لەژێر ناوی هاوپەیمانێتی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، (تحالف كركوك قوتنا وارادتنا) كردووە و بە 30 كاندید بەشداریی هەڵبژاردنەكە دەكەن و لەلایەن كۆمسیۆنیشەوە ژمارە 142ی پێدراوە».

پارێزگای سەڵاحەدین جێی بایەخی یەكێتییە
یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەڕێی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگەوە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دەیەوێت دەنگی كورد لە ناوچەكە زیاد بكات، ئامانجێتی نوێنەرایەتی نەتەوەكانی دیكەش بكات.
محەمەد مەحمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرین بە PUKMEDIAی وتووە: «پارێزگای سەڵاحەدین لەگەڵ ئەوەی نەتەوەی زۆری تێدایە، بەڵام یەكێتی دەیەوێت وەك حزبێكی كوردستانی دەنگی كورد لەناوچەكەدا زیاد بكات، لەو چوارچێوەیەشدا ئامانجێتی نوێنەرایەتی نەتەوەكانی دیكەش بكات، كە لە پارێزگای سەڵاحەدین یەكێتی بە لیستی سەربەخۆ و بەناونیشانی جەماوەری نیشتمانی (الجماهیر الوطنیة) بە یەك كاندید بەشدارە و لەلایەن كۆمسیۆنەوە ژمارە 226ی پێدراوە».

یەكێتی گرنگییەكی زۆر بە پارێزگای دیالە دەدات
حسام عەلی لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی خانەقین بە PUKMEDIAی وتووە: «یەكێتی گرنگییەكی زۆر بە پارێزگای دیالە دەدات و بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دەیەوێت وەك پارێزگایەكی جێناكۆك زۆرترین دەنگی كوردی تێدا جێگیربكات». ئاماژەی بەوەشكردووە كە «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پارێزگای دیالە بە لیستی سەربەخۆ بە 30 كاندید بەشداریی هەڵبژاردنەكان دەكات و لەلایەن كۆمسیۆنەوە ژمارە 120ی پێدراوە».

یەكێتی لە بەغداش بەشداریی هەڵبژاردنەكان دەكات
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدای پایتەختی عیراق بە یەك كاندید بە ژمارە 204 بەشداریی هەڵبژاردنەكان دەكات.

یەكێتی، 112 كاندیدی بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان هەیە
سەرجەم كاندیدەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كاندیدی دەستپاك و بەرپرسیارن و پێشینەی بەعسیبوونیان نییە و هیچ كاندیدێكیان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە دوورنەخراونەتەوە.
پێشتر رزگار حاجی حەمە لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی، لە لێدوانێكدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتی PUKMEDIA، ئەوەی خستبووەڕوو: «لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و بەغدا یەكێتی 112 كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق هەیە، كە بە كاندیدی هاوپەیمانێتییەكانییەوە دەكاتە 114 كاندید و هیچ كام لە كاندیدەكانی لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە دوورنەخراونەتەوە».
باسی لەوەشكردووە كە «كاندیدەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەناو هاوپەیمانێتی بن یان بە لیستی سەربەخۆ سەرجەمیان كاندیدی دەستپاك و بەرپرسیارن و پێشینەی بەعسیبوونیان نییە، هیوادارین ببنە جێی متمانەی خەڵك و دەنگ بەدەستبهێنن تا ببنە نوێنەری راستەقینەیان و شەڕی بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی ناوچە جێناكۆكەكان بكەن».
لە 15 پارێزگای عیراق هەڵبژاردن دەكرێت
بەپێی راگەیەندراوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق «هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان جگە لە پارێزگاكانی هەرێم، لە 15 پارێزگاكەی دیكەی عیراق بەڕێوەدەچێت، كە تێیدا 134 لیست بەشداردەبن و لەناویاندا 39 هاوپەیمانیی 29 حزب و 66 كاندیدی سەربەخۆ هەن، هەروەها دەنگدەران لە 7166 وێستگە و ناوەندی دەنگدان دەنگدەدەن، كە نزیكەی 5000 وێستگەیان بۆ دەنگدانی گشتییە و 2367 وێستگەشیان بۆ دەنگدانی تایبەت تەرخانكراون.
بڕ‌‌یارە رۆژی‌ 18ی 12ی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە 15 پارێزگای عیراق بەڕێوەبچێت، كە لەناویاندا كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین كە پارێزگا جێناكۆكەكانن، هەن و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵدەدات كوردستانیبوونی ئەو پارێزگا جێناكۆكانە بسەلمێنێتەوە و كورد زۆرترین دەنگی لەو ناوچانەدا هەبێت.

PUKMEDIA

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان