منداڵ بە دەرمان مەخەوێنن

10:16 - 2023-11-01
ڕاپۆرت
536 جار خوێندراوەتەوە
#خەو بەقەد خۆراک بۆ منداڵ گرنگە

چێنەر عومەر پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان

بێخەوی منداڵ یەکێکە لەو گرفتانەی زۆرێک لە دایک و باوکانی بێزار کردووە بۆ چارەسەرکردنیشی پەنا بۆ رێگای جۆاروجۆر دەبەن، بەشێک لەو رێگایانەش  بەکارهێنانی دەرمانە بەبێ راوێژی پزیشکی  پسپۆڕ ئەمەش بێگومان مەترسی هەیە لەسەر منداڵەکە بۆ ئەو مەبەستەش چاوپێکەوتنمان لەگەڵ چێنەر عومەر پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان کرد.

سازدانی/ هاوژین عەبدولواحید

*گرنگی باش خەوتنی منداڵ چییە؟ بەتایبەت گاریگەری لەسەر سەلامەتی و گەشەی؟
-خەوی منداڵ بە قەدەر خۆراک گرنگە هەندێکجار گرنگترە لەخۆراک بۆ گەشە و زیرەکی و بەرگری لەش، ئەو منداڵانەی خەویان باشە بەرگرییان باشترە لەو منداڵانەی درەنگ دەخەون یان کەم دەخەون، ئەو منداڵانەی خەویان باشە کێشیان باشترە لەڕووی کەمی کێش و زۆری کێش، واتا هەندێکجار کەم خەوی دەبێتە هۆی زۆری کێش هەندێکجاریش دەبێتە هۆی کەمی کێش (بەد خۆراکی)،  خەوی تەندروست گرنگە بۆ زیرەکی منداڵ بەتایبەت لەقۆناغی دوو ساڵی یەکەم و بەشێوەیەکی گشتی هەشت ساڵی یەکەمدا لەبەرئەوەی منداڵ لە قۆناغی گەشەی زیرەکی مێشکیدایە.
*چۆن دایک بتوانێت بەرنامەیەکی تەندروست دابنێت بۆ خەوی منداڵەکەی؟
-یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی فێرکردنی هەرشتێک بۆ منداڵ یاخود دانانی بەرنامە بۆی ئەوەیە دایک و باوک خۆیان هەمان بەرنامە جێبەجێ بکەن و لەسەری بڕۆن. باشترین رێگە بۆ فێرکردنی ئەوەیە بەنموونە پیشانی بدەیت واتا دایباب خۆی ببێت بە نموونەیەکی باش بۆ ئەوشتەی دەیەوێت بە منداڵەکەی بڵێت. واتا ناکرێت بەمنداڵەکەت بڵێیت پێویسته سەعات 9:00ی  شەو بخەویت، بەڵام دایک و باوکەکە خۆیان سەعات 2:00 شەو بخەون، دەنگە دەنگیان بێت و گڵۆپ هەڵگیرسابێ و بێن و بڕۆن بە ماڵەکەدا، بۆیه منداڵەکەش ناتوانێت بخەوێت و حەزدەکات کات لەگەڵ ئەواندا بەسەر بەرێت.
*منداڵ لە شەو و رۆژێکدا پێویستی بە چەند سەعات خەو هەیە بەپێی تەمەنە جیاوازەکان؟
-بەپێی تەمەنی منداڵەکە سەعاتی پێویست بۆ خەو دەگۆڕێت کۆرپە لەوانەیه له 24 سەعاتدا 18 بۆ 20 سەعات بخەوێت، مناڵێکی گەورەتر کە لە تەمەنی 7 بۆ 8 ساڵیدایە لەوانەیه پێویستی بە 10 سەعات خەو هەبێت، بەڵام کە دەگاتە قۆناغی هەرزەکاری کاتی خەوی پێویستیان کەمتر دەبێتەوه بە بەراورد لەگەڵ منداڵییان.
*ئایا بەکارهێنانی دەرمانی خەو وەک شروب قەترە و جەلی کاریگەرییان هەیە لەسەر تەندروستی منداڵ؟ یاخود لەچ کاتێکدا پێویست دەکات بدرێت بە منداڵ؟
-دوو جۆر چارەسەری خەومان هەیە هەندێکیان هەیە دەرمانن وەک قەترە هەندێک دەرمانی خەو کە بەکاردەهێنرێت بەڕاستی مەترسیدارن کاریگەری لاوەکی زۆریان هەیە لەسەر تەندروستی منداڵەکە.
هەروەها بەشێک لە دەرمانەکانیش لە بنەڕەتدا دەرمانی خەو نین بەڵکو دەرمانی حەساسیەتن، بەڵام ئەوەنده بەهێزە منداڵ گێژ دەکات بۆیە دایک و باوک پێیان خۆشە و دەیدەن بە منداڵ و ئاگاداری ئەو مەترسیە گەورەیە نین که کاردەکاتە سەر مێشک و کارەبایاتی دڵی منداڵ نابێت بە مەبەستی خەواندنی منداڵ پەنا بۆ ئەو دەرمانانە ببردرێت. بەڵام هەندێک دەرمانی ترمان هەیە لەکاتی پێویستدا دەتوانرێت بەکاربێت، بەڵام  دەبێت  راوێژ بەپزیشکی پسپۆڕی منداڵان بکرێت پاشان ئەو دەرمانانەیان پێ بدرێت کە مادەی میلاتۆنیان تێدایە ئەویش لەکاتی پێویست و بە ئەندازەی پێویست ئەو دەرمانەیان پێ بدرێت و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو پێویستە دوای ئەو ماوەیە بوەستێنرێت، ئەمەش بۆ رێککردنەوەی سیستمی خەوی مناڵەکە سوودی دەبێت.
*ئەو رێگایانە چین خەوێکی تەندروست دەبەخشێتە منداڵ و کێشەی کەم خەوی چۆن چارەسەر بکەین؟
- بە پێدانی خواردنێکی تەندروست نە زۆر قورس بێت نە پڕ شیرینی و چەوری بێت، واتا منداڵەکە برسی نەبێت هەروەها رێژەیەکی پێویست ئاوی خواردبێتەوە پێش خەوتن، ژووری خەوەکەشی پێویستە نە زۆر گەرم بێت نەسارد بێت رووناکی و ژاوەژاوی تێدانەبێ و دووربێت لە شاشەی مۆبایل و ئایپاد و تیڤی هەموو ئەو هەنگاوانە دەبێتە چارەسەر بۆ کێشەی کەم خەوی منداڵ، هەندێکجاریش بێداری منداڵ بەهۆی چەند کێشەیەکی تەندروستییەوەیە و زۆرێک لەمنداڵان بەهۆی کێشەی لوت گیران و باش هەناسە نەدانەوە ناتوانن شەوان بخەون هەندێکیان بەهۆی کێشەی ریخۆڵەوە یان کێشەی تریان هەیە بۆیە هەموو منداڵێک کە شەوان ناخەوێت یان پچڕ پچڕ دەخەوێت پێویستە پزیشکی پسپۆڕ بیبینێت.
*ئەو گرفتە تەندروستییانە چین رووبەڕووی منداڵ دەبێتەوە لەکاتی بێ خەویدا؟
- ئەو کێشە تەندروستییانەی بەهۆی کەم خەوتنی منداڵەوە دروست دەبێت زۆرن وەک بەدخۆراکی، کەمی تەرکیز، کەمبوونەوەی زیرەکی، خەمۆکی، توڕەیی و دابەزینی بەرگری لەشی منداڵ، هەروەها منداڵەکە رووبەڕووی هیلاکەت و کێشەی ریخۆڵە و قەبزی دەبێتەوە، لەبەرئەوەی هۆرمۆنی گەشە تەنها لە دوو سەعاتی زووی شەودا دەگاتە لوتکە، بۆیە ئەو منداڵانەی درەنگ دەخەون یان باش ناخەون هۆرمۆنی گەشەیان باش کارناکات، بۆیە لەکۆتاییدا کاریگەری لەسەر کێش و باڵایان دروست دەبێت، بۆیە دەوترێت خەو بەقەد خۆراک گرنگە و کاریگەری لەسەر هەموو بەشەکانی تەندروستی و دەروونی و جەستەی منداڵ هەیە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان