راگەیاندراوی سەرۆکایەتیی هەرێم

09:47 - 2022-05-22
کوردستان
443 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا بڵاوکردەوە، ئەمە دەقەکەیەتی:

«ئەمڕۆ یەکشەممە 22/5/2022، لە سلێمانی، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە جیا لەگەڵ بەڕێزان بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، عومەر سەید عەلی لە بزووتنەوەی گۆڕان و عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان‌ و سەرکردایەتیی ئەو لایەنانە کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێزان جێگرانی سەرۆک و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە راوێژکاران ئامادەیبوون، دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عیراق و تەحەدییەکان، تاوتوێکرا.
لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لە گرنگیی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان و تەبایی و پێکەوەیی و یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان کرایەوە و هاوڕابوون کە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان و یەکدەنگییان بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاریگەریی ئەرێنی بەسەر دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت و پێگەی کوردستانیش لە بەغدا بەهێزتر دەکات.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی لەپێناو یەکڕیزی و تەبایی لەنێوان لایەنەکاندا بەردەوام دەبێت و وەک هەمیشە بە چەتری کۆکەرەوەی هەموو لایەن و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.
لایەنە سیاسییەکان هەوڵەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیان لەپێناو کۆکردنەوەی لایەنەکان و یەکڕیزی و تەباییدا، بەرزنرخاند و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ خواست».

راگەیاندراوی سەرۆکایەتیی هەرێم

بابەتە پەیوەندیدارەکان