یادگە لە سەردەمی ئاڵۆزیدا

10:58 - 2023-11-05
کەلتور
620 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد
لاوازی یادگە و حاڵەتی لەبیرچوونەوە لەناو خەڵکانی پێش ئەنتەرنێت و موبایلی زیرەک و داهێنانی ئەو هەمووە کەرەستە و شت و مەکە جۆراوجۆرە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو کات بابەت و شتی زۆر کەم هەبوون تا هۆشی خەڵک بۆ لای خۆیان راکێشن، ئێستا ئێمە لە یەک خولەکدا ئاگایانە و نائاگایانە بە خێرایی هۆشمان دەبەین یان دەچێتە سەر دەیان بابەت. جگە لە بەدەستەوەگرتنی بەردەوامی موبایل و شاشە زیرەکەکان، بەڵکو شێوازی دروستکردن و رازاندنەوەی مۆڵ و دوکان و بازاڕەکان، ئەو هەموو جۆرە جیاوازەی سەیارە و جل و بەرگ و کەرەستەکانی دەورووبەرمان کە هەموویان بەبەردەوامی هەم سەرنجمان رادەکێشن و هەم حەز و ئارەزووەکانمان دەجووڵێنن، دەبنە هۆی لاوازی زەین و ئیرادە و تەنانەت جەستەشمان. لێرەوە کێشە لە واقیعەکەدا نییە، لە خۆماندا نییە، ئێمە بەڕێوەبەری خۆمان و ئەوان نین، بەڵکو ئەوانمان کردۆتە بەڕێوەبەری خۆمان، بۆ لێرەوە مرۆڤ و واقیعەکە بە ئاڕاستەیەکی مەترسیداردا دەڕوا، هەر ئێستاش وای لێهاتووە، یەکەم: ئەو شتانە بۆ زۆرینەی مرۆڤەکان دەبنە سەرچاوەی رژتنی دوو هۆرمۆنی دژ بەیەکی وەک دۆپامین و کۆرتیزۆل، یانی هەم دەبنە سەرچاوەی چێژ و ئارامی، هەم سەرچاوەی سترێس و نائارامی، لێرەوە کەسەکە بە بەردەوامی ئیرادەی لەدەست دەدات و خوێنی خوو بەو دوو هۆرمۆنەوە دەگرێت، ئارامی و نائارامییەکەی بە دەستی خۆی نامێنێ، بەڵکو بەدەستی ئەو شتانەوە دەبێ کە باسمان کردن، خۆی تەسلیمی ئەوان دەکا، ئەوان دیاری دەکەن ئەو ئارام بێ یان نائارام بێت. دەکرێ ئێمە لە رێگە باشەکانی وەک یۆگا، شاخەوانی، مەلە، مۆسیقا و گۆرانی شاد و ئەرێنی، پێکەنین و قسەی خۆش، هەڵپەڕین و سەما و...هتد هۆرمۆنی «دوپامین» برژین و لێرەوە خوێنیشمان تا رادەیەک لە کۆرتیزۆل خاوێن بکەینەوە و خۆمان رزگار بکەین.

دوو راهێنانی سادە
جگە لەوەی لێرەوە پێشنیار دەکەم هەموو کەس یۆگا بکات، ئاماژە بە دوو راهێنانی سادە دەکەم بەڵکو ئازیزان بە کاری بێنن و لە بواری وەرگرتنەوەی ئیرادەی خۆیان و ئارامبوونەوە و بەهێزکردنی مێشک و زەین و بەتایبەتیش یادگەدا بەکاریان بێنن.

(1)
راهێنانی یەکەم، ژماردنە. ئەم راهێنانە بۆ هەموو کەس دەبێ، بە تایبەتی ئەوانەی ناتوانن راهێنانی جەستەیی بکەن، دەتوانن ئەم راهێنانە لە هەموو شوێنێک و لە هەموو حاڵەتێکدا بکەن. رۆژانە چەند جارێک لە دڵی خۆتدا بە بێ دەنگی لە ژمارە 100وە تا 1 بژمێرە، یانی دەبێ لە ژمارە «سەد»ەوە بەرەو ژمارە «یەک» بێیتە خوارەوە نەک لە یەکەوە بڕۆی بۆ سەد، هەر ئێستا تاقی بکەوە بزانە چەند کاریگەرە، ئەگەر هەموو رۆژێ چەند جارێک ئەم راهێنانە بکەیت لە ماوەیەکی کەمدا دەبیتەوە بە خاوەنی مێشک و زەینی خۆت.

(2)
راهێنانی دووەم، جەستەییە. یەکێک لە راهێنانە گرنگەکان بۆ بەهێزکردنی یادگە «حاڵەتی کورسی و گرتنی نەرمەی گوێ»یە. راهێنانەکە بەمشێوەیەی خوارەوە دەکرێ، یەکەم: بە رێکی و بە پێوە بوەستە، دووەم: بە ئارامی لەگەڵ هەناسە هەڵمژین دەستەکانت بەتەواوی بەرز بکەوە و هەناسەت ئازاد بکە، سێیەم: بە هێمنی ئەژنۆکانت بچەمێنەوە و وەرە حاڵەتی دانیشتن لەسەر کورسییەوە، دوای ئەوە بە هێمنی بە دەستی راست نەرمەی گوێی چەپ و بە دەستی چەپ نەرمەی گوێی راست بگرە، زۆر بە هێمنی هەناسە هەڵمژە و هەناسە بدە دەرەوە. بۆ ماوەی 30 چرکە یان چەند چرکە توانیت تێیدا بمێنەوە و بە ئارامی لە راهێنانەکە وەرە دەرەوە، دوای 30 چرکە لە پشوودان و خۆ خاوکردنەوە، جارێکیتر دووبارەی بکەوە، رۆژانە دەتوانی یەک ژەم یان هەر شەش سەعات یەک جار بیکەیت و هەرجارەی پێنج بۆ دەجار دووبارەی بکەیتەوە. ئەگەر بە پێوە ناتوانی ئەم راهێنانە بکەیت، لەسەر کورسی بیکە، نەرمەی گوێت بگرە و چاوەکان و دەمت دابخە تا بەدەم هەناسە هەڵنەمژی، بە هێوری هەموو لەشت شل بکە و چاوەدێری ئارامبوونەوەکەت بکە. 
ئەم راهێنانە جگە لەوەی ماسولکەکانی پشت و راهێنان دەکێشێت و بەهێزیان دەکا، نەرمەی گوێ کە پەیوەندی راستەوخۆیان بە چەپ و راستی مێشکەوە هەیە، بە گرتنیان چەپ و راستی مێشک مەساج دەکەی، بەم کارە مێشک بە شێوەیەکی پێکهاتەیی بەهێز دەبێت، واتە بەم ئاسانییە دەتوانی شەپۆلەکانی مێشکت هاوسەنگ بکەیتەوە و ببیتەوە بە خاوەنی مێشک و زەینی خۆت.

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان