كاندیدانی یەكێتی: مادەی 140 پارێزەری مافی پێكهاتەكانە

10:19 - 2023-11-06
کوردستان
358 جار خوێندراوەتەوە

كاندیدەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، دژی كاندیدێكی هاوپەیمانیی عروبە لەبارەی دەستنیشانكردنی پارێزگارێكی عەرەب بۆ شارەكە و رێگری لە جێبەجێكردنی مادەی 140 و گەڕانەوەی پێشمەرگە و كورد بۆ شارەكە، دەوەستنەوە و داوادەكەن مادەی 140 جێبەجێبكرێت، كە مادەیەكی دەستوورییە و مافی سەرجەم پێكهاتەكانی تێدا پارێزراوە.

بە یاسا رێگریی لە یاساشكێنان دەكرێت
ئازاد شەریف كاندیدی ژمارە ١٥ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە  ژمارە ١٤٢ بە سایتی رەسمیی یەكێتی PUKMEDIAی راگەیاندووە: «هەموو هەوڵێكی تەعریب و تەرحیل لە پارێزگای كەركوك رەتدەكەینەوە و بە یاسا و دەستوور رووبەڕووی هەموو ئەو هەوڵانە دەبینەوە، كە پشتیوانی لە پێشێلكردنی یاسا و بڕیاری تاكڕەوی دەكەن». جەختیشیكردۆتەوە كە «كەركوك شارێكی كوردستانییە و هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە كورد لەو شارەدا دەربكات، ئەو كوردانەشی گەڕاونەتەوە شارەكە مافی خۆیانە لە شوێنی نیشتەجێبوونی باووباپیرانیان درێژە بە ژیان بدەن و هەر بیانوویەك بۆ دەركردنی ئەو كوردانە هەبێت، رێگردەبین و رەتیدەكەینەوە».

دەبێت پشت بە مادەی 140 ببەسترێت
كاندیدانی یەكێتی لە هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، دژی تەعریب و تەرحیل لە كەركوك دەوەستنەوە و جێبەجێكردنی مادەی 140یش بە زامنی مافی پێكهاتەكان دەزانن.
فەرهاد عومەر كەریم كاندیدی ژمارە ٢٩ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە ژمارە ١٤٢ بە PUKMEDIAی وتووە: «مادەی 140 مادەیەكی دەستوورییە و دەبێت بۆ ناوچە جێناكۆكەكان پشتی پێببەستین، بەپێی مادەكە پۆلیسی ناوخۆیی؛ ئارامی ناو پارێزگاكە دەپارێزێت و هیچ هێزێكی دیكەی سەربازی بۆی نییە بێتە ناو پارێزگای كەركوكەوە، ئەوەش بەو ئامانجەی هیچ هێزێك بۆی نەبێت دەستدرێژی بكاتەسەر پێكهاتەكان». تەئكیدیشیكردەوە كە»هەر هەوڵێك لە دەرەوەی یاسا و مادەی 140 بدرێت، وەك كاندیدانی یەكێتی لە كەركوك رەتیدەكەینەوە و ئەو كوردانەشی گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، ئەو كوردانەن كە پێشتر لەلایەن رژێمی بەعسەوە تەرحیل كراون و پاشان لە دوای رووخانی رژێم گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، كەس بۆی نییە رێگرییان لێ بكات، بەڵام ئەوەی دەكرێت ئەو تەعریبە زۆرەیە كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە دەكرێتە سەر شارەكە و عەرەبی هاوردە دەهێنرێتە ناو كەركوك، كە ئەوە نایاساییە و پێویستە رێگری لێبكرێت».
عەزام حەمەدانی كاندیدی هاوپەیمانیی عروبە، كە هاوپەیمانێتییەكی عەرەبییە لە شاری كەركوكدا، رایگەیاندووە: «پێویستە رێگریی بكرێت لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ سنووری كەركوك، رێگەش نەدرێت مادەی 140 جێبەجێبكرێت»، بەرامبەر بە گەڕانەوەی كوردە رەسەنەكانی كەركوك بۆ زێدی خۆیان، ئەو كاندیدەی هاوپەیمانیی عروبە دەڵێت: «بەهەموو شێوەیەك رێگریی دەكەین لە گەڕانەوەی ئەو كوردانە و رێگەنادەین كورد بگەڕێتەوە شارەكە».

PUKMEDIA

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان