دیدار لەگەڵ ‌نووسەرە گەورەکاندا

09:56 - 2023-11-09
ئەدەب و هونەر
269 جار خوێندراوەتەوە
جمانه‌‌حداد

جمانه‌‌حداد

ئا: نه‌رمین عوسمان محه‌مه‌د


2-1


ده‌توانین بڵێین هه‌موو پرسیارێك سه‌ره‌تای گێژه‌ڵووكه‌یه‌كه‌ و هه‌موو پرسیارێك تیرێكه‌، تیرێكی تیژی داندار و بوێر ئاراسته‌ی سه‌ری ئه‌وی تری نووسه‌ر ده‌كرێت، تیرێك كه‌ پێویسته‌ رووه‌ و خاوه‌ن پرسیار بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ پڕبێت له‌ هه‌موو خیانه‌ته‌كانی ئاشكرا كردن و دانپێدانان و زۆر جوان ده‌بێت ئه‌گه‌ر نووسه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ی تووشی موفاجه‌ئه‌ت بكات و له‌وه‌ش جوانتر بۆ تۆی پرسیاركه‌ر و بۆ نووسه‌ره‌كه‌ و بۆ خوێنه‌ریش ئه‌وه‌یه‌ نووسه‌ر خۆیشی تووشی موفاجه‌ئه‌ بێت له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی  و لێره‌دا دیدار ده‌بێته‌ دروستكردن.


دیدار گه‌شته‌
له‌پێش هه‌موو شتێكیشدا دیدار گه‌شته‌، سه‌ردانێكه‌ بۆ عه‌قڵی ئه‌وی دیكه‌ و قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی و رۆحی و ژیانی و میزاجی و له‌وانه‌یه‌ گه‌شتێكیش بێت  بۆ ناو نه‌ست و شته‌ هه‌ڵگیراوه‌كانیشی، پیاسه‌یه‌كه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵێك شوێندا و گه‌ڕانه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵێك كه‌س و كه‌سایه‌تیدا به‌ چاره‌نووسێكی ره‌نگاوڕه‌نگ كه‌ له‌ چه‌ندین شار و توانا و خوی جیاواز پێكهاتووه‌ ده‌توانێت نیویۆرك و له‌نده‌ن پێكه‌وه‌ گرێ بدات و رۆماننووس به‌ بیریاره‌وه‌ و گۆشه‌گیر به‌ خۆنیشانده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێك له‌ نێوان هه‌ردووكیاندا بێت، هه‌روه‌ها مه‌بده‌ئێك به‌ دژه‌كه‌یه‌وه‌ یاخود به‌ پردی گه‌یشتن پێی. به‌م شێوه‌یه‌ی له‌وه‌وپێش باسم كردووه‌، ئه‌و نووسه‌رانه‌ی گفتوگۆ و دیدارم له‌گه‌ڵدا كردوون به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ كۆمه‌ڵێك دیاری نایاب و ده‌گمه‌نیان پێشكه‌ش كردم، راسته‌ من هه‌موو جیهان گه‌ڕام به‌ هاوه‌ڵی ئه‌وانه‌وه‌ له‌ ئیسپانیاوه‌ بۆ ئه‌ڵمانیا و له‌ پورتوگاله‌وه‌ بۆ كۆڵۆمبیا و هتد... به‌ڵام له‌وه‌ گرنگتر و به‌نرختر ئه‌وه‌بوو رێیان پێدام له‌ زۆرترین جیهانه‌ چێژبه‌خش و سه‌رنجراكێش و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ئه‌واندا بگه‌ڕێم، ئه‌ویش جیهانی پڕ هه‌مه‌جۆری و پڕ هه‌یبه‌ته‌كه‌یان بوو، هه‌میشه‌ تێگه‌یشتنی من بۆ كاری رۆشنبیری هاوتا بووه‌ له‌گه‌ڵ دروستكردنی گه‌وره‌ترین ژماره‌ی فه‌راهه‌مكراو له‌ په‌نجه‌ره‌ی كراوه‌ به‌ رووی هه‌مواندا به‌سه‌ر نزیك و دووردا و به‌سه‌ر ناوخۆیی و بیانیدا به‌سه‌ر عه‌ره‌ب و رۆژئاواییدا و به‌سه‌ر لوبنانی و جیهانیدا، بۆیه‌ دیدار چیرۆكی كه‌لتوره‌كانیشه‌ له‌ هه‌مانكاتدا و چیرۆكی وڵاتان و شارستانییه‌كان و گه‌لانه‌ و له‌ كۆمه‌ڵێك كه‌سدا كورت كراوه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌كی رێزداریشه‌ بۆ خولیای خوێندنه‌وه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ جوانترین ئه‌و خوانانه‌ی مرۆڤ ده‌توانێت ئالووده‌ی ببێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی راشكاوبم پێویسته‌ ئه‌وه‌ روون بكه‌مه‌وه‌ دوور له‌  ده‌سته‌واژه‌ی باوی"ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی دیداری رۆشنبیری له‌ نێوان رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوادا" ئه‌م دیدارانه‌ هانده‌رێكی سه‌ره‌كی زیاترخۆپه‌رستانه‌ی له‌ تێرمی درێژكردنه‌وه‌ی پرده‌ راقی و چالاكه‌كان زیاتری له‌ پشته‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش هۆگربوونی تایبه‌تی خۆمه‌ به‌ ئه‌ده‌بی ئه‌و نووسه‌رانه‌وه‌ و فزوڵی خۆمه‌ سه‌باره‌ت به‌و ئه‌ده‌بیاته‌ و ئاره‌زوومه‌ بۆ زانینیان.

هه‌میشه‌ نووسه‌ر ماسكێكی هه‌یه‌
به‌ راستی به‌خت یاوه‌رم بوو ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێم، چونكه‌ زۆربه‌ی زۆری ئه‌و نووسه‌ره‌ مه‌زنانه‌ی كه‌ چاوم پێیانكه‌وت و گفتوگۆم له‌گه‌ڵدا كردن له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌ناو هزر و رۆحمدا جێگیر ببوون و كاره‌كانیان وه‌كو خۆراكی رۆژانه‌م  وابوو. له‌ راستیدا من وه‌كو كچه‌كانی هاوڕێم خه‌ونم به‌ ئه‌ستێره‌كانی سینه‌ما و گۆرانی وتنه‌وه‌ نه‌ده‌بینی، به‌ڵكو من خێوی مایاكۆفسكی و پۆ و  ئیلوار و سالینجه‌ر و نابۆكۆڤ و دۆستۆیڤسكی و ساد و هاوشێوه‌كانیان له‌ باوباپیران و میراتگرم له‌ خه‌ونه‌ گه‌شاوه‌كانمدا حه‌شار دابوو و هه‌میشه‌ كاره‌كانی نووسه‌ران له‌ لایه‌كه‌وه‌ جێگای فزوڵی من بوون و شێوازی ژیانیشیان له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ و به‌تایبه‌تی یاداشته‌كانیان و خوو و نه‌ریته‌كانیان و ورده‌كارییه‌ بچكۆله‌كانی ژیانیان و میزاجیان و ئه‌و شێوازه‌ی كه‌ میلی بیركردنه‌وه‌یانی پێده‌جووڵێته‌وه‌ خه‌ونم به‌وه‌وه‌ ده‌بینی دوور له‌ كاره‌كانیان به‌ دزییه‌وه‌ چاودێری په‌نجه‌ره‌كانی ژیانیان بكه‌م و بزانم ئه‌مه‌یان چۆن له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستێت و چۆن ده‌ژی و چۆن خۆشه‌ویستی ده‌كات و ئه‌وی دیكه‌یان چۆن بیر ده‌كاته‌وه‌ و چۆن ده‌خوێنێته‌وه‌ و چۆن ده‌نووسێت چون زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌كات و چۆن برۆی ده‌دا به‌ یه‌كدا كه‌ مۆن ده‌بێ.
 ئایا ئه‌وان رێك وپێكن یان ئه‌نارشیستن،چی تووڕه‌یان ده‌كات و چی ده‌یانهێنێته‌ پێكه‌نین و چی دوودڵیان ده‌كات  و چی دڵنیا یان ده‌كات و چی سستیان ده‌كات و چی هانیان ده‌دات؟ هۆگری ئه‌وه‌ بووم بیانخه‌مه‌ ژێر جۆرێك له‌ پارچه‌ پارچه‌ كردن و پاككردن له‌پێناوی كردنه‌وه‌ی شیفره‌ی نووسه‌ربوون و به‌رزكردنه‌وه‌ی بازنه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ری و لابردنی ماسكه‌كه‌ی، چونكه‌ هه‌میشه‌ نووسه‌ر ماسكێكی هه‌یه‌ هه‌رچه‌ندێك ته‌نك و باریك بێت له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ش له‌ كۆتاییدا ته‌نها تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بێت، هه‌موو كاتێك ئامرازی من بوو بۆ زانینی ئه‌وه‌ی ئایا مرۆڤ له‌سه‌ر ئاستی ئه‌و نووسه‌ره‌یه‌ كه‌ منی راكێشاوه‌ یان نا؟ هاوكات بۆ ته‌حه‌داكردنی ئه‌و وته‌یه‌ی بانگێشت بۆ جیاكاری له‌ نێوان نووسه‌ر و ده‌قه‌كه‌یدا ده‌كات و من به‌شبه‌حاڵی خۆم هه‌رگیز نه‌متوانیوه‌ نه‌ باوه‌ڕ به‌م وته‌یه‌ بكه‌م و نه‌ توانیومه‌ پابه‌ندبم پێوه‌ی و له‌م ئاسته‌شدا دیدار په‌یوه‌ندییه‌كی مرۆڤایه‌تییه‌.
په‌پووله‌ی پرسیاركردن
له‌ دوای ئه‌وه‌ دیداری رۆژنامه‌وانی  ماندووبوون و غه‌ریزه‌یه‌، ماندووبوونی گه‌ڕان و هه‌ڵدانه‌وه‌ی زانیارییه‌كان له‌ پێش كردنیدا و غه‌ریزه‌یشه‌ به‌ كردنی پرسیاری شیاو له‌ كاتی كردنیدا و من بۆخۆم دان به‌و یاسایه‌دا نانێم كه‌ پێیوایه‌ مه‌رجی دیداری سه‌ركه‌وتوو خۆ ئاماده‌نه‌كردنه‌ له‌پێناوی پاراستنی "عه‌فه‌وێت "دا و پێموایه‌ خۆئاماده‌كردن یاسایه‌كی پێویسته‌ بۆ هه‌موو دیالۆگێكی قووڵ و گشتگیر و راسته‌قینه‌. 
 لێره‌دا مه‌به‌ستم له‌خۆ ئاماده‌كردن دانانی پرسیاره‌كان نییه‌ له‌وه‌وپێش چونكه‌ ئه‌وه‌ خراپترین ولاوازترین جۆری خۆئاماده‌كردنه‌ و ده‌بێته‌ هۆكاری رێ نه‌كردنی دیداره‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سروشتی و عه‌فه‌وییانه‌ و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچی تری لێ ببێته‌وه‌ و پێگه‌یشتوو بێت و له‌ خۆیه‌وه‌ زیاد بكات، به‌ڵكو مه‌به‌ستم له‌خۆ ئاماده‌كردن زانینی باشی كاره‌كانی نووسه‌ر و دیارترین وێستگه‌كانی ژیانیه‌تی، بۆیه‌ به‌و كه‌سه‌ ده‌ڵێم كه‌ پرسیار ده‌كات: ئه‌و كه‌سه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌ كه‌ به‌ نیازی پرسیاری لێبكه‌یت و دواتر به‌ قووڵی بیدۆزه‌ره‌و ه‌ و به‌ڵگه‌كانی تۆمار بكه‌ و له‌به‌ری بكه‌ تاوه‌كو دێته‌ ناوته‌وه‌ بگره‌ تاوه‌كو جادووت لێده‌كات، خاڵێكی دیكه‌ی به‌سوودیش ئه‌وه‌یه‌ ناوچه‌كانی دیداره‌كه‌ ده‌ستنیشان بكه‌یت وه‌كو چه‌ند پشكۆیه‌ك كه‌ پێویسته‌ په‌پووله‌ی پرسیاره‌كانت به‌ده‌وریدا بسوڕێنه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی بكه‌ونه‌ نێو ده‌قی پرسیاره‌كانه‌وه‌ و بسووتێن گرنگیشه‌ چه‌ند پرسیارێك بكه‌یت كه‌ رۆڵێكی دینامیكی هه‌مه‌جۆر بێت پشتی به‌ گه‌ڕانێكی مه‌عریفی به‌ستبێت و دۆخه‌ بابه‌تییه‌كه‌ی تێپه‌ڕاند بێت، تاوه‌كو جۆرێك له‌ به‌ره‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نووسراو دروست بكات كه‌ په‌یوه‌ست بوون به‌ چه‌ند هێڵێكی ره‌خنه‌یی پته‌وی تێكئاڵاوی پێكگه‌یشتووی به‌ش به‌شی روون فه‌رز بكات كه‌ هه‌ندێك كات له‌ رووكه‌شه‌وه‌ دیار نه‌بێت له‌ به‌شه‌وه‌ ده‌ستپێبكات تاوه‌كو ده‌گاته‌ كۆ یاخود به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. له‌ هه‌موو دۆخه‌كاندا ئه‌و ئه‌ركه‌ بخاته‌ سه‌ر شانی كه‌ هه‌ڵدانه‌وه‌یه‌كی قووڵبێت له‌نێو قووڵایی نووسینه‌كان و و ده‌لاله‌ته‌كان و ئه‌گه‌ره‌كانی و داڕشتنی چه‌ند ئاسۆیه‌كی نوێ بێت تێیدا و به‌مه‌ش دیدار زیادكردن و خستنه‌سه‌ری بابه‌ته‌كه‌یه‌. هه‌روه‌ها دیداره‌كه‌شه‌ یاخود وردتر بڵێن زنجیره‌یه‌ك كه‌ش و تاكتیكه‌ پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژی ته‌واوه‌ به‌ راونان ده‌ستپێده‌كات دواتر به‌ڵێ دێت و ئاماده‌كاری به‌ تێپه‌ڕین به‌ چركه‌ساتی یه‌كه‌می به‌ركه‌وتن چركه‌ساتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌، پاشان ته‌وقه‌كردن و گه‌یشتنی چاو به‌ چاو تا ده‌گاته‌ كشانه‌وه‌ و قۆناغی نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌، به‌ڵام تۆی گفتوگۆكه‌ر ته‌نیا نابیت له‌ هیچ وێستگه‌یه‌ك له‌ وێستگه‌كانی ئه‌م پلانه‌ هه‌میشه‌ دوانیت تۆ و ئه‌و پرسیاركه‌ر  و وه‌ڵام ده‌ره‌وه‌ عه‌قڵ به‌ عه‌قڵ و خه‌یاڵ به‌ خه‌یاڵ و رێكه‌وتن به‌ رێكه‌وتن و ئیستیفزاز كردن به‌ خۆڕاده‌ستكردن .
دزه‌كانی ئاگر
چاندنی متمانه‌ گرنگه‌ تاوه‌كو ته‌زووی كاره‌باكه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ ئیشكردندا له‌ نێوانتاندا له‌ كاتی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا به‌هاوشێوه‌ی ئه‌ویش به‌هره‌ی به‌رده‌وامبوون له‌هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌ده‌بی له‌ گۆشه‌یه‌كی جیاوازه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ پڕۆفایله‌كه‌یدا بگونجێت به‌شبه‌حاڵی خۆم ده‌رفه‌تم له‌گه‌ڵ هه‌ر نووسه‌رێك بۆ چاوپێكه‌وتن بۆ ره‌خسابێت تاك و ده‌گمه‌ن بووه‌ له‌ جۆره‌كه‌یدا و ده‌توانم زۆر به‌وردی په‌رچه‌كردار و شێوازی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تایبه‌تی و ده‌نگ و ریتمی ده‌نگ  و وزه‌رده‌خه‌نه‌ی جوان یان خودپارێز و گه‌رمایی‌ ده‌ست له‌ كاتی سڵاوكردن و شێوازی جووڵاندنی ده‌موچاو و جووڵه‌ی چاو وده‌سته‌كان له‌ كاتی قسه‌ كردن و ترسی سه‌ره‌تا ئه‌و ترسه‌ی كه‌ هه‌موو جارێك له‌ كۆتاییدا ده‌بێت به‌ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان هی هه‌ر نووسه‌رێك هه‌موویم له‌ یاده‌ له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش گرنگتر گڕه‌كه‌یه‌ ئه‌و گڕه‌ گه‌رمه‌ی كه‌ چاوی "دزه‌كانی ئاگر" ده‌گه‌شێنێته‌وه‌ ئه‌وانه‌ی رامبۆ جارێك شاعیره‌كانی له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ (پۆڵدۆمۆنێ 15ئایار 1871)ی هاوڕێی وه‌سف كرد به‌ پشت به‌ستن به‌ سیفه‌تی برۆمیسۆس له‌ میسۆلۆژیای یۆنانیدا و وتی:"من هه‌موویان وه‌ك دزه‌كانی ئاگر ده‌بینم رۆماننووس و شاعیره‌كان، رێخه‌ر وپه‌خشان نووسه‌كان هه‌مویان له‌ یه‌ك ئاستدان له‌لام."

سەرچاوە:
*ئه‌م بابه‌ته‌ پێشه‌كی كتێبی (صحبةلصوص النار)ە
سه‌رچاوه‌:
كتێبی "صحبة‌ لصوص النار


بابەتە پەیوەندیدارەکان