پاراستنی جیهانی سایبرانی؛ ستراتیژ و سیاسەتەكان

11:14 - 2022-05-23
ئابووری
822 جار خوێندراوەتەوە

فەیسەڵ عەلی*

بێگومان پاراستنی جیهانی سایبرانی، پاراستنی ئەم جیهانە راستەقینەیەی ئێمەیە كە تێیدا دەژین، جیهانی سایبرانی ئامرازێكی جیهانی راستەقینە كە بەمەبەستی زیاتر كاراكردنی بەڕێوەبردنی و بەجێهێنانی چالاكییە هەمەجۆرەكانە، چ ئەوانەی بە كاروباری خزمەتگوزاریی حكومییەوە پەیوەستن، یاخود ئەوانەشی بە كاروباری پیشەیی یاخود بە چالاكییە كۆمەڵایەتییەكانەوە پەیوەستە.
لەسەر ئەو بنچینەیەوە، ئاسایشی سایبرانی بەشێكی گرنگە و دابڕاو نییە لەم جیهانەی تێیدا دەژین، لەمەیشەوە، ئەو جیهانە بە چوار بازنەی سەرەكییەوە پەیوەستە، ئەوانیش: بازنەی كەسی، واتە بازنەی تاكەكەس بە رەفتار و پابەندبوونەكانییەوە، بازنەی دامەزراوەكان و هەوڵدانی بۆ پاراستنی خۆی و ئەو مامەڵانەی لەگەڵ ئەوانی تردا دەیكات، پاشان بازنەی دەوڵەت دێت كە بایەخ بە خزمەتكردنی نەتەوەكەی و پاراستنی دەدات، دواینیشی بازنەی كۆی جیهانە، كە گرنگیی بە هاوكاریی نێودەوڵەتی و كاری هاوبەش دەدات، تا لێوەی كۆی جیهان پارێزراو بێت. بێگومان لە هەموو ئەوانەشدا، مرۆڤ توخمی زیندووی ناو ئەو چوار بازنەیەیە، ئەو بزوێنەریانە، بەپێی ئەو پێگەیەی كە لە هەر یەكێكی ئەو بازنانەدا هەیەتی.

وەڵامدانەوەی ئاڵنگارییەكان
ئەو بازنانە لەیەكتر دابڕاو نین، بەڵكو تێكەڵاوی یەكتری دەبن، هەر لاسەنگی و گرفتێك لە چوارچێوەی هەر یەكێكیاندا دروست بێت، بە ئاستی جیاواز كاریگەریی لەسەر بازنەكانی تر دەبێت. لەبەرئەوە بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایشی سایبرانی لە ئەستۆی هەمواندایە. 
ئەو سامپڵە مەرجەعییەتێكی بە ئامانجكراو بۆ ئاسایشی سایبرانی و ئەو شێوازانەی یارمەتی پێگەیشتنی دەدات، دەخاتەڕوو. رەنگە لەسەر ئاستی كەلتوری سەردەم، پێویستمان بە خستنەڕووی زانیاریی زیاتر بێت لەسەر ئەو مەرجەعییەتە، بەوەی پێویستە هەموان پێوەی پابەند بین، بە تەواوی درك بە پێداویستییەكانی پاراستنی ئاسایشی ئەم جیهانە لەسەر هەموو ئاستەكان بكەین.
 پرسەكانی رەهەندی ستراتیژ و سیاسەتەكانی ئاسایشی سایبرانی، پشت بە چوار هۆكاری بنچینەیی دەبەستێت، كە ئەمانە دەگرێتەوە: هۆكاری ستراتیژیی نیشتمانیی ئاسایشی سایبرانی، هۆكاری وەڵامدانەوەی ئاڵنگارییەكانی رووداوەكانی ئاسایشی سایبرانی و ئیدارەدانی ئەو قەیرانانەی بە ئاسایشی سایبرانییەوە پەیوەستە، پاشان هۆكاری پاراستنی بونیادی ئیرتیكازی دێت، دواهەمینیشیان، هۆكاری بەرگرییە لە ئاسایشی سایبرانی لە چوارچێوەی دابینكردنی پێداویستییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی. هەر یەكێك لەو چوار هۆكارەی ئاماژەیان بۆ كرا، وردەكاریی خۆیان هەیە و لێرەدا دەخرێنەڕوو:
یەكەم هۆكاری تایبەت بە «ستراتیژییەتی نیشتمانی» بە چوار لایەنی بنچینەییەوە پەیوەستە. یەكەمیان، خۆئامادەكردنە بۆ داڕشتنی ستراتیژییەت، كە ئەنجامدانی توێژینەوەیەكی سەرەتایی بۆ بارودۆخی ئێستا و مەترسییە هەمەجۆرەكان لەسەر هەموو ئاستەكان دەگرێتەوە، هەروەها پێداویستییە هەمەجۆرەكانی كەرتەكان و تاكە كەسەكان، وێڕای ئەو دەرفەتانەی لە بەردەستن. دووەمیان، بایەخ بە ناوەڕۆكی ئەو ستراتیژییە دەدات كە لایەنی خۆئامادەكار لە دیاریكردنی ئامانج و وەڵامدانەوەی پێداویستییەكان و دانانی ئەولەوییەتەكان پشتی پێدەبەستێت. ئەوەش ئەمانە دەگرێتەوە: شێوازەكانی هۆشیاركردنەوە، دسپلینی سنوورداركردنی مەترسییەكان، بەرنامەی سازدانی پسپۆڕان. سێیەمیان، پێداگیریی لەسەر پێداویستییەكانی جێبەجێكردنی ستراتیژییەت و ئەو بەرنامانەی بۆ ئەو پڕۆسەیە پێویستن، سەرباری بەشكردنی بەرپرسیارێتییەكان. چوارەمیشیان، پرسی كارلێكی ستراتیژییەتەكە لەگەڵ بازنە جیهانییەكە و هاریكاریی لەگەڵ دەوڵەتانی تر لەخۆدەگرێت.

پاراستنی بونیادی ئیرتیكازی
دووەم هۆكاری تایبەتە بە «وەڵامدانەوەی ئاڵنگاریی رووداوەكانی ئاسایشی سایبرانی و ئیدارەی قەیرانەكان»ە، كە بۆ سێ لایەن بەش دەبێت، یەكەمیان، پێناسەكردنی رووداوە چاوەڕوانكراوەكان و ئەو مەترسییانەی لێیان دەكەونەوە، وێڕای كاركردن بۆ پۆلێنكردنیان. دووەمیان تەواوكاری یەكەمە، كە هەوڵی رێكخستنی ئەو كاروبارانەیە كە بە رووداوەكانەوە پەیوەستن لەمیانی گرێدانی بە كەرتە هەمەجۆرەكانەوە، رێكخستنەوەی كاروباری تۆماركردنیان و چۆنێتی رووبەڕووبوونەوەیان لەخۆدەگرێت. سێیەمیشیان، گرێدانی لایەنی پاراستنی ئاسایشی سایبرانییە بەو رووداوانەی كە لەسەر ئاستی دەوڵەت روو دەدەن، بە بابەتی ئیدارەی قەیرانەكانەوە.
سێیەم هۆكار تایبەتە بە «پاراستنی بونیادی ئیرتیكازی كریتیكی» كە سێ لایەنی تایبەت بەخۆی هەیە. یەكەمیان پێناسەكردنی پێكهاتەكانی بونیادی ئیرتیكازیی و ئەو بنەچانەی پێوەی پەیوەستن، كە بەهۆی رووداوەكانی ئاسایشی سایبرانییەوە دەكەونە بەر هەڕەشە. دووەمیان، رێكخستنی پێداویستییەكانی پاراستنی ئەو بونیادەیە، ئەمەش لە چوارچێوەی مەنزومەی پاراستنی دەوڵەت بۆ ئاسایشی سایبرانی دەكرێت، سێیەمیشیان، بایەخ بە كاروباری جێبەجێكردنی پێداویستییەكانی ئەو پاراستنە دەدات، ئەمەش لە چوارچێوەی مومارەسەكردنی كاركردن و پابەندبوون بە پێوەرەكانی پاراستنە لەسەر ئاستی دەوڵەت، هەروەها لەسەر ئاستی هاوكاریی لەگەڵ دەوڵەتانی تر بەڕێوەدەچێت.

توانای هێزی بەرگری
چوارەم هۆكاری رەهەندەكانی «ستراتیژییەت و سیاسەتەكانی ئاسایشی سایبرانی»، هۆكاری تایبەت بە بەرگریكردنە لە ئاسایشی سایبرانی و تەواوكردنی زامنكردنی پێداویستییەكانی ئاسایشی سایبرانییە، ئەم هۆكارەش وەك ئەوانی تر سێ لایەنی هەیە. یەكەمیان، پەیوەستكردنی ستراتیژییەتی ئاسایشی نیشتمانیی سایبرانییە بە ستراتیژییەتی نیشتمانیی بەرگریی لە ئاسایشی نیشتمان و پێدراوە یاسایی و ئیدارییەكانی، تا هێزێكی گونجاوی بەرگری بۆ زامن بكات. دووەمیان، تایبەتە بە كاروباری توانای هێزی بەرگری و ئەو چالاكییانەی لەو بارەوە پەیوەستن. سێیەمیشیان، زەرورەتی پەیوەستكردنی ستراتیژییەتی ئاسایشی سایبرانییە بە بەرگریکردنی مەدەنی لەمیانی پەیوەندیی بە ستراتیژییەتی بەرگریی گشتگیرەوە، تا بتوانێ خۆپارێزییەكی تەواوكار بۆ دەوڵەت دابین بكات و بەرگریی پێویستی بۆ دەستەبەر بكات.
بەم جۆرە، ئەم نووسینە، بنچینەكانی مەرجەعییەتی ئەو سامپڵە نوێیەی بۆ ئاسایشی سایبرانی روونكردەوە، لەسەر ئاستی دەوڵەت، ستراتیژییەت و سیاسەتەكانی ئەم ئاسایشە، دەبێ ببێتە بەشێكی ستراتیژییەتی گشتگیری بەرگری لە ئاسایشی دەوڵەت، هەروەها دەبێ دەرگای لەبەرامبەر هاریكاریی لەگەڵ دەوڵەتانی تردا كراوە بێت.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان