لەیادی ئەو شارەدا كە هەر لەسەرەتاوە بە پایتەخت دامەزرا

11:01 - 2023-11-14
کوردستان
177 جار خوێندراوەتەوە

گەلاوێژ



ئەمڕۆ تەمەنی دامەزراندنی شاری سلێمانی 239 ساڵ تێدەپەڕێنێت و هێشتا ئەو لاوە چاپووك و بەهەڵمەت و بە هەڵوێستەیە كە بەرەو ئاسۆی گەشتر سەرقافڵەی كاروانی پێشكەوتن و پەروەردەكردن و رابوون و هەستانەوەیە.
لەم بۆنە مەزنەدا وێڕای سڵاوی گەرم بۆ یەك بەیەكی هەموو ئەوانەی لەم شارەدا ژیاون و ئێستا لەم شارەدان و لە داهاتووشدا لەم شارەدا دەژین، سەری رێز و نەوازش بۆ مونەوەران و داهێنەران و شەهیدانی ئەم شارە نەوی دەكەم و چاوی كوڕ و كچە چاونەترسەكانی ماچ دەكەم.
شاری سلێمانی كە وەك مێژوو بۆی تۆماركردووین لە رۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1784ی زایینیدا لەلایەن بەهەشتیی ئیبراهیم پاشای بابانەوە وەك پایتەختی میرنشینەكەی دامەزراوە و بەناوی سلێمان پاشای كوڕییەوە ناونراوە، ئەمەش نیشانەی خۆشەویستیی پاشاكانی میرنشین بووە كە سلێمانییان وەك جگەرگۆشەی خۆیان ناوناوە و داناوە.
لەوكاتەوە تائێستا سلێمانی هەر پایتەخت و هەر شاری شاران و هەر شاری هەڵمەت و قوربانی بووە و بەهۆی زۆریی چالاكییە فەرهەنگی و رۆشنبیرییەكان و مەڵبەندی داهێنەرانەوە پەرلەمانی كوردستانیش ناویناوە پایتەختی رۆشنبیریی كە شایستەی خۆیەتی.
لەوەتەی بونیاتنراوە، ئەم شارە ملی بۆ هیچ زۆردار و ستەمكارێك نەداوە و تەنانەت دوژمنانی كورد و ناحەزانی شار، شاری سلێمانییان بە «سەری مارەكە» ناوبردووە، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی بڵێن كە سلێمانی بەم هەموو نازدارییەی خۆیەوە چ چقڵێكی تیژی ناو چاوی دوژمنانی بووە.
لەم بۆنەیەدا هیوای سەركەوتن و دەركەوتن و پێشكەوتنی زیاتر بۆ شاری سلێمانی دەخوازم و ئاواتی ئەوەم هەیە كە لە پاڵ دەستەخوشكە شیرینەكانی تریدا، هەولێری هۆلاكۆ بەزێن و دهۆكی دەلال و هەڵەبجەی شەهید و كەركوكی كوردستان و هەموو شار و شارۆچكە و ئاواییەكانی دیكەی هەرچوار پارچەی نیشتماندا، هەمیشە گەش و گەشاوەتر بن و بە یەكێتی و یەكگرتوویی و یەكانگیرییەوە بچنەوە بەگژ ناحەزان و دوژمنانی كورد و كوردستاندا.
لەكۆتاییدا دەڵێم: وەك چۆن چاو لە جوانیی دیمەن و گوێ‌ لە ئاوازی رەسەن و دڵ لە خۆشەویستیی ئەم شارە تێرنابن، هەر ئاوایش ستایشی ئەم شەكرە شارە بە زمان و بە قەڵەم ناكرێت، بۆیە لەگەڵ  زێوەری شاعیردا دەڵێم: 
«زینەتێكی هەیە سلێمانی
 وەسفی ناكات زوبان بە ئاسانی»

بابەتە پەیوەندیدارەکان