مباپێ ریاڵ مەدریدی تووڕە كردووە

12:15 - 2022-05-23
وەرزش
461 جار خوێندراوەتەوە

یانەی پاریس سان جێرمان بەرەسمی نوێكردنەوەی بۆندی كلیان مباپێی یاریزانی یانەكەیانی راگەیاند، ئەم راگەیاندنەی یانە پاریسییەكە پێش دەستپێكردنی دوا یاری ئەم یانەیە بوو لە خولی فەرەنسادا و یارییەكەشیان لە یاریگای خۆیاندا كردو 5-0 لە یانەی میتز-یان بردەوە.
بەر لە دەستپێكردنی یارییەكە، مباپێ بە یاوەری ناسر خلیفی لەناو یاریگا و لە نێو هاندەرانی یانەكەدا ئەم هەواڵەیان راگەیاند، ئەم راگەیاندنەش یانەی ریاڵ مەدریدی توڕە كردووە و یانە ئیسپانییەكە بەنیازە تۆڵە لە مباپێ و یانەی پاریس سان جێرمانیش بكاتەوە.
دوێنێ لەسەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندنی دنیادا ئەو هەواڵە بڵاوبووەوە كە مباپێ بۆندەكەی لەگەڵ یانەكەی نوێ كردۆتەوە، بەپێی بۆندە نوێیەكە ئەم یاریزانە تاساڵی 2025 لەم یانە فەرەنسییە بەردەوام دەبێت.
ئەم نوێكردنەوەی بۆندە لە نێوان مباپێی و پی ئێس جیدا لە كاتێكدا بوو كە سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندنی ئیسپانیا و فەرەنسا باسی ئەوەیان دەكرد كە ئەم یاریزانە بۆندەكەی لەگەڵ یانەكەی نوێ ناكاتەوە، وەرزی نوێ دەچێتە یانەی ریاڵ مەدرید، نەك هەرئەوە بەڵكو باسی ئەوەشیان دەكرد كە مباپێ و ریاڵ لەسەر هەموو شتێك رێككەوتوون و هیچ نەماوە تەنیا ئەوە نەبێت پاش تەواو بوونی هەردوو خولی فەرەنسا و ئیسپانیا بۆندەكەی مباپێ لەگەڵ ریاڵ رابگەیەنرێت.
بەڵام دواجار خەونەكەی یانەی ریاڵ مەدرید نەهاتە دی و مباپێ یاریگای باخچەی شاهانەی هەڵبژارد و یاریگای سانتیاگۆ بیرنابیۆی رەتكردەوە.
رادیۆی كادینا كۆپێی ئیسپانی بڵاویكردەوە كە ئەم نوێكردنەوەی بۆندە یانەی ریاڵ مەدریدی توڕە كردووە، چونكە هیچ كات ئەوان چاوەڕوانی ئەم كۆتاییەی سیناریۆی رۆیشتن یان مانەوەی مباپێیان لە پاریس سان جێرمان نەدەكرد، ئەوەتا بڕیاری كۆتایی یانەی ریاڵ مەدرید ئەوەیە كە مباپێی لەداهاتوودا هەرگیز ناتوانێت درێسی یانەی ریاڵ مەدرید لەبەر بكات.
لە كاردانەوەیەكی تریشدا، هەرئەو رادیۆ ئیسپانییە ئەوەشی بڵاو كردۆتەوە كە رابیتەی لالیگا بەنیازە لە نزیكترین دەرفەتدا سكڵایەك دژی یانەی پاریس سانجێرمان تۆمار بكات، ئەوەیش لەسەر ئەوەی ئەم یانە پاریسییە سەرپێچیی لە بنەماكانی خاوێنیی یاسای گەمەی دارایی كڕین فرۆشتنی یاریزاناندا كردووە، ئەگەر ئەم سەرپێچییەش بسەلمێت ئەوا سزای یانە پاریسییەكە دەدرێت، بەڵام بۆ ئەمساڵ سزاكەی جێبەجێ ناكرێت و دەكەوێتە ساڵی ئایندە.
دواهەواڵەكان لەو رووەوە ئەوەیە كە مباپێ بە بۆندێك قایل بووە كە خۆی لە مووچەی 100 ملیۆن یۆرۆی ساڵانەدا دەبینێتەوە و بۆ ماوەی سێ ساڵە و تا ساڵی 2025 لەو یانە پاریسییە دەمێنێتەوە، جگە لەوەش مباپێ بۆ دیارییكردن و دەستنیشانكردنی راهێنەری یانەكە و بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەكە و كڕینی یاریزان رایەكانی بەهەند وەردەگیرێن و دەبێت پرسی پێبکرێت و گوێی لێبگیرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان