شۆڕشی داتا و بە ئەلیکترۆنیکردنی حوکمڕانی لە هەرێم

10:08 - 2023-11-19
ڕاپۆرت
429 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێک لە یەكەمین كۆنفرانسی مید بۆ گەشەپێدانی هەرێمی

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد


وەك بەشێك لە زنجیرە چالاكییەكانی تایبەت بە ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی، یەكەمین كۆنفرانسی مید بۆ گەشەپێدانی هەرێمی بەڕێوەچوو، خۆی لە گفتوگۆكردن لەسەر رۆڵی زانستی داتا لە بڕیاردانی ستراتیژی و بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا زیرەكەكان بۆ پەرەپێدانی گەشەی ئابووری بەردەوام و باشتركردنی كوالێتی ژیان دەبینێتەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە یەکەمین کۆنفڕانسی رێکخراوی مید، سێ پڕۆژەی شۆڕشی داتا، سمارت سولی و سازدانی کۆڕبەندی گەنجانەی تەکنەلۆژیا بۆ داهێنان و کارسازی راگەیاند.

پڕۆژەکانی شۆڕشی داتا سمارت سولی و سازدانی کۆڕبەندی گەنجانەی تەکنەلۆژیا بۆ داهێنان و کارسازی راگەیەندرا

ئامانجە سەرەكییەكانی کۆنفڕانسی رێکخراوی مید
ئامانجە سەرەكییەكانی كۆنفرانسەكە بریتین لە، داڕشتنی چەند ستراتیژێك بە ئامانجی بەردەستكردنی داتا، هاندانی كەلتورێك گرنگی بە بەكارهێنانی داتا بدات، هەروەها بەكارهێنانی چارەسەری زیرەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی گەشەپێدانی هەرێمی، ئەمە جگە لەوەی كۆنفرانسی مید وەك سەكۆیەك بۆ پیشاندانی پڕۆژە جیاوازەكان كار دەكات و جەخت لە رۆڵی سەرەكی بەڕێوەبردن و بەكارهێنانی كارامەیی داتا لە بوارەكانی پلاندانان، بڕیاردان و داڕشتنی سیاسەت دەكاتەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، کوردستان نابێتە خاوەن ئابوورییەکی سەقامگیر و گەشەسەندو و شارە گەورەکانیش بەشێوەیەکی راستەقینە گەشە ناکەن، ئەگەر مۆدێلێک لە حوکمڕانی و گەشەپێدانی ناوچەیی جێبەجێ نەکەین کە تێیدا سامان و توانا مرۆیی و سروشتییەکانی شارۆچکە و ناحیە و گوندەکانیش نەخرێنە خزمەت پڕۆسەی گەشەپێدانەوە.

شۆڕشی داتا
گەشەپێدانی ناوچەیی بەبێ بوونی پلانی زانستی روو نادات و پلانی زانستیش بەبوونی داتای ورد و زانستی واتای نییە، لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران پڕۆژەی شۆڕشی داتای راگەیاند و پشتگیری تەواوی خۆی بۆ رێکخراوی مید دەربڕی گرنگی بە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی داتای ورد و زانستی دەدات بە ئامانجی پێشخستنی پڕۆسەی گەشەپێدانی ناوچەیی.
دەستپێشخەری شۆڕشی داتا هەوڵدەدات توانای زانستی بخاتەڕوو، بۆ پاڵنانی گۆڕانی كۆمەڵایەتی و گەشەی ئابووری بەردەوام، كە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستانی عیراق دەستپێدەكات، ئەمەش دروستكردنی مۆدێلێكە بتوانرێت بۆ شار و پارێزگاكانی دیكە لە سەرانسەری وڵات دووبارە بكرێتەوە.
بۆ سەرخستنی شۆڕشی داتا جێگری سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە، لەسەر گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان حکومەت و کەرتی تایبەت و زانکۆکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیدا. وتیشی، ئەو داتایانەی کۆدەکرێنەوە دەبێت بۆ هەموو کەسێک بەردەست بێت و نابێت قۆرخ بکرێن.
پڕۆژەی سمارت سولی
دووەمین پڕۆژە کە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، پڕۆژەی سمارت سولی یان سلێمانی زیرەک بوو، ئامانجی پڕۆژەکەش بەشداریپێکردنی هاووڵاتییانە لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا.
لەوبارەیەوە وتی، نابێت بەشداریپێکردنی هاووڵاتیان کورت بکرێتەوە بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵکو هاووڵاتیان دەبێت لەڕێگەی میکانیزمێکەوە بەشداربن لە چارەسەرکردنی کێشەکان و گەشەپێدانی کۆمەڵگەشدا کە پڕۆژەی سمارت سولی ئەو دەرفەتە بۆ هاووڵاتیان و هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت دەڕەخسێنێت.
پڕۆژەی سمارت سولی پردی پەیوەندی حکومەت و کەرتی تایبەتە لەگەڵ زانکۆکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان و هاووڵاتیاندا، بە تایبەتیش رۆڵی ناوەندە ئەکادیمییەکان و زانکۆکان لە چارەسەرکردنی کێشەکان و گەشەپێداندا بە‌هێزتر دەکات.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران وتی، پلاتفۆرمی سمارت سولی و کۆڕبەندی گەشەپێدان و کارسازیی گەنجانمان بەیەکەوە تەواوکەری پڕۆژەکانی خزمەت و چاکسازین لە حوکمڕانی کوردستان.

کۆڕبەندێکی گەنجانەی تەکنەلۆژیا
سێیەمین پڕۆژە کە قوباد تاڵەبانی لە یەکەمین کۆنفڕانسی رێکخراوی مید رایگەیاند، سازدانی کۆڕبەندێکی گەنجانەی تەکنەلۆژیا بۆ داهێنان و کارسازی بوو کە لە ساڵی 2024وە هەموو ساڵێک لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
مەبەست لە کۆڕبەندێکی گەنجانەی تەکنەلۆژیا بۆ داهێنان و کارسازی، دۆزینەوەی چارەسەری زیرەکە بۆ کێشەکانی بەردەم حوکمڕانی.
هەموو ئەوانە لە کاتێکدایە پێشتر یەکەم هەنگاوی شۆڕشی داتا بەپڕۆژەی بایۆمەتری دەستیپێکرد و وایکرد بۆ یەکەمین جار حکومەتی هەرێم ببێتە خاوەن داتایەکی ورد و دروست.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، هەر بە تۆماری بایۆمەترییەوە نەوەستاوین، پڕۆگرامی خزمەت و ژمارەی کەسی بێهاوتا و چەندین هەنگاوی دیکەش نراون، هەموو ئەمانە بە ئاڕاستەی شۆڕشی داتا و بە ئەلیکترۆنیکردنی حوکمڕانییە لە کوردستاندا.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان