21ی 11 بۆ یادی هەموو شەهیدەكان

هەموو رۆژێكیش بۆ یادی شەهیدێك

10:31 - 2023-11-20
ڕاپۆرت
161 جار خوێندراوەتەوە

 ئاوات کۆکەیی
لە ساڵی 2013ەوە، رۆژی 21/11ی هەموو ساڵێك، رۆژی رەسمی شەهیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، لەو رۆژەدا یادێكی گشتی هەموو شەهیدەكان دەكرێتەوە نەك تەنیا پۆلێك و چەند شەهیدێك، یاد و رۆژەكە هی شەهیدی لە سێدارە دراوە، شەهیدی سەنگەرە، هەڤاڵی گوللـەبارانكراو و لە ژێر ئەشكەنجەدا شەهیدكراوە، شەهیدی بێ گۆڕ و شوێنبزركراوە.
دیاركردنی ئەو رۆژە بۆ یادەكە، لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاری لێدرا و دوای ئەوەش، ئەنجومەنی ناوەند لە كۆبوونەوەیەكیدا، بڕیارەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پەسند كرد. 
ئیدی لەو كاتەوە و لەو رۆژەدا، 21ی 11 یادی هەموو شەهیدێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بە كۆمەڵ یادیان دەكرێتەوە و بە گوڵێك و بە فرمێسكێك و تەنانەت بە دێڕو وشەو رستەیەك، یادێكی وەفادارانەی سەرجەمیان دەكرێتەوە.
ئەگەرچی و پێش هەردوو كۆبوونەوەكەش، ساڵانە و مانگانە و رۆژانە لە دەزگا و میدیا جۆراوجۆرەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە یادی شەهیدان كراوەتەوە، بگرە یەكێتی و شۆڕشی نوێ هەر لەسەرەتای دامەزراندن و سەرهەڵدانیانەوە گرنگییان بە ساڵڕۆژی شەهیدان داوە، سەرەتا بە پۆستەر و سازكردنی مەراسیم و رێوڕەسم، وتار و لێكۆڵینەوە و كتێب و نامیلكە، تەرخانكردنی بڵاوكراوەی تایبەت، دواتریش لاپەڕەی رۆژنامە و گۆڤارەكان و پڕۆگرامی تەلەفزیۆنی و زۆر بواری دیكەش.

بۆچی 21/11؟

 ئەوەی دیاریكراوە بۆ رۆژی شەهیدی یەكێتی، رۆژی لە سێدارەدانی خاڵە شیهاب و هاوڕێكانییەتی، (خاڵە شیهاب و جەعفەر عەبدولواحید و ئەنوەر زۆراب) واتا رۆژی یەكەم پۆلە تێكۆشەری لە سێدارەدراوی یەكێتی و شۆڕشی نوێیە بە دەستی رژێمی بەعس.
ئەگەرچی خاڵە و هاوڕێكانی سەردەقشكێنی سێدارە بوون و بە شەهیدبوونیان ئاگری شۆڕشی كوردایەتیان كردە كڵپە و بڵێسەیەكی بەتین بۆ گیانی داگیركەر، ئەگەرچی ئەوان سێ رۆڵەی كوردستانی و خەڵكی سلێمانی و هەولێر و كەركوك بوون و لە رابەران و سەركردەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بوون، خۆڕاگریی و نەبەزینیان لەبەردەم جەللاد و پەتی سێدارەدا و داهێنانی درووشمی (كەم ژیان و كەڵ ژیان) لەو سەروەختەدا، سەروەریی و شانازییەكی گەورەی نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردە، بەڵام بە دیوێكی دیكەدا و لە كاروانی شەهیدبەخشینی یەكێتیدا، قارەمانێتی و خۆڕاگریی و مەرگبەزێنیی رۆڵەكانی یەكێتی و شۆڕشی نوێ هێندە زۆرن و هێندە پڕە لە چیرۆكی شەهیدبوونی سەرنجڕاكێش و شەرەفمەندانە، مرۆڤ دەستەوستان دەبێت لە هەڵبژاردن و ناوزەدكردنی مێژووی شەهیدبوونی هەر یەكێكیان بە رۆژی شەهیدی حزبەكە.
ژمارەی شەهیدەكان هێندە زۆرن، قارەكانێتی و خۆڕاگرییان لە سەنگەرەكاندا، لە زیندانەكاندا، لە چركەساتی گوللـەبارانكردنەكاندا، ئەوەندە كاریگەر و چاونەترسانە بووە، هەر یەكێكیان بگریت شایستەی ناوزەدكردنیەتی بە رۆژی شەهید، یان بە رۆژی خۆڕاگریی، یان بە رۆژی نەبەزین و هەر بۆنەیەكی شایستە بە ئازایەتی و بە كاریگەرییەكەیان لەسەر رەوتی تێكۆشاندا.

عەلی عەسكەری و هاوڕێكانی
ریزكردنی مێژووی شەهیدبوونی جوامێرەكانی یەكێتی و شۆڕشی نوێ، كاتێكی زۆر و رووبەرێكی زۆرتری دەوێت، باسكردنیان هەروا ئاسان نییە، باسكردن لە خۆیان وەك تێكۆشەرێكی كاریگەر و دیاربوونی جێپەنجەیان لەسەر گەشەكردنی شۆڕشی نوێ و تەنانەت زیاتر دەركەوتنی ئەو كاریگەرییە بە شەهیدبوونیان لەسەر شۆڕشەكە و یەكێتیش، وادەكات هەموو رۆژێك هەر رۆژی شەهید بێت و یاد و یادەوەرییەكانیان یەكسان و وەك یەكبن لە لامان.
شەهیدی سەركردە عەلی عەسكەری و هاوڕێكانی، (عەلی عەسكەری و دكتۆر خالید سەعید و شێخ حسێن بابەشێخ ئێزدی) ئەو پۆلە تێكۆشەرانەبوون كە شۆڕش بە بوونی ئەوان لە ریزەكانیدا، فراوانی و بەهێزبوونێكی چۆنایەتی و چەندایەتی بەخۆوە بینی، بە شەهیدبوونیشیان هێندەی تر رۆحی شۆڕشگێڕی لە جەستەی تێكۆشەراندا حەماسەتی وەرگرت و شۆڕشەكەیان بە میراتی شۆڕشگێڕانەی ئەو شەهیدانە دەزانی و وەك رێبازی پیرۆز لێیان دەڕوانی.
یاخود هەزاران شەهیدی دیكەی قارەمانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە و زیندانەكان، سەدان كادر و فەرماندە، دەیان سەركردە، خوێنی خۆیان كردە سووتەمەنیی بەردەوامیی مەشخەڵی شۆڕش و دواجار رێبازی ئەوان بوو بە  قوتابخانەی بەرەنگاری و گیانبازیی نەتەوەی كورد و مایەی سەرفرازیی نیشتمان.
بۆ ئاسوودەیی گیانی پیرۆزی ئەو شەهیدانە و زیندوومانەوەی ناو و یادگارییەكانیان لە یادگە و بیروئەندێشمەی هەڤاڵانیاندا، بە رێز و شكۆوە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەزگاكانی شۆڕشەوە بە چەندین شێوە و شێوازی جیاواز یادیان كراوەتەوە، پێ بەپێش لە دوای گەشەكردنی یەكێتی و شۆڕش و دەزگاكانیەوە، یادكردنەوەكان گەشە و فراوانبوونیان بەخۆیانەوە بینیوە، بە پێی زۆریی ژمارەی شەهیدەكانیشی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە یادێكی بە یادێكی دیكە كۆتایی پێهێناوە و وەفادارانە لە ئاست بیرەوەریی شەهیداندا، چەپكە گوڵی لەسەر مەزاری پێرۆز و لەبەر دەم وێنەی بەجێماویان داناوە.
لەوساوە تا گەیشتۆتە ئەمڕۆ، یەكێتیی بەپێی پێشكەوتنی قۆناغەكان گرنگی زیاتری بە یادی شەهیدان و خزمەتكردنی كەسوكاریان داوە، دیاریكردنی رۆژێكیش بۆ یادی (شەهیدی یەكێتی)، هەر لە چوارچێوەی ئەو گرنگی پێدانەیە.
كەواتە، رۆژی 21/11ی هەموو ساڵێك، یادی بەكۆمەڵی قارەمانانی یەكێتی و رۆژی گشت شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، هەموو رۆژێكیش و لە هەر كاتێكیشدا، یادێك و بۆنەیەك بۆ شەهیدێك و بۆ پۆلێك شەهید.

پێویستە بوترێت
گرنگیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە شەهیدەكانی، تەنیا خۆی لە یادكردنەوە و مەراسیم و نووسین و باسكردن لە بارەیانەوە نەبووە و نییە، بەڵكو لە زیندو هێشتنەوەی رێباز و درێژەدانی بیروباوەڕەكەشیانەوە بووە، لە خزمەتكردنی كەسوكار و رۆڵەكانیشیانەوە بووە، لەو رووەشەوە یەكێتی هەر لە قۆناغی شۆڕشدا و بەپێی توانا هاوكاری مادیی كەسوكاری شەهیدانی كردووە، لە دوای راپەڕینیش یەكەم حزب كە دەزگایەكی تایبەتی بۆ شەهیدان دامەزراند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، هەر لە سەرەتای 1991ەوە كەوتە سەرژمێریی شەهیدەكانی و هەموویانی لە چوارچێوەی كۆمیتەی (شەهیدان) كۆكردەوە و لەو دۆخەی گرانیی ئەوسادا، دەستی هاوكاریی بۆ وارسی شەهیدان درێژكرد كە خۆی لە دابینكردنی خۆراك و موچەی مانگانەدا دەبینیوە.
زۆریی ژمارەی شەهیدەكانی یەكێتی و شۆڕشی نوێ، لەبەرامبەردا خەمخۆری و بەهاناوەچوونی یەكێتی بۆ مێژووی شەهیدەكانی و بۆ كەسوكار و وارسەكانیان، ناوێكی شانازیبەخشی بە باڵای یەكێتیدا بڕیوە كە ئەویش ناسناوی( حزبی شەهیدان)ە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان