گروپەکانی شاخەوانی، مەلەوانی و ئەسپسواریی روو لە زیاد بوونن

10:24 - 2023-11-21
وەرزش
218 جار خوێندراوەتەوە

جێگر خدر


زۆرینەیان گەنجن، بەڵام بەتەمەن و کەم تەمەنیشی تێدەکەوێت، خەڵکانێکی زۆر رووەو گەڕانەوە بۆ سروشت هەنگاو دەنێن، بە چیاکانی کوردستان هەڵدەزنێن، لەنێو پانتایی دەشتەکاندا ئەسپەکانی خۆیان تاو دەدەن و هاوڕێ لەگەڵ زیندەوەرە ئاوییەکان لەنێو چۆم و رووبارەکاندا مەلە دەکەن.

لە هەموو شارێکەوە بۆ هەموو شاخێک
هیچ کامێک لە شاخەوانی و مەلەوانی و ئەسپسواری تازە نین و هی چاخە سەرەتاییەکانن، بەڵام وەک وەرزش بەم دواییە سەریان هەڵداوە، لە هەرێمی کوردستانیش ئەم ساڵانەی دوایی زۆرتر وەک وەرزش خەڵکی سەریان تێکردووە و بە عیشقەوە پۆل پۆل لە گەنجان، بێ جیاوازی رەگەز و بیر، هەم جەستەیان ئاسودە دەکەن هەم دڵیشیان خۆش دەکەن.
سنوورێک بۆ شاخەوانان نییە، ئەوەتا پەیڕەو لە شاری هەولێرەوە هاتووە و بە چیای سەرکەشی کێوەڕەشی رانیەدا هەڵدەزنێ، ئەو دەڵێت: چیاکان ماڵی هەموانن، کەس ناڵێ ئەم زەوییە موڵکی منە و تەی مەکە، دەچمە پیرەمەگروون، ئەزمەڕ، بەرانان، هەڵگورد، بۆ ئاسۆس، بۆ سەفین و بۆ مامەندە هەمووی ماڵی منە.
پەیڕەو مەحمود، 32 ساڵ تەمەنیەتی، 10 ساڵە خولیای شاخاوەنییەکەی هێناوەتە دی، سەرەتا هەر خۆی بوو لەگەڵ هاوڕێیەکی، بەڵام دواتر تێکەڵ بە گروپەکانی شاخەوانی نێو شاری هەولێر و چۆمان و حاجی هۆمەران بوو، ئێستا هەموو پێنجشەممە و هەینییەک بە گروپ بێت یاخود چەند کەسیی هەر هەفتەیەک ناوچەیەک هەڵدەبژێرن، لە کۆتا پشوودا هاتوون بۆ چیای کێوەڕەشی رانیە، هەفتەی پێشوو لە ئەزمەڕ و پێشووتریش لە رواندز بوون، باس لەوە دەکات گروپی ئەوان لە هەولێری و سلێمانی و رانیەیی و چۆمانی و سۆرانیش پێک هاتوون، هەموویان ئامانجیان چێژ وەرگرتنە لە سروشتی جوانی کوردستان.
زەماوەندی نێو بەفر
سۆما کچێکی هونەرمەندی دانیشتوی شاری کۆیە بوو، خولیای شاخەوانی هەبوو، هاوڕێ لەگەڵ کلارنێتەکەی گەشتی چیاکانی کوردستانی دەکرد، لەرێگەی ئەو گەشتانەوە، سالاری دانیشتووی شاری چۆمان دەناسێت، پێکەوە ئەوین دەگۆڕنەوە و عاشقی یەکدی دەبن، دواجار ژیانی هاوسەرداریەتی پێکدەهێنن، پێکەوە بڕیار دەدەن زەماوەندی دەستپێکی پێکەوە بوونیان هەر لەچیای زاگرۆس لەنێو بەفردا بکەن، ئەو کەسانەشی داوەتی دەکەن هەر ئەو هاوڕێ شاخەوانانەیان بێت کە لەگەڵیانن، بەبەرگی تایبەتی شاخەوانییەکەیان و بە گۆڕینەوەی ئەڵقەکانیان ئاهەنگ دەگێڕن و ژیانێکی رۆچوو لەنێو سرووشت و دوور لە جەنجاڵی پێک دەهێنن.

کچانیش ئەسپی خۆیان تاو دەدەن 
جیا لە شاخەوانان، ئەسپسوارایش روو لە زیاد بوونە، گروپەکانی ئەسپسواری بە ئەسپی رەسەنی کوردی و عەرەبی و تورکی، لەنێو شار و ناوچەکانی کوردستاندا پەرەی زیاتری سەندووە، لە ساڵانی رابردوودا لە شارێکی وەک رانیە تەنها ئەسپسوارێکیش نەبوو، بەڵام ئێستا دەیان سوارچاک هەیە، دەیان گرووپ هەن و بە دەیانی دیکەش بۆخۆیان ئەسپیان راگرتووە، گروپی ئەسپسواری راپەڕین گروپێکی نوێیە و بە دەیان کچ و ژن ئەندامن تێیدا، کێڵگەی تایبەت بەخۆیان هەیە و مەشق و راهێنانی تێدا دەکەن و فێرخوازی نوێش رادەهێندرێن، لاڤە محەمەد حەز و خولیایەکی زۆری بۆ ئەو بوارە هەبوو، بەڵام ماوەیەکە لەگەڵ گروپی راپەڕین راهێنان دەکات و ئێستا لاڤە ئەسپەکان زین دەکات و سوارچاکانە غاریان پێدەکات، دەشڵێت، دەمێک بوو چاوەڕێی ئەو هەوڵە بووم، خۆشبەختانە ئێستا کراوەتەوە و خەڵکانێکی دیکەش پەیوەندییان پێوەکردووین.

هەمووان پێکەوە لەنێو سرووشت
لەلایەکی دیکەوە، جگە لە مەلەوانگە تایبەتییەکانی نێو شار و شارۆچکەکان، گروپی مەلەوانیی نێو دەریاچە و چۆم و رووبارەکان زیادیان کردووە، بەشێک لەو گروپانە یەکیان گرتووە و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن یان چالاکی رۆژانە ئەنجام دەدەن، گروپێک لە دانیشتوانی شاری کەلار، بەیانیان لەگەڵ خۆرهەڵاتن سەردانی رووباری سیروان دەکەن و بۆ ماوەی سەعاتێک مەلە دەکەن و پاشان دەچنە سەرکار و ئەرکەکانیان، لە رانیەش گروپەکانی مەلەوانی و بەلەمەوان چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن.
لەکاتێکدا، هەر یەکێک لەو گروپانە بە جیا چالاکی ئەنجام دەدەن، بەڵام لەمیانی چەند گەشتێک، بە هاوبەشیی گروپەکانی، شاخەوانی، مەلەوانی و ئەسپسواری چالاکی مانەوەی چەند رۆژە لە دەریاچەی دوکان و نزیک دەربەندی رانیە ئەنجام دەدەن، هەموویان پێکەوە، لەشار و ناوچە جیایاکانی کوردستان و تەنانەت خەڵکانی بیانی و ئەوروپیش نمایشی سەرنجراکێش و جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن، بۆ ماوەی چەند رۆژێک دەمێننەوە و کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن.

 

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان