کیمبەرلی هاملین
لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن
دەڵێن لە پێش مێژوو، پیاوان راویان کردووە و ژنان خەریکی کۆکردنەوە بوون. ئەم رەوشە پێش هەزاران ساڵ دابەشکردنی کار بووە، بۆ نموونە روونیدەکاتەوە بۆچی ئاساییە پیاوان رابەر و ژنان گوێڕایەڵ بن، چونکە دەبێت پیاوان کاری مەترسیدار و بێباکانە بکەن و ژنان کاری بێ بایەخ و لاوەکی، بە تایبەت دەبێت پیاوان لە دەرەوە بە پارە و ژنان لە ماڵەوە بێ پارە کار بکەن.
ئەم گریمانە ئەکادیمییەی راوکردن، رۆڵی سەرەکی لە شارستانییەتی مرۆڤی سەرەتاییدا هەبووە و سەریکێشاوەتە سپۆزیۆمێک بەناوی پیاوی راوچی و لە ساڵی 1966 هەر دوو مرۆڤناس ریچارد لی و نێرووین دۆڤەر رێکیان خست. دوای دوو ساڵ کتێبێکی کاریگەرییان هەر بەو ناوەوە بڵاوکردەوە. بڵاوبوونەوەی کتێبی پیاوی راوچی زادەی زنجیرەیەک تووێژینەوەی زانستی راوچی و کاریکاتۆری پیاوی راوچی و ژنی کۆکەرەوەی لەخەیاڵماندا نەمر کرد، بەڵام ئەگەر ئەم چیرۆکە راست نەبێت؟ ئەگەر ژنیش راوچی بووبێت رێک ئەو شتەیە توێژینەوەیەکی نوێ پێیگەیشتووە و بنەمای وەک دەڵێن سروشتگەرایانەی دابەشکردنی کاری بە گشتی بردووەتە ژێر پرسیار. کاراڤاڵ شێفلێر توێژەری پسپۆڕ و هاوکارانی، لە توێژینەوەی ئەفسانەی پیاوی راوچیدا، چەندین داتایان بڵاوکردووەتەوە پیشانی دەدەن ژنان لە هەموو تەمەن و ناوچەکانی جیهان، هەمیشە ئەرکییان راوکردن بووە.
ژنان سەرقاڵی چی بوون؟
یەکەمجار نییە ئەفسانەی پیاوی راوچی تەحەدا دەکرێت و خەوشداربوونی ئاشکرا دەبێت. لە شەست و حەفتاکان، فێمێنیستەکان کاردانەوەی خێرا و هەمەلایەنەیان بۆ ئەو ئەفسانە هەبووە کە زۆربەی مرۆڤناسان ژنانیان هاندا بچنە ناو ئەم بوارەوە. خوێندکارانی ژن دەیانویست بزانن کاتێک پیاوان راویان دەکرد، ژنان سەرقاڵی چی بوون؟ ئەو ژنانە دەیانگوت راو تەنها بەشێکی گچکەی کالۆری خواردنی دابین دەکرد، لە کاتێکدا کۆکردنەوە بەڕاستی کارێک بوو کۆمەڵگای دەپاراست.
کاتێک لایەنگری پیاوانە لە توێژینەوە مرۆڤناسییەکان زاڵبووە، وتارە رەخنەییەکان لە ئایدیای پیاوی راوچی، لەجیاتی ئەوەی لەگۆڤارە متمانەپێکراوە باڵا و مرۆڤناسییەکاندا بڵاو بکرێنەوە، بە گشتی لە گۆڤارە نوێیەکانی فێمێنیستی (وەک گۆڤاری ساینز) بڵاوکراونەوە کە ئایدیای پیاوی راوچی لەڕەوتی سەرەکی مرۆڤناسی یان لە هەموو کەلتور داناماڵێت.
بە بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەی مرۆڤناسان دەربارەی بڵاوبوونەوەی راو لە ناو پیاوان و کۆکردنەوە لە ناو ژنان، ئەم ئەفسانەیە زیاتر ریشەی لە کەلتوری گشتی و بەشە ئەکادیمییەکاندا داکوتا. رەنگە لەبەرئەوەی ئەم ئەفسانەی رەگەزییە لەگەڵ چیرۆکەکانی ئایینە ئیبراهیمییەکان دەربارەی باڵادەستی مرۆڤدا یەکدەگرێتەوە، زۆر ئاسان وەک مۆدێلێکی روونکردنەوە بۆ پەیوەندییە جێندەرییە مۆدێرنەکان قبووڵ کرابێت.
پیاو راوچییە لە نیوەی سەدەی رابردوو، بووەتە ئایدیایەک بۆ بە ئاسایی پیشاندانی نایەکسانییەکان لەگەڵ روونکردنەوەیەکی بەڕواڵەت مێژوویی و تەواوکەر بۆ حەتمییەتی فەرمانڕەوایی پیاوان و توندوتیژی پیاوانە، بووە بەربەست بۆ داواکردنی گۆڕانکاری. کاتێک پەیوەندییەک لە نێوان ئێمە و باپیرانمان دروست دەبێت، رەفتارە سێکسی و رۆڵە جێندەرییەکان بە رەوا دەزانرێن، لەبەر ئەوەی بە بەشێک لە سروشتی مرۆڤ دادەندرێن. کاتێک ئەو تایبەتمەندییانە، بۆ نموونە دابەشکردنی کار لەسەر بنەمای بەجێندەر، توندوتیژی پیاوانە، ستانداردی دوو رەگەزی، وەک بەشێک لە سروشتی مرۆڤ دەناسرێت، دەرئەنجامی گشتی: ناتوانرێت بە ئاسانی ریفۆرم بکرێت یان بگۆڕرێت.
نەنکەکان باشترین راوچی بوون
بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرچاوە و رەوایەتی ئەفسانەی پیاوی راوچی، کاراڤاڵ شێفلێر و تیمەکەی راپۆرتە ئێتنۆگرافییەکانی ساڵی 1800 یان هەڵدایەوە تا لەو داتا سەرەتاییانە بکۆڵنەوە – لەجیاتی ئەوەی پێشتر یان بەو پێیە راڤە و بڵاو کرابووەوە. ئەم توێژەرانە بۆیان دەرکەوت لە %79 کۆمەڵگا راوچییەکان – کۆکەرەوە، لە راستیدا ژنان راویان دەکرد و لە هەندێک حاڵەتدا نەنکەکان باشترین راوچی بوون.
تووێژینەوەی جیناتی (DNA)یش پیشانیدا هەندێک لە جەستەکان بەچەکەکانیانەوە نێژراون و پێشتر گومان دەکرا پیاو بن، کەچی ژن بوون. بە پێی چەندین دۆزینەوە، کاراڤاڵ شێفلێر و هاوکارەکانی داوای هەڵسەنگاندنەوەی بەڵگە شوێنەوارییەکان، بیرکردنەوە لەبەڵگەی ئێتنۆگرافی، دوانەی راوکردن / کۆکردنەوە و گێڕانەوەی گشتی پیاوی راوچییان خستۆتە ژێر پرسیار.
دەکرێت ئاکامەکانی توێژینەوەی کاراڤاڵ شێفلێر هەندێک لە گریمانە باوەکانی جیاوازی سروشتی نێوان پیاو و ژن کاڵ بکاتەوە. وەک ئەو ئایدیایەی ژنان بە شێوەیەکی خودی دایکانەن و کار و کاتی پیاوان لە کار و کاتی ژنان بە بەیاخترە، چونکە لە دەرەوەی ماڵە و حەقدەست وەردەگرێت و دەبێت ژنان زیاتر کارەکانی ماڵەوە بکەن، چونکە خوا بۆ ئەم کارەی دروستکردوون.
هەر ئەو ئایدۆلۆژیایانەن نایەکسانی جیهانی حەقدەستی پیاو و ژن و سیاسەتی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی بەهێز دەکەن، بە پێی گریمانەیەکی مێژوویی پیاوان داهاتی خێزان دابین دەکەن و ژنان پارەی گیرفانیان دەستدەکەوێت. ئەو سیاسەتانە بیمە بۆ پیاوانی نان پەیداکەر دابین دەکات، بەڵام بۆ ژنانی بێکار لانیکەم داواکاری خۆشگوزەرانی بەو ئومێدەی خێرا شوو بکەن تا مەسرەفییان بکێشن.
ئەفسانە دوانەییەکانی پیاوی راوچی / ژنی کۆکەرەوە هەر وا بە شێوەیەکی راشکاو و ناوەکی بۆ پشتگیریکردن لە جۆرەکانی سیاسەتی کۆمەڵایەتی و رێسای کەلتوری بەکاردەهێنرێن کە گوشاری کارگە دەخاتە سەر ژنان، بە تایبەت لە هاوسەرە جیا رەگەزەکاندا.
توێژینەوە دووبارەکان پیشانیدەدەن ژنانی کارکەری ئەمریکا، هەتا ئەوانەی مێردەکانیان یەکسانی خوازن، تا لە %80 زیاتر لە مێردەکانیان کاری ماڵەوە دەکەن، توێژینەوەکان لە ئەوروپاش پیشانی دەدات ژنان زیاتر کاری کارگەکان دەکەن.
ئەم ئایدیایە پێیوایە
ئاکامی پێشنیازکراوی تاڵی بڕیاری دیوانی باڵای ئەمریکا، هەڵوەشاندنەوەی مافی لەباربردنی یاسایی ژنانە و ئەم ئایدیایە پێیوایە گرینگترین ئەرکی رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگادا، دایکایەتییە.
خوێنەرانی داروین لە شانشینی ئاژەڵانەوە لەخزمەکانمانیان دەڕوانی، لە کاتێکدا پەرەسەندنخوازانی پیاو بە گشتی لەسەر جۆرەکانی کەڵەکێوی شەڕکەر و تاوسە نێرە ورشەدارەکان چڕببوونەوە، پەرەسەندنخوازانی ژن لە ماسییە نێرەکانیان دەڕوانی کە ئاگایان لە منداڵەکانیان دەبێت و شێرە مێیەکان بەتوندوتیژییەوە بەرگری لەخۆیان دەکەن. پەرەسەندنخوازانی ژنی پێشەنگی وەک ئەنتۆنییەت براون بلاکوێڵ، یەکەم ژن بوو کتێبێکی لەوەڵامی پەرەسەندنی داروین نووسی و ئەلیزا بێرت گامبڵ، ئاماژە بەلایەنێکی فراوان لە شێوەکانی رەگەزی و بەرهەمهێنانی هاوشێوەی لە ناو ئاژەڵەکان کرد، کە پیشانی دەدات پیاوسالاری و ستانداردەکانی رەگەزی دوانەیی کارێکی سروشتی نییە. پەرەسەندنخوازان و مرۆڤناسانی سەدەی بیستەم بە کارکردن لەسەر هەمان ئایدیای بەرایی، زنجیرەیەک توێژینەوەی شیکاریی متمانەپێکراو بۆ رەفتاری ئاژەڵان و مانای بۆ ژنان و پیاوانی نوێ دەکەن.
کۆمەڵگای زانستی پێکهاتوو لە بەڕێوەبەر و دادوەر و سەرنووسەر و رێکخەر و سپۆنسەر کە بە گشتی پیاون، زۆرجار خزمەتی پیاوسالاری کردووە، بەڵام لە ئێستادا، توێژینەوە زانستییەکان بەڵگەی پتەویان خستۆتەڕوو کە سروشتی گریمانەیی باشتری پیاوانی دەبردە ژێر پرسیار.
نە خوا ژنی لە پەراسووی پیاو دروستکردووە یاری بێت و نە پیاوانی پێش مێژوو راوچی بوون و ژنانیان کۆکەرەوە و بەخێوکەری منداڵ. ئەم ئەفسانەیە چەندین نەوە لە ئایدیای تایبەتمەندییە سروشتییەکانی پیاوان و ژنان و توانای هەر دوو رەگەزییان بەهێز کردووە. بێ متمانەیی گریمانەی پیاوی راوچی لە روانگەی زانستییەوە، دەرفەتێک دەدات ئەو ئەفسانانەی نایەکسانی دەپارێزن ببەینە ژێر پرسیار و بەدۆزینەوەی وردتر جێیان بگرینەوە کە کەرامەتی مرۆڤایەتیمان دووپات دەکاتەوە.
nebesht.com