هاینریش بول
له عه‌ره‌بییه‌وه: یاسین ئه‌حمه‌د خدر
هه‌ست به شه‌رمه‌زاییه‌كی زۆر ده‌كه‌م، كاتێك كه‌سێك له‌باره‌ی پیشه‌كه‌مه‌وه پرسیارم لێده‌كات، روخسارم سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێت، زمانم تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ ده‌كات، ناتوانم وه‌ڵام بده‌مه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه هه‌موان وه‌ك كه‌سێك سه‌یرم ده‌كه‌ن كه تا ئه‌وپه‌ڕی متمانه‌م به خۆم هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه ئیره‌یی به‌و خه‌ڵكانه ده‌به‌م كه ده‌توانن به‌م شێوه‌یه وه‌ڵام بده‌نه‌وه: من وه‌ستای بینام، ئارایشتكه‌رم، ژمێریارم، نووسه‌رم، ئیره‌یی به ساده‌یی وه‌ڵامه‌كانیان ده‌به‌م، چونكه هه‌موو ئه‌م پیشانه خۆیان راڤه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن و پێویستیان به روونكردنه‌وه‌ی زۆر نییه، به‌ڵام من، به پێچه‌وانه‌وه، ناچارم وه‌ڵامی پرسیاری له‌م جۆره به‌م شێوه‌یه بده‌مه‌وه: من ده‌م به‌پێكه‌نینم، دانپێدانانێكی له‌م جۆره پێویستی به روونكردنه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه، چونكه پرسیاری داهاتوو به‌م شێوه‌یه لێم ده‌كرێت: (ئایا به‌م كاره‌ت بژێوی ژیانت دابین ده‌كه‌یت؟) وه‌ڵامه‌كه‌م (به‌ڵێ)یه.
له راستیدا بژێوی ژیانم به پێكه‌نینه‌كانم دابین ده‌كه‌م، ته‌نانه‌ت ده‌توانم بڵێم كه من زۆر باش ژیان به‌سه‌رده‌به‌م، چونكه پێكه‌نینه‌كانم، له رووی بازرگانییه‌وه، له بازاڕدا خواستێكی زۆری له‌سه‌ره.
من ده‌م به‌پێكه‌نینێكی باشم، ده‌م به‌پێكه‌نینێكی به ئه‌زموونم، كه‌س ناتوانێت وه‌ك من پێبكه‌نێت، هه‌روه‌ك كه‌س نییه وه‌ك من به‌هره‌ی پێكه‌نینی هه‌بێت.
ماوه‌یه‌كی زۆر خۆم وا نیشانده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی رزگارم بێت له كۆمێنته بێزاركه‌ره‌كان، كه ئه‌كته‌رم، به‌ڵام به‌هره و تواناكانم له نواندن و قسه‌كردندا سنورداره، به‌شێوه‌یه‌ك وا ده‌رده‌كه‌وت كه ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه پێچه‌وانه‌ی راستییه، راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه من ته‌نها ده‌م به‌پێكه‌نینم، من نه گاڵته‌جاڕم و نه هونه‌رمه‌ندێكی كۆمیدیم، من خه‌ڵك دڵخۆش ناكه‌م، ته‌نها ده‌نگی پێكه‌نینه‌كانمیان پێشكه‌ش ده‌كه‌م: وه‌ك ئیمپراتۆرێكی رۆمانی پێده‌كه‌نم، یان وه‌ك خوێندكارێكی رۆمانسی له قوتابخانه‌یه‌كی ناوه‌ندیی، به ئاسانی پێده‌كه‌نم وه‌ك پێكه‌نینی خه‌ڵكی سه‌ده‌ی (17) و سه‌ده‌ی (19)، ئه‌گه‌ر پێویست بكات ده‌توانم وه‌ك خه‌ڵكی هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان پێبكه‌نم، وه‌ك هه‌موو چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و هه‌موو گروپه‌كانی ته‌مه‌ن، زۆر به ئاسانی هه‌موو ئه‌مانه فێربووم وه‌ك چۆن مرۆڤ فێری به‌ستنه‌وه‌ی پێڵاو ده‌بێت، له دڵمه‌وه هه‌موو شێوه‌كانی پێكه‌نین ده‌زانم، پێكه‌نینی ئه‌مریكی و ئه‌فریقی، پێكه‌نینی سپی پێست، سوور پێست، زه‌رد پێست، به بڕه پاره‌یه‌كی گونجاو ده‌ستده‌كه‌م به پێكه‌نین له‌وكاته‌ی ده‌رهێنه‌ر بۆم دیاریده‌كات. بوومه‌ته كه‌سێك كه ده‌بێت هه‌بم، له‌سه‌ر تۆمار و كاسێته‌كان پێده‌كه‌نم، ده‌رهێنه‌رانی شانۆگه‌رییه رادیۆییه‌كان به هه‌موو پێ‌زانین و رێزێكه‌وه مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، ده‌توانم پێبكه‌نم به تاقه‌تێكی خراپه‌وه، به تاقه‌تێكی مامناوه‌نده‌وه، به شێوه‌یه‌كی هیستریایی، پێده‌كه‌نم وه‌ك شۆفێری ترام یان وه‌ك راهێنراوێكی به‌شی دروستكردنی خۆراك، پێكه‌نینی به‌یانیان، پێكه‌نینی ئێواران، پێكه‌نینی شه‌وانه و پێكه‌نینی سه‌ره‌تای خۆرهه‌ڵاتن، به كورتی: له‌هه‌ر شوێن و هه‌ر كاتێك پێویستی به پێكه‌نین بوو، ئه‌وا من به ته‌واوی پێده‌كه‌نم.
باوه‌ڕم پێده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر بڵێم پیشه‌یه‌كی له‌م جۆره ماندووبوونی ده‌وێت، به‌تایبه‌ت كه من زۆر باشم له ئالووده‌بوون به پێكه‌نین، ئه‌مه پسپۆڕی منه، له‌به‌رئه‌وه بوومه‌ته كه‌سێك كه نابێت نه‌بم، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌كته‌ره كۆمیدییه‌كانی پله سێ و چوار، ئه‌وانه‌ی كه ده‌له‌رزن، بیانووشیان هه‌یه، ده‌ترسن له نوكته و گاڵته‌ی ناكۆمیدی، بۆیه زۆر شه‌و وه‌ك چه‌پڵه‌لێده‌رێكی كرێگرته له هۆڵی موزیك داده‌نیشم، به مه‌به‌ستی بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌تای پێكه‌نین له‌ناو بینه‌راندا، هه‌ر كاتێك له‌سه‌ر سته‌یجه‌كه خاڵه لاوازه‌كانی به‌رنامه‌كه سه‌ریان هه‌ڵده‌دا.
پێویسته هه‌موو شتێك به وردی رووبدات، پێكه‌نینه قووڵه زوڵاڵه‌كه‌م ده‌بێت نه زوو بێت نه دره‌نگ به‌ڵكو به ته‌واویی له‌كاتی گونجاو‌دا بێت، له‌ساتی پلان بۆ داڕێژراودا ده‌ستده‌كه‌م به پێكه‌نین، له‌گه‌ڵ پێكه‌نینه‌كه‌ی مندا هاوار و قیژه‌ی ئاماده‌بووان به‌رزده‌بێته‌وه، گاڵته‌جاڕییه‌كه سه‌ركه‌وتووده‌بێت، ده‌ستبه‌جێ به ماندووییه‌وه راده‌كه‌م بۆ ژووری جلگۆڕین، پاڵتۆكه‌م فڕێده‌ده‌م و دواجار هه‌ناسه‌یه‌كی ئارام هه‌ڵده‌مژم، چونكه كاره‌كه‌م ته‌واو كردووه، كاتێك ده‌گه‌مه‌وه ماڵه‌وه زۆرجار ده‌بینم كه نامه و ته‌له‌گرامه‌كان چاوه‌ڕێم ده‌كه‌ن: (پێویستمان به پێكه‌نینه، تۆماركردن رۆژی سێشه‌ممه)، چه‌ند كاتژمێرێك دواتر له شه‌مه‌نده‌فه‌رێكی گه‌رمدا دانیشتووم و گریانم دێ بۆ به‌ختی خۆم.
هه‌ركه‌س ده‌توانێت هه‌ستبكات كه من دوای كاركردن و له كاتی پشووه‌كاندا زۆر مه‌یلی پێكه‌نینم نییه: جووتیار دڵخۆشه كاتێك ده‌توانێت مانگاكه له‌بیر بكات، وه‌ستای بینا شاد ده‌بێت كاتێك ده‌توانێت كه‌ره‌سته‌كانی بیناكردن له‌بیر بكات، دارتاشه‌كان زۆر كات ده‌رگای شكاو له خانووه‌كانی خۆیاندا هه‌یه، یان چه‌كمه‌جه‌یان هه‌یه كردنه‌وه‌یان زه‌حمه‌ته، فرۆشیارانی شیرینی حه‌زیان له ترشیاته، قه‌سابه‌كان حه‌زیان له خواردنی شیرینییه، نانه‌وا حه‌زی له خواردنی سجوقێكه كه له گونكی نان دروستكراوه، زۆرانبازانی گا حه‌زیان له به‌خێوكردنی كۆتره، بۆكسێنه‌ران ده‌موچاویان زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێت كاتێك خوێن له لووتی منداڵه‌كانیان دێت، هه‌موو ئه‌م نمونانه‌م بۆ ئه‌وه هێنایه‌وه كه بڵێم به هیچ شێوه‌یه‌ك له دوای كاركردن پێناكه‌نم، من مرۆڤێكم زۆر جدیم، تا ئه‌و راده‌یه‌ی به ره‌شبینم ده‌زانن، له‌وانه‌شه وابێت. له ساڵانی سه‌ره‌تای ژیانی هاوسه‌رییمدا، زۆرجار خێزانم پێی ده‌وتم: ( پیاوه‌كه كه‌مێك پێبكه‌نه)، به‌ڵام به تێپه‌ڕبوونی كات، بۆی ده‌ركه‌وتووه كه من ناتوانم ئه‌و خواسته‌ی بۆ به‌دیبێنم. هه‌ست به‌كامه‌رانی ده‌كه‌م كاتێك ده‌توانم پشوو بده‌م به ماسولكه گرژبووه‌كانی ده‌موچاوم و مێشكی ماندووم، به‌ڵێ، ته‌نانه‌ت پێكه‌نینی ئه‌وانی دیكه‌ش تووشی راڕایم ده‌كات، چونكه به‌خێرایی پیشه‌كه‌ی خۆمم بیر ده‌خاته‌وه، ئه‌مه وای لێكردووین كه بێده‌نگ بین و ژیانێكی خێزانی ئارام بژین، ناوبه‌ناو رووده‌دات كه هاوسه‌ره‌كه‌م زه‌رده‌خه‌نه ده‌كات و منیش له‌گه‌ڵیدا زه‌رده‌خه‌نه ده‌كه‌م، راهاتووین به تۆنی نزم گفتوگۆ بكه‌ین، من بێزارم له ژاوه‌ژاوی هۆڵی موزیك، بێزارم له ژاوه‌ژاوه‌ی راڕه‌وه‌كانی پێشوازی، ئه‌و كه‌سانه‌ی نامناسن وا ده‌زانن من بێده‌نگم، له‌وانه‌شه وابم، چونكه زۆرجار ناچارم ده‌م بكه‌مه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پێبكه‌نم. به‌م شێوه‌یه ژیان به‌ڕێده‌كه‌م به روویه‌كی دوور له هیچ ده‌ربڕینێك، ته‌نها ناوبه‌نا و رووده‌دات، رێ به خۆم ده‌ده‌م زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی نه‌رمونیان بكه‌م، زۆركات بیرده‌كه‌مه‌وه ئایا له ژیانمدا به ته‌واوی پێكه‌نیوم، بڕوام وایه، نه‌خێر، خوشك و براكانم دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه كه من به‌رده‌وام كوڕێكی تا ئه‌وپه‌ڕی جدی بووم، پوخته‌ی قسه: ده‌زانم به هه‌موو شێوازێك پێبكه‌نم، به‌ڵام پێكه‌نینی تایبه‌تی خۆم نازانم.
(*) هاینریش پول نووسه‌رێكی ئه‌ڵمانییه، له (1917) له كولونیا له‌دایكبووه، له (1985) له لانجنبروێش كۆچی دوایی كردووه، خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بییه له ساڵی (1972).
سه‌رچاوه:
گۆڤاری (الشارقة الثقافیة) ژماره (85)، مانگی تشرینی دووه‌می 2023.