جه‌مال نوری
قه‌ده‌ری خاوه‌ن هه‌سته‌كان هه‌میشه خۆی له نه‌هامه‌تی ئازاره‌كاندا ده‌بینێته‌وه. خودی شاعیر وه‌ك گه‌ڕیده‌یه‌ك به‌دوای هه‌لێكدا ده‌گه‌ڕێت تابتوانێت ئاسووده بێت. هیلاكییه‌كانی رۆژانه‌ی ژیان یارمه‌تده‌رنین و له جیاتی ئاسووده‌بوون باوه‌شی به شتێكی تردا كردووه كه له نه‌خشه‌ی پێش وه‌ختی ئه‌مدا نه‌بووه. ئه‌مه وێنه‌یه‌كی پێشبینی نه‌كراوبوو وه‌ك ئه‌وه‌ی خودی شاعیر بۆ شتێك هات و تووشی شتێكی جیاوازی تر بوو. به‌مه‌ش وێنه‌كه له خراپێكی واقیعیه‌وه به‌ره‌و خراپتر رۆیشت.
شاعیر زمانێكی مه‌جازییه و ره‌نگ تیایدا
له‌م ده‌قه‌ی"ته‌ڵعه‌ت تاهیر"دا (ره‌نگ )رووبه‌رێكی گه‌وره‌ی له‌ناوده‌قدا داگیركردووه وه‌ك لێره‌دا ئاماژه‌ی پێكردووه، به‌جۆرێك شاعیر له رێگای وێنای ره‌نگه‌كانه‌وه مانا و مه‌دلووله‌كانی پشتی ده‌ق وێنا ده‌كات، واته زمانی شیعریی لای شاعیر زمانێكی مه‌جازییه و ره‌نگ تیایدا جێگه‌ی خۆی گرتووه و موخاته‌به‌ی عه‌قڵی موته‌له‌قی پێده‌كات، ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه لای خوێنه‌ر به كاربردنی ره‌نگی ره‌شه له‌م تێكسته شیعرییه‌ی شاعیردا چون جودا له‌هه‌ر شاعیرێكی تر ته‌ڵعه‌ت تاهیر به زمانی خۆی و خه‌یاڵ و تێگه‌یشتنی بۆ ره‌نگی ره‌ش له شیعره‌كه‌یدا چۆن لێی ده‌ڕوانێ ئاوها وێنای كردووه. له‌لایه‌ك ره‌نگی ره‌ش هێما و واتای ره‌شپۆشی و غه‌مگینی و كاره‌سات و مه‌رگ و دابڕانه، شاعیر له‌م حاڵه‌ته جه‌بریه‌ی ره‌نگی ره‌ش ناتوانێ قوتاری بێ، به‌ڵام دوای نه‌رمكردنی ده‌ستوپه‌نجه‌ی شیعریی، به‌شێوه‌یه‌كی زۆرجودا مامه‌ڵه به‌و ره‌نگه و مرۆڤه‌كان ده‌كات و هه‌رجاره و له‌به‌رگی چیرۆكێكدا ده‌یبینێته‌وه.
ته‌ڵعه‌ت تاهیر به‌شێوازێكی جودا له نووسینی شیعر و تێگه‌یشتن له‌و چه‌مكانه‌ی له‌پێشوودا شاعیران و نووسه‌ران هه‌یانبووه بۆ شیعر، له‌به‌رگێكی رۆمانسیه‌ت و دنیایه‌كی جودا له‌سه‌ر زه‌مین شیعریان ده‌نووسی و وێنای شیعریان تێدا ده‌كرد، به‌ڵام ته‌ڵعه‌ت تاهیر، به‌ئاڕاسته‌یه‌كی پێچه‌وانه به‌پله‌ی سه‌دو هه‌شتا پله جیاوازتر له شیعر و وه‌زیفه‌ی شیعری ده‌ڕوانێ.
شیعر له‌م قۆناغه‌دا كه به‌شێكی زۆری به‌شه‌رییه‌ت به‌ده‌ست نه‌بوونی و قاتوقڕی و كۆنترۆڵكردنی بازاڕ و ژیان به هۆی بوونی شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژیاوه، پانتاییه‌كی كه‌م ده‌هێڵێته‌وه بۆ گوزارشتكردن له دنیای رۆمانسیه‌ت، كه پێشتر شاعیران وه‌ها وێنای مه‌عشوقه‌كانیان ده‌كرد رێك كتومت به‌فریشته بچێ به‌چه‌شنێك هه‌رچییه‌كی بخواردایه له‌گه‌روویدا ده‌ركه‌وێ، به‌ڵام له‌واقیعدا ئه‌م وێناكردنه مه‌گه‌ر له نێو دنیای خه‌وندا ببینێرێ ئه‌مه بۆ ته‌ڵعه‌ت تاهیری شاعیر جێگای نابێته‌وه له‌ناو ده‌قه شیعرییه‌كانیدا، به‌پێچه‌وانه‌وه شاعیر به‌زمانێكی تر‌و تایبه‌ت به‌و تێگه‌یشتنه‌ی خودی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ره‌نگ و وه‌زیفه‌ی شیعردا كردووه.
شاعیر مامه‌ڵه‌یه‌كی فكری و مه‌عریفی ده‌كات
رۆمانسیه‌ت له‌دنیابینینی ته‌ڵعه‌ت تاهیردا
شاعیر له‌م ده‌قه‌دا زۆرساده و ساكار ئاماژه به سۆز و ئه‌ندێشه‌ی خه‌یاڵی رۆمانسیانه‌ی خۆی ده‌كات له‌ته‌ك مه‌عشوقه‌كه‌یدا، سانا لێیتێبگه‌ین، به‌ڵام له‌هه‌ر دێڕه شیعرێكدا، شاعیر مامه‌ڵه‌یه‌كی فكری و مه‌عریفی ده‌كات، كاتێك به‌ر وشه‌كانی ناو دێڕه شیعره‌كه‌ی ده‌كه‌وی، له‌وه تێده‌گه‌ین شاعیر تێڕوانینێكیتری هه‌یه بۆ ره‌نگی ره‌ش، لای ئه‌میش راسته ره‌ش وه‌ك ره‌نگێكی تۆخی داخراوكه ره‌نگه‌كانی ترله‌ناوخۆیدا هه‌ڵده‌مژێ به ته‌نها وێنای خه‌فه‌ت و تاسه‌باریی نییه، به‌ڵكو له رێگای ره‌نگی ره‌شه‌وه (ته‌ڵعه‌ت ) هاتووه موخاته‌به‌ی موته‌له‌قی پێده‌كات، وه‌ك لێره‌دا و له‌م تێكسته‌دا و به‌زمانێكی رۆمانسیانه موخاته‌به‌ی مه‌عشوقه‌كه‌شی پێكردووه:
جلی ره‌شت زۆره ده‌زانم
له كراسێكت له كه‌وایه‌كت،
پارچه‌یه‌كی ره‌شم بۆ هه‌ڵگره
به‌دزی خوشك و براكانم هه‌رجاره و
پارچه‌یه‌كم ده‌برد
بیستبووم ره‌ش خه‌م هه‌ڵده‌مژێ و نایداته‌وه
به‌وهۆیه‌وه پارچه‌یه‌كم ده‌نایه
به‌ر پشتێنی پیره‌مێردێك
كه بمزانیبایه ته‌رمی كوڕه‌كه‌ی له شه‌ڕێكدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
تە‌ڵعه‌ت تاهیر وه‌ك شاره‌زایه‌كی قوماش و بازرگان به‌های پارچه‌یه‌ك قوماش باش ده‌زانێ هه‌روه‌ك چۆن ده‌ڵێن نرخی زێڕ لای زه‌ڕه‌نگه‌ره، شاعیریش به‌م مه‌فهومه‌وه مامه‌ڵه له‌ته‌ك پارچه قوماشێكی ره‌شدا ده‌كات، هه‌رپارچه قوماشێكی ره‌ش له به‌رگی چیرۆكێكی جودا له‌یه‌كتر وێنایان ده‌كات و دایڕشتوه، سه‌لیقه‌یی شاعیر له‌وه‌دایه ئه‌وه‌ی له شوێنی خۆیدا ناجووڵێ و ماوه‌ته‌وه وه‌ك ناو وده‌سته‌واژه و ره‌نگ قوماشه ره‌شه‌كه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌ر جاره و گۆڕانێكی نه‌وعی به‌سه‌ردا دێت، ته‌وزیفكردنی ره‌نگه ره‌شی قوماشه‌كه‌یه له چه‌ندین به‌ركه‌وته‌ی جیاوازتر له‌یه‌ك له رووی فۆرمه‌وه به‌ڵام له رووی ناوه‌ڕۆكه‌وه گرێدراوی ئه‌و خه‌مه قووڵه ئینسانییه‌یه كه سه‌راپا ده‌روونی شاعیری پڕكردووه له ئازار و زامی قووڵ. هه‌ر ئه‌و پارچه قوماشه ره‌شه‌یه جارێك له به‌رگی كراسێكی ره‌شی یاره‌كه‌یدا وێنای كردووه، جارێكی‌تر له‌ناو دنیای جه‌نگ و شه‌ڕی براكاندا ته‌وزیفی ده‌كات، كاتێك ده‌ڵێ: به‌وهۆیه‌وه پارچه‌یه‌كم ده‌نایه به‌رپشتێنی پیره‌مێردێك كه ته‌رمی كوڕه‌كه‌ی له شه‌ڕێكدا گه‌ڕابێته‌وه.
له‌لایه‌كی تره‌وه، هه‌ر ئه‌و پارچه قوماشه ره‌شه‌یه به شێوه‌یه‌كی دینامیكی گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و ئه‌مجاره‌یان شاعیر ئه‌وپارچه قوماشه ره‌شه به قۆڵی مناڵێكی ئێزدییه‌وه ده‌به‌ستێت كه به‌فانیله‌یه‌كی تیپی تۆپی پێی فه‌ره‌نساوه وه‌ك كاپتنی ئه‌و تیپه یاری بكات، ئه‌مه وه‌ك وێنه‌یه‌كی جووڵاو له‌ناو زمان و خه‌یاڵی شیعری شاعیردا بوونی هه‌یه ، به‌ڵام زۆر ناخایه‌نێ، شاعیر به‌ئاگا دێته‌وه و دێته‌وه ناو سه‌رزه‌مینی واقیع و هه‌رئه‌و مناڵه‌یه به‌و فانیڵه‌ی تیپی فه‌ره‌نساوه له كۆڵی خوشكه گه‌وره‌كه‌یدایه له‌یه‌كێك له‌و كه‌مپه قوڕینانه‌ی تیایدا ده‌ژین.
پارچه‌یه‌كم له قۆڵی ئه‌و مناڵه ئێزدییه ده‌به‌ست
كه به‌وسه‌رمایه به فانیله‌یه‌كی هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نساوه
له قوڕاوی كه‌مپێكدا
خوشكه بچووكه‌كه‌ی له كۆڵ گرتبوو
هه‌ر ژنێك پرچی سپی با پارچه‌یه‌كم له نێو چاوانی ده‌به‌ست
و گه‌نج ده‌بۆوه و قژی ده‌بریسكایه‌وه
لافیته‌یه‌ك بۆ نووسینی مه‌رگی له‌بارچوونی كۆرپه‌له‌یه‌ك
ته‌ڵعه‌ت تاهیر، له‌لایه‌ك وه‌ك شاعیرێك له رێگای زمانه شیعری و خه‌یاڵ وئه‌ودنیابینیه تایبه‌ته‌ی خۆی له كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌ی ده‌ڕوانێ، له‌لایه‌كی تره‌وه وه‌ك كه‌سێكی سۆسۆلۆگ له واقیعی ژیانی كۆمه‌ڵگاكه‌ی ده‌ڕوانێ، هه‌موو خه‌ونێكی بۆ به‌دیهێنانی ئه‌ودنیایه‌یه كه تیایدا خۆشه‌ویستی به‌سه‌ربه‌ستی پیاسه بكات، ئازادی ئینسانه‌كان له لووتكه‌ی باڵانمای جوانیدابێ. چون تاوه‌كو ئێستا واقیعی كۆمه‌ڵگاكه‌ی واقیعێكی هێنده سه‌خت و دژواره، هه‌ردووكه‌سه خۆشه‌ویسته‌كان به‌دڵی خۆیان ناتوانن ده‌ستنیشانی ژیانێكی تایبه‌ت به خۆیان بكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی پێی بوترێ خۆشه‌ویستی له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا هێشتا قۆناغه مێژوویه‌كه‌ی خۆی تێنه‌په‌ڕاندوه و عیشق له‌م مه‌مله‌كه‌ته‌دا بڤه‌یه و ئه‌وه‌ی به‌نهێنی و له‌ناو هه‌ناوی كۆمه‌ڵگایه‌كی داخراوی وه‌ك كۆمه‌ڵگاكه‌ی ئێمه عیشق بكات و له‌نه‌یجه‌ی به‌یه‌كگه‌یشتنی ئاشق و مه‌عشوق به‌یه‌ك بێ ره‌زامه‌ندی سه‌ره‌ك خێڵ و عه‌شیره‌ت و باوك كۆرپه‌له‌یه‌ك بێته ئاراوه، ئیدی ژیان حه‌رام ده‌كرێ له‌هه‌ردوو خۆشه‌ویسته‌كه و كۆرپه‌له‌كه‌ش ده‌بێته قوربانی تیغی چه‌قۆیه‌كی كول و یا له‌به‌رده‌گای ماڵێكی نه‌ناسراودا فڕێ بدرێ.
له كۆتاییدا ره‌خنه‌گران ده‌ڵێن شیعر له‌بنه‌ڕه‌تدا بریتییه له پێكهاته‌یه‌كی وێنه‌یی (مجدی وهبه:120) به‌تایبه‌تی له‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان هه‌یه به مه‌سه‌له هه‌ستی و هزرییه‌كانه‌وه وه‌ك (ره‌نگ و شێوه و جووڵه و جێگه و زه‌مه‌ن و رووناكی) ئه‌مه‌ش هۆكاره بۆ گواستنه‌وه‌ی فۆرم و ناوه‌ڕۆكی سروشتی واقیع بۆ وێنه له رووی سیاقه‌وه. له دوایین پارچه:
لافیته‌یه‌كی بچووكم بۆ ئه‌و ساوایه پێ نوسی
كه له‌به‌رده‌رگای ماڵێكدا فڕێ درابوو
عه‌باو چارۆكه‌م ته‌واوكرد
ئێستا له باشیم نیه به‌خاوه‌ن پرسه و عاشقه‌كان ده‌لێم
به‌رگه بگرن ئه‌مه سونه‌تی ژیانه
كه‌چی خۆم به‌رگه ناگرم و به‌منزیكانه
بێ تۆیی ده‌مكوژێ
كه مردیشم بۆسه‌ر چوارچێوه‌ی وێنه‌كه‌م
له كراسێكت له كه‌وایه‌كت
پارچه‌یه‌ك قوماشی ره‌شم بۆ هه‌ڵگره
پارچه‌یه‌كی بچووك،
هێنده‌ی ناو له‌پی ئه‌و ساوایه‌ی فڕێدرا و
وه‌ك من و تۆ كه بۆیه‌ك نه‌بوین و
هه‌ریه‌كه‌مان له‌به‌رده‌رگای ماڵێكدا فڕێ دراین.
سه‌رچاوه:
1-سقوط اوراق الربیع ، مجدی وهبة
2-وێنه‌ی هێمایی له ده‌قه واڵاكانی شێركۆ بێكه‌سدا