ئێستا جوانكاری لەنێو كۆمەڵگەكاندا بووەتە نەریتێكی باو، بەشێوەیەك تەشەنەی كردووە نەك تەنها ژنان، بەڵكو پیاوانیشی گرتۆتەوە، جوانكاری سەرەڕای ئەوەی كە روخسارێكی جوان بە مرۆڤ دەبەخشێت، بەڵام لەهەمان كاتدا مەترسی و زیانیشی هەیە. یەكێك لە پزیشكانی جوانكاری پێیوایە (ئەو كەسانەی كە جوانكاری دەكەن ئەگەر ماددەیەكی باش و كوالێتیان بۆ بەكارهاتبێت و لەلایەن كەسانێكی پسپۆڕ بەشێوەیەكی زانستی كرابێت ئەوە گەنجتر و جوانتر دەردەكەوێت، بەڵام ئەگەر بڕێكی زۆری فیلەر یان ماددەی خراپ بەكاربهێنرێت و لە شوێنی هەڵە دابنرێت ئەوە دەبێتەهۆی شێواندنی دەمووچاوی ئەو كەسە).
دكتۆر هێمن زەمان، پسپۆڕی جوانكاری و نەخۆشییەكانی پێست، هەڵگری بڕوانامەی بۆرد (دكتۆرا) لە جوانكاری و نەخۆشییەكانی پێست بە لاپەڕەی تەندروستی راگەیاند: جوانكاری لە دوو جۆری سەرەكی پێكدێن، جۆری یەكەمیان ئەوەیە كە ئەو كەسە نەگونجاوییەك یان ناڕێكییەك لە دەمووچاویدا هەیە دەیەوێت چاكیبكاتەوە، جۆری دووەمی جوانكاری ئەوەیە كە وەك قەرەبووكردنەوەیەك وایە، بۆ نموونە كەسێك كێشەیەك لە روخساری دروستبووە بەهۆی نەخۆشییەكەوە كە پێشوتر نەیبووە و دەیەوێت روخساری وەك پێشتر چاكبكاتەوە، بێگومان هەموومان بەپێی كات بەهۆی تەمەن یان بەهۆی ریجیمێكی قورس ژێر چاومان قووڵدەبێت، هەربۆیە پێویستە ئەو قووڵییە بە فیلەر پربكرێنەوە یان هێڵی ماندووێتی دروست دەبێت بەهەمان شێوە لەڕێگەی فیلەر چاكدەكرێتەوە یان بە رێگەی چەوری پردەكرێنەوە.
دكتۆر هێمن وتیشی: ئەو كەسانەی كە جوانكاری دەكەن لە تەمەنی تازە پێگەیشتوانەوە تا كەسانی بە تەمەن، هاوكات هەردوو رەگەزیش دەگرێتەوە، جاران ژنان زیاتر جوانكاریان دەكرد، بەڵام ئێستا پیاوان لەچاو جاران رێژەكەیان بەرزبووەتەوە و دەتوانین بڵێین %40ی پیاوان و %60ی ژنان جوانكاری دەكەن، ئەوەی وا لە پیاوان دەكات جوانكاری بكەن بەشێكە لە رۆشنبیری، چونكە دەزانن وەك چۆن گرنگی بە وەرزش و خەو و خواردن دەدەن، لەهەمان كاتیشدا پێویستە گرنگی بە پێست و قژیش بدەن، پیاوان زیاتر گرنگی بە چاندنی قژ و ریش و سمێڵ دەدەن و لەگەڵیشیدا بۆتۆكس بەرێژەیەكی بەرچاو لە بەشی سەرەوەی دەمووچاویان دەكەن بەمەبەستی مانەوەیان بە گەنجی.
د. هێمن زەمان
ئەو كەسانەی كە جوانكاری دەكەن لە تەمەنی تازە پێگەیشتوانەوە تا كەسانی بە تەمەن، هاوكات هەردوو رەگەزیش دەگرێتەوە، جاران ژنان زیاتر جوانكارییان دەكرد، بەڵام ئێستا پیاوان لەچاو جاران رێژەكەیان بەرزبووەتەوە
ئەوەشی خستەڕوو: ئەو كەسانەی كە جوانكاری دەكەن ئەگەر ماددەیەكی باش و كوالێتییان بۆ بەكارهاتبێت و لەلایەن كەسانێكی پسپۆڕ بەشێوەیەكی زانستی كرابێت، ئەوا گەنجتر و جوانتر دەردەكەون، بەڵام ئەگەر بڕێكی زۆری فیلەر یان ماددەی خراپ بەكاربهێنرێت و لە شوێنی هەڵە دابنرێت ئەوە دەبێتە هۆی شێواندنی دەمووچاوی ئەو كەسە، جوانكاری بۆ كەسانی خوار تەمەنی 18 ساڵ بۆ ئەوكەسانە دەكرێت كە گرفتێكیان هەبێت وەك سووتاوی یان كێشەیەكی زگماكی، بەڵام بێ لەو كێشانە پاش 18 ساڵ زیاتر جوانكاری دەكەین بۆ خوار 18 ساڵ خۆمانی لێ بەدوور دەگرین.
دكتۆر هێمن زەمان وتی: زۆرجار رووبەڕووی ئەو حاڵەتە دەبینەوە كە ئەو كەسە لێوی یان روومەتی بچووكە فیلەری كەمی تێدایە دەیەوێت فیلەری زیاتری بۆ بكەین و تەنانەت گەیشتووینەتە ئەو حاڵەتەی كە بێزاربین و بۆی نەكەین، زۆرجاریش كە رازی نابین بۆی بكەین توڕە دەبێت و كلینیك جێدەهێڵێت، بەڵام دەچێتە شوێنێكی تر و بۆی دەكەن و دواتر هەر دەگەڕێتەوە لای خۆمان و دەڵێت بەهەڵە كراوە، بەڵام وەڵامم ئەوەیە هەڵە هەر هەڵەیە هەر كەسێك بیكات.
جیاوازی نێوان فیلەر بۆتۆكس چییە؟
جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوان فیلەر و بۆتۆكس، چونكە بۆتۆكس زیاتر بۆ كەمكردنەوەی چرچی بەشی سەرەوەی دەمووچاو بەكاردێت، لەهەمان كاتدا بۆتۆكس لە زۆر چارەسەری تری پزیشكیدا بەكاردێت بۆ نموونە كەمكردنەوەی ئارەقەی بنباڵ و لەپی دەست و پێیەكانی ئەو كەسانەی كە ئارەقەیەكی زۆری نائاساییان هەیە و پێویستیان بە چارەسەری بۆتۆكس هەیە، یان سەرئێشەی شەقیقە، بەڵام سەبارەت بە فیلەر كە باوترین جۆری ئەو فیلەرەیە كە پێكهاتەكەی هایلۆریك ئەسیدە كە جۆرێكە لە شەكری ئاڵۆز بەشێوەیەكی سروشتی هایلۆریك ئەسید لە جەستەی مرۆڤدا هەیە و ئەو بەشەی كە لە فیلەردا بەكاردێت هاوشێوەی ئەمەیە كە لە جەستەی مرۆڤدا هەیە، فیلەر زیاتر بۆ پڕكردنەوەی قووڵی دەمووچاو بەكاردێت، هەندێ كەس هەیە شەوێلگەی نارێكە یان بچووكە یان لووتی نارێكی تێدایە دەتوانرێت لەڕێگەی فیلەرەوە چارەسەربكرێت.
لە ئێستادا جوانكارییەكانی بێ نەشتەرگەریی زۆر ئەنجامدەدرێت، كە ئەمانەش چارەسەرەكانی فیلەر و بۆتۆكس و لەیزەر و ئامێرە پزیشكییەكان دەگرێتەوە كە لە ئێستادا زۆر باون، بە پێچەوانەوە نەشتەرگەریی جوانكاری كەمی كردووە، چونكە نەشتەرگەرییەكان لەپاش چەند ساڵێك كاریگەرییان نامێنێت، هەربۆیە ئەمانە هەمووی وایانكردووە هەم پزیشكان و هەم ئەو زانایانەی كە لە بواری پزیشكیدا كاردەكەن بیرلەو چارەسەرانە بكەنەوە كە خێرا و ئاسانن و سوودی زۆریان هەیە و كاریگەریی خراپ كەمتر لە دوای خۆیان جێدەهێڵن، بەڵام پێویستە بەدەستێكی شارەزا و بە كوالێتییەكی باش ئەنجامبدرێت.
راشیگەیاند: دواجار ئەو جوانكارییانە مرۆڤ ئەنجامیدەدات و كاری مرۆڤیش بێ گرفت و كەموكوڕی نییە، كاتێك چارەسەرێك بۆ كەسێك كە پێویست نەبووبێت یان نەگونجابێت بۆی ئەنجام نادەین، هەربۆیە بە دەگمەن كەس هەبووە ئەو چارەسەرەی بە دڵ نەبووبێت كە بۆمان كردووە، بەڵام حاڵەتیش هەبووە كە بە بڕوای كەسەكە خۆی بە فیلەرێك یان بە بۆتۆكسێك لە كەسێكەوە ببێت بە كەسێكی تر، كە زۆر بگۆڕێت، بەڵام رووخساری ئەو دەرفەتەی نییە بۆ ئەم گۆڕانكارییە.
جەختیشیكردەوە: زۆربەی جوانكارییەكان وا باشترە پێش 20 ساڵی نەكرێت و دوای 20 ساڵی بكرێت بۆ نموونە لە 30 ساڵی و 40 ساڵیدا، نەخۆشمان هەبووە لە تەمەنی 70 ساڵی هەندێك جوانكاری كردووە، هەربۆیە تا پێستمان لە زوو چرچبوون و پیربوون بپارێزین پێویستە پابەندبین بەم خاڵانە (خەوێكی تەندروست، زوو خەوتن، خواردنێكی تەندروست، گرنگیدان بە خواردنی سەوزە و بابەتی شیرەمەنییەكان و میوە، وەرزشكردن) لەهەمان كاتدا زۆر گرنگە هەموومان رۆتینێكی رۆژانە و شەوانەمان هەبێت و ڤیتامین سی و شێداركەرەوە و بەكارهێنانی پاككەرەوەیەكی پزیشكی بۆ دەمووچاو و لەگەڵ دژەخۆر بەكاربهێنین، پێویستە هەریەكەمان ساڵی جارێكیش بەپێی گونجان چارەسەری پرۆفیشناڵی لە كلینك و سەنتەرەكان بكەین بۆ دروستكردنەوەی خانەكانی كۆلاجین و هێشتنەوەی پێست بە گەنجی، بەڵام لەلایەن پزیشكی پسپۆڕ ئەنجامبدرێت باشترە.
ئامادەکردنی دیانا ئەحمەد