بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، شۆڕش ئیسماعیل گەڕایەوە بۆ ئەرکەکەی وەک وەزیری پێشمەرگە

12:59 - 2023-11-27
کوردستان
461 جار خوێندراوەتەوە

بەبۆنەی گەڕاندنەوەی، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئەمڕۆ 27ی نۆڤەمبەری 2023، لە دیوانی وەزارەت، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزیر و سەرۆکی دەستەی ئەرکان و ئەمینداری گشتی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەت بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە کە دەبێت گلەیی و ناکۆکییەکان وەلابنرێت و پێکەوە وەک یەک تیم کار بکەن.  
وتیشی: ئاساییە ناکۆکی هەبێت لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا بەڵام بەهیچ شێوەیەک نابێت ئەو ناکۆکییانە لەناو وەزارەتدا رەنگ بداتەوە، ئەفسەران و پلەباڵاکانی وەزارەت دەبێت وەک یەک تیم بە شێوەیەکی پیشەییانە پێکەوە کاربکەن.

جێگری سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێکردنی خاڵەکانی پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و رایگەیاند؛ هاوکاری و هەماهەنگی هاوپەیمانان بەرز دەنرخێنین و بۆ لەمەولا نابێت پڕۆسەی چاکسازی بە خاوی و لاوازی بەڕێوەبچێت. 
داواشیکرد ئەفسەران و پلەباڵاکانی وەزارەت بە روحی هەستکردن بە ئەرکی نیشتمانی کار بکەن لەپێناوی جێبەجێکردنی هەموو خاڵەکانی چاکسازی.

دواتر شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستیی بە پشتیوانی هەموو لایەکە لەپێناوی سەرخستنی کاروباری وەزارەت دوور لە ململانێی سیاسی. وتیشی: کاری وەزارەت و هێزەکانی پێشمەرگە پیرۆزە و دەبێت لێکتێگەیشتنمان هەبێت بۆ باشتر بەجێگەیاندنی ئەرکەکانمان.
جەختی لەوەش کردەوە کە لە قۆناغی داهاتوودا کاری باشتر دەکرێت وەکو یەک تیم.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان # قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان