قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی تورکیادا کۆبۆوە

04:34 - 2023-11-28
کوردستان
516 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە عەلی رەزا گونەی، باڵیۆزی تورکیا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەممە، 28ی نۆڤەمبەری 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو و مەولود یاکوت، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم و دابان شەدەڵە، جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، باسی دۆخی عیراق بە گشتی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە تایبەتی کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەڕێی گفتوگۆوە و رایگەیاند، یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان کاریگەری دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق و بە تایبەتیش هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک کرا. هەردوولا هیوایان خواست هەڵبژاردنەکان لە کەشێکی ئارام و بێ کێشەدا بەڕێوەبچێت و ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عیراقدا تەواو ببێت. 
سەبارەت بە دۆخی کەرکوکیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لەم ساڵانەی دواییدا جیاوازی زۆر دەکرێت لە نێوان پێکهاتەکانی ئەو شارەدا و چارەسەر ئەوەیە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە شێوازی بەڕێوەبردنی شارەکە بگەڕێینەوە بۆ پرەنسیپەکانی سەرۆک مام جەلال، بۆ ئەوەی کەرکوک ببێتە شارێکی نموونەیی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکاندا و هیچ لایەنێک هەست بە ستەم و نادادپەروەری و پەراوێزخراوی نەکات.
 لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و کێشەی بەشە بودجەی هەرێم کرا. 
لەمبارەیەشەوە، جێگری سەرۆک وەزیران هیوای خواست بە زوویی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە. راشیگەیاند، پێویستە لە نێوان هەرێم و بەغدا رێکەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن بکرێت کە تیایدا بەشی زۆری کێشەکانی نێوان هەردوولا چارەسەر بکرێت و کێشەی بودجەی هەرێم بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان