قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، پێشوازیكرد لە نەسروڵڵا رەشنودی كونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و چەند پرسێكی گرنگیان تاوتوێكرد.
لەكۆبوونەوەیەكدا، كە دوێنێ لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە چۆنێتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئێران بەتایبەتی لەڕووی بازرگانییەوە كرا، لەو چوارچێوەیەشدا شێوازی چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم كاروبارەكانی كۆمپانیا ئێرانییەكان و ئاسانكاری بۆیان، خرانەڕوو. جێگری سەرۆك وەزیران، ئاماژەی بەوەدا كە لە هەرێمی كوردستان دەرفەتی گەورە بۆ وەبەرهێنان لە بواری جیاوازدا هەیە و حكومەتی هەرێمیش كارئاسانی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەكات. لەبەرامبەریشدا كونسوڵی ئێران ئامادەیی وڵاتەكەی نیشاندا لە كارئاسانی بۆ بازرگانانی هەرێم و بەهێزتركردنی پەیوەندیی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران.
گفتوگۆش كرا لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا. قوباد تاڵەبانی، رایگەیاند: هەوڵی جدی هەیە بۆ چارەسەری كێشەی مووچە و بودجەی هەرێم و گفتوگۆكانیش بەردەوامن. وتیشی: بەلایەنی كەمەوە دەبێت بەخێرایی لەسەر چارەسەری كێشەی مووچە رێكبكەوین و پێویستە ئەو تێگەیشتنە لە بەغدا دروستببێت، كە نابێت پرسی مووچە تێكەڵ بە كێشەكانی دیكەی نێوان هەرێم و بەغدا بكرێت.
لە تەوەرێكی دیكەدا، باسی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق و بەتایبەتیش لە كەركوك كرا. هەردوولا هیوایان خواست پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان لە كەشێكی ئارامدا بەڕێوەبچێت و ئەنجامەكەی لە بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتیانی عیراقدا تەواوببێت.
سەبارەت بە دۆخی كەركوكیش، جێگری سەرۆك وەزیران، رایگەیاند: ئێستا لە كەركوك جیاوازی دەكرێت لەنێوان پێكهاتەكاندا و دەبێت لە دوای هەڵبژاردنەكان دۆخێك بێتە ئاراوە كە هەموو پێكهاتەكان هەست بە دڵنیایی بكەن لەوەی چیتر پەراوێز ناخرێن و بەبێ هیچ جیاوازییەك خزمەت بكرێن.