فەیسەڵ عەلی
لەم 10 ساڵەی دواییدا، چەندین چەمکی نوێ لەسەر دیزاینی شار و دامەزراوە گرنگەکان بڵاوبوونەتەوە لە باخچە و شەقام و کەناڵی ئاو، هەروەها پێوەری تریش کە بە ئاسانی بزاوتن و گواستنەوەوە پەیوەستن، وێڕای دەستەبەرکردنی هاوکێشەیەکی قورس کە ناوی (پازدە دەقە)ی لێنراوە، تا گەیشتنی کەسەکان بە شوێنی کارەکانیان و منداڵان بە قوتابخانە و خوێندکاران بە ئامادەیی و زانکۆکانیان زامن بکات، تەنانەت بە ناوەندەکانی بازاڕکردنیشەوە، چ لە رێی هۆکارەکانی گواستنەی گشتی یان تایبەتیەوە.
بەکارهێنانی نموونەیی وزە
بیهێنە بەرچاوی خۆت، ئەستەمە بتوانرێ هاوکێشەیەکی لەوجۆرە جێبەجێ بکرێت، ئەگەر هاتوو توێژینەوەیەکی وردی هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵگە نەکرێت، بە توانای لەخۆگرتنی شەقام و شۆستەی تەرخانکراو بۆ پیادە و پاسکیل، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو دەبێ رەچاوی پلانی شارستانی شارەکان بکرێت و کوالێتی هەوا لە میانی فراوانکردنی وردی باخچەکان و پانتایی سەوزاریی و ئاستی بڵاوکردنەوەی ئەو تەکنیکانەی هاوڕێی ژینگەن زامن بکرێت، هەروەها دەبێ لە شاری ئایندەدا جەخت لە بەکارهێنانی نموونەیی وزە و دەرامەتە سروشتییەکان بکرێتەوە، هەموو ئەوانە بە شێوەیەکی توندتۆڵ بەیەکەوە گرێدراون، هەریەک لەو پێکهاتانە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ئەویتریان هەیە. چۆن دەتوانرێ لە پلاندانانی شار و باشترکردنی کوالێتیی ژیاندا سوود لە تواناکانی ژیریی دەستکرد وەربگیرێت؟
ژیریی دەستکرد خێراترە
لە توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی سینگهوای چین، توێژەران روونیان کردۆتەوە، کە چۆن ژیریی دەستکرد دەتوانێ زۆر باشتر و بە کاتی کەمتر بەراورد بە مرۆڤ پلانی شوێن دابڕێژێت، توێژەران پەرەیان بە سیستمی ژیریی دەستکرد داوە تا چارەسەری ئەرکە حسابییەکانی تایبەت بە پلانی شار بکات و بۆیان دەرکەوتووە کە ژیریی دەستکرد دەتوانێ بە رێژەی %50 خێراتر لە مرۆڤ پلانی شار دابڕێژ، ئەویش پشت بە سێ پێوەر دەبەستێت: دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان، رێژەی پانتایی سەوزایی، ئاستی بزاوتی هاتوچۆیە. ژیریی دەستکرد دەتوانێ بە شێوەیەکی خێرا یارمەتی پلاندانەرانی شار بۆ دەستەبەرکردنی ئەو تێڕوانینە بدات.
هەڵەکانمان کەمتر دەکاتەوە
کاتێک قسە لەسەر پێدوایستیی توێژینەوە و راڤەی ورد دەکەین، لە ژیریی دەستکرد باشتر بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە نادۆزینەوە، بە تایبەتی کاتێک باس لە پێدراوە تێهەڵكێشەکان لەگەڵ یەکتر و ژیریی دەستکرد و پراکتیزەکردنەکانی دەکەین، کە دەتوانێ لە هەموو رووەکانەوە ئەو پێدراوانە بخوێنێتەوە و لێیانەوە داتای ورد ئامادە بکات تا لە پلانی شارستانی شارەکان بەکاربهێنرێن، لێرەدا قسە لەسەر ئامانجێک دەکەین کە هەموومان بۆ ئایندەی شارەکانمان دەیخوازین، پشت بەستن بە ژیریی دەستکرد هەڵەکانمان کەمتر دەکاتەوە و بە جۆرێکیش پلان بۆ شار دادەنێت کە بتوانێ بە شێوەیەکی ورد و عەمەلی گۆڕانکارییەکانی دانیشتوانی شارەکانیش لەخۆبگرێت.
دوو کەرتی گرنگ
کوالێتیی ژیان تەنها بە پلاندانانی شارەکانەوە پەیوەست نییە، بەڵکو لەگەڵ کوالێتی و بوونی دامەزراوەکانی تەندروستی و خوێندنیش تێهەڵکێش دەبێت، لێرەدا قسە لەسەر بازدانی جۆر دەکەین کە ژیریی دەستکرد بۆ پەرەپێدانی ئەو دوو کەرتە گرنگە فەراهەمی دەکات تا کوالێتیی ژیان باشتر و جێگیر بکات، لە میانی قسەکردن لەسەر خوێندن، هاتنی ژیریی دەستکرد بۆ ناو قوتابخانە و زانکۆکان ئەزموونی نوێ و سامپڵی کارامەتری خوێندن دەڕەخسێنێت، بێگومان ئەمەش کاریگەریی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی توانای دەرچووانی خوێندن بەجێدەهێڵێت، لە بواری پزیشکی، قسەکردنەکە فراوان و فرەلایەن دەبێت، چونکە ژیریی دەستکرد تەنها خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان باشتر ناکات، بەڵکو کۆی سیستمەکەی و سیستمی توێژینەوە و پەرەسەندنەکانی دەگۆڕێت، هەروەها چارەسەر بۆ گرفت و ئەو نەخۆشییانەی ئەمڕۆ بە ئەستەمی دەزانین دەدۆزێتەوە، هەموو ئەوانەش دەچنە یەک خانەوە ئەویش کوالێتیی ژیانە.
پێوەری کوالێتیی بەرزتر
هەروەها گرێدانی هەموو ئەوانەی باسکران بەیەکەوە و دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ توێژینەوەی هەموو ئەو گۆڕاوانە لەگەڵ یەکتر، رێگەی نوێ بۆ باشترکردنی کوالێتیی ژیان دەخاتەڕوو، ئەو پرسەش بەو پەرەسەندنانەوە ناوەستێ کە ئەمڕۆ جیهان پێی گەیشتووە، یان تەنانەت بە توێژینەوەی چۆنێتی داڕشتنی پلانی ئایندەی شارەکان و دامەزراوەکانی و پەیوەندییان بە کوالێتیی ژیانەوە بەند نییە، ئاستەکانی داهاتوو زیاتر بەرز دەبنەوە و پێوەری کوالێتیی بەرزتر بەڕێوەیە، بە تایبەتی کە زۆرێکی بەرپرسانی حکومی دەوڵەتان بڕوای تەواویان بە زەرورەتی باشترکردنی کوالێتیی ژیان و بایەخدان بە هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵ هەیە، شارەکانی جیهان لە کێبڕکێی توندان تا ببنە پێشەنگ بۆ ئەوەی عەقڵەکان بۆ خۆیان رابکێشن و ئابوورییەکانیان بەرەو پێشتر ببەن. لەبەرئەوەی پلاندانانی دروست، پاڵ بە شارەکانەوە دەنێت تا لە پێشکەشکردنی ئاستی بەرزی کوالێتیی ژیان لە کێبڕکێ کردندا بەردەوام بن، هەموو ئەوە بەندە بە توانای شارەکان لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و پراکتیزەکردنەکانی بۆ دیزاینکردنی شارەکانی ئایندە و پەرەپێدانی سیستمەکانی پەرەپێدانی شارنشینیدا.
تێهەڵکێشکردنی لایەنەکان
چیتر دۆزینەوەی رێگەی نوێ یان دامەزراوەی نموونەیی و تەنانەت باشترکردنی کوالێتیی ژیانی ژینگەیی شارەکان بەس نییە، بەڵکو ئێستا پێوەری پەرەسەندووتر هەیە کە کوالێتیی ژیان لە تێهەڵکێشکردنی زۆر لایەن کە دەبێ لە پرۆسەی فروانکردنی ئاوەدانی و بەشکردنیدا لە بەرچاو بگیرێن و پلانیشیان بۆ دابڕێژرێت، تەنانەت لە دووبارە دیزاینکردنی شاریشدا تا خزمەت بە دانیشتوانی شار و میوانانیشی بکات. لەبەرئەوەی ئێمە وەک خەڵک پێویستمان بە ئامرازێکە رەوشی ئێستای شار پێوانە بکات و لە ئایندەشدا شاری چی پێویست دەبێت دەستنیشانی بکات، پاشان هەنگاوەکانی گەیشتن بە ئامانجەکان دیزاین دەکرێن، لە روانگەی ئەمەوە، دەخوازم شارەکانمان پلانێکی شارستێنی هەبێت تێیدا بەردەوامێتیی لەبەرچاو بگرێت تا کوالێتیی ژیانی هاوڵاتیان و دانیشتوانی باشتر بکات.