شه‌هیدبوون له‌ روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستاندا

10:35 - 2023-12-04
ڕاپۆرت
230 جار خوێندراوەتەوە

شه‌هید داود یه‌زدین سه‌یدۆ ناسراو به‌ داود ئێزدی، رۆژی 1ی حوزه‌یرانی ساڵی 1986 له‌ گوندی (زۆراڤا)ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سنون له‌ قه‌زای شه‌نگال له‌دایك بووه‌ و تا پۆلی شه‌شه‌می بنه‌ڕه‌تی خوێندووه‌. دوای پڕۆسه‌ی ئازادكردنی عیراق له‌ ساڵی 2003دا په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ له‌ سنووری كۆمیته‌ی (بۆرك) له‌ شه‌نگال، ساڵی  2004 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌ و وه‌ك یه‌كێك له‌ ده‌سته‌ی پاسه‌وانانی مه‌ڵبه‌ندی 15ی رێكخستنی شه‌نگال و كۆمیته‌كانی سنون و دۆگری و چه‌ندین بنكه‌ و باره‌گای دیكه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ده‌ڤه‌ری شه‌نگال، رۆڵی دڵسۆزانه‌ی بینیوه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیدا.
دواتر شه‌هید داود ئێزیدی بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ له‌ باره‌گای نه‌ینه‌وا و كۆمیته‌ی جه‌زائیر له‌ موسڵ خزمه‌تی كردووه‌ و شانبه‌شانی هێزه‌كانی یه‌كێتی و به‌ هاوكاری هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانی ناو شاری موسڵ و ده‌وروبه‌ری رۆڵی ئازایانه‌ی بینوه‌، هه‌روه‌ها به‌شداریی چه‌ندین شه‌ڕه‌ی دیكه‌ی گروپه‌ چه‌كداره‌ یاخییه‌كان كردووه‌.
ساڵی 2012 په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ فه‌وجی 2ی لیوای 8ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌، چه‌ندین خول و مه‌شقی سه‌ربازیی بینیوه‌ له‌ سه‌ربازگه‌كانی غه‌زلانی و سه‌لام و قه‌ڵاچوالان.
شه‌هید داود گه‌نجێكی چالاك و دڵسۆز بوو بۆ رێبازی سه‌رۆك مام جه‌لال، هه‌روه‌ها له‌ بواری كاری رێكخراوه‌یی و رێكخستنیشدا له‌ سنووره‌كه‌ی خۆیدا خزمه‌تی به‌رچاوی كردووه‌، تا ئێستاش بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌ ریزه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا به‌رده‌وامن و خزمه‌ت ده‌كه‌ن.
شایانی باسه‌ شه‌هید داود یاریزانێكی چالاكی تۆپی پێش بووه‌ و دۆستی وه‌رزش بووه‌، له‌ خولێكدا له‌سه‌ر ئاستی قه‌زای شه‌نگال، پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناوه‌.
دوو رۆژ پێش ده‌ستپێكردنی هێرشی كتوپڕی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر ئێزیدییه‌كان له‌ ده‌ڤه‌ری شه‌نگال، شه‌هید داود له‌گه‌ڵ هێزێكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ هێرشیان كرایه‌ سه‌ر و له‌ رێككه‌وتی یه‌كی ئابی 2014 له‌ گوندی(عێن عوێر) له‌ نێوان زوممار و مه‌حمودییه‌، شه‌هیدكرا.

ئارام هه‌ڵه‌دنی


بابەتە پەیوەندیدارەکان