کەرکوک لە بۆتەی هێز و ئیرادەدا

10:55 - 2023-12-04
دووتوێ
379 جار خوێندراوەتەوە

رەفعەت مورادی
لە مێژە کەرکوک و کەرکوکییەکان لە پێشەوەی هێڵی خۆڕاگریدان و قوربانی دەدەن، هەربۆیە گرنگی ئەم بەشە لە خاکی کوردستان گرنگییەکی ستراتیژییە وەک چۆن رەوانشاد مام جەلال تیشکی دەخستە سەر ئەو راستییە و حەکیمانە بەدوور لە موزایەدەی حزبی، پرسی کەرکوکی دەشوپهاند بە نەشتەگەریی مێشک! هەندێ کەس و لایەنی سیاسی تەنیا لە رەهەندی ئابوورییەوە لە پرسی کەرکوک دەڕوانن! لە کاتێکدا گرنگیی کەرکوک لەبەر نەوت و غازەکەی نییە، کەرکوک بۆ ئێمە لەو رووەوە گرنگە کە خاکی کوردستانە و گرنگیی ستراتیژی هەیە، بۆیە وێڕای پاراستنی ئاشتی و برایەتی و پێکەوەژیانی ئیتنیکە جیاجیاکان لە کەرکوک، پێویستە ئەم بەشە لە خاکی کوردستان وەک گلێنەی چاومان بیپارێزین و لە سەرووی هەموو پرسێکدا دایبنێین.

هێزێکی شۆڕشگێڕ کە هەڵقوڵاوی خەڵکی کەرکوکە
 بێگومان هەموو حزب و لایەنەکانی کوردستان بە جۆرێک لە جۆرەکان ویستویانە و دەخوازن رۆڵ و پێگەی بەرچاویان لە کەرکوکدا هەبێت، بەڵام ئەو هێزەی بە درێژایی مێژووی سیاسی گەلی کوردستان توانیبێتی لە دڵ و دەروونی کەرکوکییەکاندا جێی خۆی بکاتەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، کە لەسەر بنەمای راسپاردە و سیاسەتی حەکیمانەی رەوانشاد مام جەلال، واقعبینانە جووڵاوەتەوە و تائێستاشی لەگەڵدا بێت، جێی متمانەی زۆرینەی خەڵکی کەرکوکە، بۆیە لە خۆشی و ناخۆشییەکانیاندا کەرکوکییەکانی بە تەنها بەجێنەهێشتووە، بەڵگەی زیندووش بۆ ئەم قسانەم ژمارەی شەهیدان و کەمئەندامان و ژمارەی رێکخستن و پێشمەرگە و بگرە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانەیە کە لەم شارەدا بەڕێوەچووە و هەمیشە لیستی یەکێتی و پاڵێوراوەکانی براوەی سەرەکی بوون و زۆرینەی دەنگی کەرکوکییەکانیان بەدەستهێناوە، ئەمەش دیاردەیەکی نامۆ نییە بۆ هێزێکی شۆڕشگێڕ کە هەڵقوڵاوی خەڵکی کەرکوکە و بە خوێن و تێکۆشانی رێبوارانی رێی شەهیدانی وەک سەرکردە (ئازاد هەورامی  و ئەنوەر زۆراب و فەرماندە و پێشمەرگە مامە ریشە ئاساکان)داری خەبات و تێکۆشانی ئاودێری کردبیت، بۆیە لە سەرکەوتن زیاتر هیچ ئەگەرێکی تری لێ چاوەڕوان ناکرێت.
لەم سۆنگەیەشەوە ئەمجارەش وەک هەموو جارەکانی پێشوو پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ کەرکوک و کەرکوکییەکان و بەگشتی هەرێمی کوردستان و تەنانەت دەوڵەتی ناوەندییش،  پرسێکی چارەنووسساز و کاریگەرە و بگرە یەکلاکەرەوەیە! چارەنووسسازە چونکە دەنگی کەرکوکییەکان دواڕۆژی ئەم ناوچە جیۆستراتیژی و جیۆئیکۆنۆمییە دەبەستێتەوە بە خاوەنە سەرەکییەکەیەوە، واتە کوردستان یان بە پێچەوانەوە لە ئەگەری خەمساردی و بێباکی هاووڵاتیانی کوردی کەرکوکدا، ئەم ناوچە ستراتیژییە لە ئامێزی دایکی نیشتمان دادەبڕێت! 
لە لایەکی دیکەشەوە سەرکەوتنی هەر حزب و لایەنێک لە کەرکوک کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر پڕۆسەی سیاسی لە عیراق، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا.

کێ لەگەڵ کەرکوکدا راستگۆیە؟
وەک دەرکەوت و رووداوە سیاسییەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی دەریانخست، پرسی کەرکوک پرسێکی ئاڵۆز و فرە رەهەندە و هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی ناتوانێ و لە توانایدا نییە بەبێ لەبەرچاوگرتنی «واقیعی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەلتوری و ئەتنیکی» باس لە چارەنووسی کەرکوک بکات! کەرکوک قووڵایی ستراتیژیی باشووری کوردستانە و کاریگەرییە جیۆپۆلەتیکی و جیۆ ئیکۆنۆمییەکانی نەک تەنیا کار دەکاتە سەر سیاسەت و ستراتیژی ناوخۆیی عیراق، بەڵکو هۆکارێکە بۆ دەستوەردانی ئیقلیمی ئەو وڵاتانەی کە بە جۆریک لە جۆرەکان بە بیانووی باکگراوندی مێژوویی، کەلتوری و ئەتنیکی، لە هەمبەر گۆڕینی دیمۆگرافی و نەخشەی دواڕۆژی ئەم ناوچەیە هەستیارن و خۆیان بە بەشێک لەو هاوکێشەیە دەزانن! نەخاسمە لەم کات و ساتە ئاڵۆزەدا کە بوونی فاکتەری دەرەکی و ململانێی ناوچەیی لە عیراقدا دۆخەکەی چەند ئەوەندەی تر ئاڵۆزتر کردووە.
 لەم رووەوە پێویست بوو لایەنە کوردییەکان بە خوێندنەوەی ئەو هاوکێشە سیاسییە و تێگەیشتن لە واقیعی کەرکوک سیاسەتێکی ژیرانە و نیشتمانیانەیان بگرتایەتەبەر! واتە ئەو سیاسەتەی کە یەکێتی لەسەر بنەمای تێڕوانینی حەکیمانەی رەوانشاد مام جەلال کاری بۆ دەکرد و تەنانەت باجیشی بۆ دەدا! بەڵام وەک ئاماژەمان پێدا سیاسەتی هەڵە و نەخوێندنەوەی واقیعی سیاسیی کەرکوک و گەمەکردن بە چارەنووسی هاووڵاتیانی ئەو شارە لە چەند قۆناغی رابردوودا رەنگیدایەوە، پرسی کەرکوک و هیوای کورد و کەرکوکییەکانی بەرەو خەزانی سیاسی برد و ئەگەر راستگۆیانە و بەویژدانەوە داوەریی بکەین، چما سیاسەتی ژیرانە و لە خۆبوردوویی سەرکردایەتیی یەکێتی نەبوایە ئێستا نەک تەنیا بەتەواوەتی کەرکوکێکی وێرانەی هاوشێوەی شنگال و غەزە وێرانەترمان دەبینی، بەڵکو دەبوو بە دووربین سەیریشمان بکردبا!چونکە ئەوانەی کە هیچ ئومێدیکیان لەسەر کەرکوک و کەرکوکییەکان هەڵنەچنیبوو و ئەم شارەیان بە چەقی هێزی جەماوەریی یەکێتی دەزانی، چارەنووسی ئەم شارەیان بەلاوە گرنگ نەبوو! ئەوی بۆ ئەوان گرنگ بوو، چاڵە نەوتەکان و رێڕەوی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بوو کە لە سەرووی بەرژەوەندیی کوردستان و کەرکوکدا، بەرژەوەندیی وڵاتێکی ئیقلیمی بوو! ئەمە بۆچوون و بانگەشەیەکی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو بەڵگە و واقعێکی سیاسییە کە فیگەرە سیاسییەکانی ئەو لایەنە سیاسییانە لەم دواییەدا دانیان پێدانا و بە بوێرییەوە ئەو جۆرە سیاسەتەیان شەرمەزار کرد! کەواتە بۆ کەرکوک و کەرکوکییەکان وەک ئاوێنەی بەر هەتاو روون و ئاشکرایە، کێ بەرژەوەندیی کەرکوک و کەرکوکییەکانی ویستووە و کێش گەمەی بە چارەنووسی کەرکوکییەکان کردووە و دەیکات! با دوور نەڕۆین و لاپەڕە زێڕینەکانی میژووی پڕ لە سەرەوەریی یەکێتی لە کەرکوک هەڵنەدەینەوە و تەنیا گیانفیدایی و قوربانیدانی هەزاران رۆڵەی یەکێتی لە شەڕی داعش و خوێنی بە ناحەق رژاوی ئەو شەهیدانە بێنینە پێش چاومان کە بەهۆی سیاسەتی هەڵە و گوماناویی و فێڵکردن لە کەرکوکەوە لە شەڕی نابەرابەردا لەگەڵ سوپای عیراقدا تا دوا هەناسە و دوا دلۆپی خوێنیان بەرگرییان کرد و گیانی پاکیان لە ژیر زنجیری دەبابەدا بۆ کەرکوک کردە قوربانی، یان ئەو گەنجە دڵپاکانەی کە بوونە قوربانی لەم رووداوانەی دواییدا! بێگومان هەموو ئەم رووداوانە دەربڕ و دەرخەری نییەت پاکی و سیاسەتی کوردانە و نیشتمانپەروەرانەی یەکیتی و جەماوەری سەوزئەندێشەی کەرکوکە و لە 18ی مانگ کەرکوکییەکانیش بە دەنگی زوڵاڵ و بە «بەڵێ» کانیان بۆ لیستی «هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە ژمارە ١٤٢ راستی و رەوایی ئەم تێزە سیاسییە و ئەم ستراتیژە واقعبینانە، کە یەکیتی و حزبی شیوعی کوردستان رەنگڕێژیان کردووە بەرجەستە دەکەن.

لە دروشمەوە بۆ پراکتیک 
راستە هەنووکە «کەرکوک هێز و ئیرادە و دەرفەت» وەک دروشم خۆی دەنوێنیت! بەڵام لە پشت ئەم دروشمەوە فەزایەکی سیاسی و ویستێکی پراگماتیکی لەئارادایە و دەیەوێت بە پەندوەرگرتن لە ئەزموونی رابردوو و بگرە ئەو هەڵە و کەمو کووڕییانەی لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن و لە دیاردکردنی کاندیدان و مامەڵەیان لەگەڵ جەماوەردا زیانی بە یەکێتییەکان دەگەیاند! زەمینەی سەرکەوتنێکی مەزن بۆ ئەم لیستە فەراهەم بکات، گومانی تێدا نییە جەماوەری بەرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکوک کە بەری رەنج و قوربانیدانی ئەو هەزاران شەهیدەیە کە یەکێتییەکان بە کەرکوکی قودسی کوردستانیان بەخشیوە، بۆیە پاڵێوراوانی هاوپەیمانیی «کەرکوک هێز و ئیرادەمانە» رۆڵەی ئەو تێکۆشەرانەن کە لە پێناوی بە کوردستانیبوونی کەرکوکدا مەرگیان  پیش خۆیان خست، ئەمەش ئەو هێزە لەبننەهاتووەیە کە بە دەنگ و ئیرادەی کەرکوکییەکان، ئیدارە و دەسەڵاتی بەزۆر سەپێنراوی کەرکوک بەلاوە دەنێن و لیستێک سەردەخەن کە دەربڕی ویست و خواستی راستەقینەی ئەوان بێت، لیستێک کە بە پاڵپشتی دەنگ و رەنگی کەرکوکییەکان، هەموو ئەو پیلان و سیناریۆ ناوەکی و دەرەکییانە پووچەڵ دەکاتەوە کە دەیانەوێت پارێزگارێکی غەیرە کورد بەسەر پارێزگاکەدا بسەپێنن! بەڵام ئاماژەکان پێمان دەڵێن پاش هەڵبژاردن ئیرادە و دەنگی راستەقینەی کەرکوکییەکان کە لە «هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە» خۆی دەبینێتەوە، دواڕۆژ و نەخشەرێگەی سیاسیی ئەم شارە و دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی «خەڵک تەوەر» و شەرعی دیاری دەکات، بەمەش جارێکی تر ماف بۆ خاوەن ماف دەگەڕێتەوە و دەرفەتی لەبار بۆ بەشدارییکردنی کورد لە پڕۆسەی سیاسیی عیراق و وەرگرتنی پشکی راستەقینە لە ئیدارەی کەرکوک و زەمینە رەخساندن بۆ هەلی کار و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و دابینکردنی ئاسایشی پیشەیی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی فەراهەم دەبێت، ئەم گۆڕان و دەرفەتە مێژووییەش تەنها و تەنها لە رێگەی بەشدارییەکی ئەکتیڤ و بەرپرسانە لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا و بە سەرخستنی لیستی کەرکوکییەکان واتە: لیستی «هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە» ژمارە ١٤٢ دێتە ئاراوە.

#هەڵبژاردن #هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان