پەیامی (شەمس لەنگروودی) بۆ یوبیلی زیوینی فێستیڤاڵی گەلاوێژ

12:40 - 2022-05-25
دووتوێ
447 جار خوێندراوەتەوە

شاعیری دیارو ناسراوی ئێران (شەمس لەنگروودی) پەیامێكی تایبەتی بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ ناردووە، لێرەدا بەشێك لەو پەیامە بڵاودەكەینەوە:
من یەكەمجار ئەدەبیاتی كوردیم بەخوێندنەوەی شیعرێك لە «شێركۆ بێكەس» ناسی كە لەیەكێك لە گۆڤارەكانی ئێران چاپ ببوو. ئەدەبیاتی كوردیم هێندێك خوێندبۆوەو هەتا ئاستێك دەمناسی، بەڵام شانازی ئەدەبیاتی كوردیم یەكەمجار لەیەكێك لەشیعرەكانی «شێركۆ بێكەس» دا دیت. كە زۆر سەرنجی ڕاكێشام و بووە هۆی ئەوەی كە بەدوای شیعری كوردیدا بگەڕێم، بەتایبەت شیعری كوردی. هەتا ئەوەی كە لەدوای خوێندنەوەی كتێبی «دوایین هەناری دونیا» بەڕاستی تووشی سەرسوڕمان بووم. بەخوێندنەوەی ئەم رۆمانە بوو كە زانیم ئەدەبیاتی كوردی ئیتر لەئاستی ناوچەدا تێپەڕیوەو بووەتە جیهانی.
بەرزبوونەوەی ئاستی ئەدەبیاتی كوردی بۆ من وەكو بەهایەكەو ڕێزی بۆ دادەنێم. هەتا ئەو ئاستەی كە دەمەوێ ئەم كتێبەی دواییم بەناوی «سەما بەپاسپۆرتی ساختەوە» كە مەریوان هەڵەبجەیی وەریگێڕاوە لەپێش چاپكردن بەزمانی فارسی، كوردییەكەی بڵاو دەكەمەوە. 
فێستیڤاڵی گەلاوێژ ڕووداوێكی گرنگی كولتوری- ئەدەبیە كە بەرز بوونەوەی ئاستی كولتور و ئەدەبیاتی كوردی دەسەلمێنێ. ئیرادەی پتەو و ماندوونەناسی «گەلاوێژ» لە ماوەی بیست و پێنج ساڵ تێكۆشانی بەردەوام، بێگومان هەوڵ و تێكۆشانی گەلی كورد بۆ ناسنامەی ئەدەبی و سەلماندنی ڕاستینەی كولتووری خۆیەتی، دەبێ ئەم فێستیڤاڵە هەم بۆ بەرزكردن و گەشەكردنی ئەدەبیاتی دەوڵەمەندی كوردو هەم پێوەندی و كاریگەری و كاریگەر بوونی لەسەر ئەدەبیاتی فارسی وەكو دەرفەتێك و مەجالێك ببینرێ و نرخی بۆ دابنێن. بیست و پێنجەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ لەهەموو شاعیران و رۆشنبیران و بیرمەندان پیرۆز دەكەین و دەڵێم گەلاوێژ لەئێوە پیرۆز بێت.

بەسوپاس و ڕێزەوە- شەمس لەنگروودی

#گەلاوێژ نامە

بابەتە پەیوەندیدارەکان