مستەفا محەمەد
لەچەند رۆژی داهاتوودا لەژێر چاودێرییەکی چڕ و توند و تۆکمەدا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق بەڕێوەدەچێ، ئەم هەڵبژاردنە بۆ کەرکوک و کەرکوکییەکان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، جگە لەوەی تاکە پارێزگایە لە سەرانسەری عیراقدا، لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە تەنها یەک جار ئەنجومەنەکەی بە دەنگدان هەڵبژێردراوە و ئەمەی 18ی ئەم مانگە دەبێتە دووەم، هاوکات بۆ پێکهاتەکانی کەرکوک و لە پێشیشیانەوە بۆ لایەنی کوردیی تاقیکردنەوەیەکی چارەنوسسازە و بەجۆرێ لەجۆرەکان پێناسەی یەکلاکەرەوەی زۆر لە ئاستەنگە ئیداریی و گرفت و ئاریشە نەتەوەییەکانە.
لەگەڵ ئەوەی هەندێک لایەن و هاوپەیمانی گەرەکیانە بەپلان هەڵبژاردنەکە لە شارەکەدا تەگەرەی بێتە پێش، بەڵام پێشبینی و راپرسییەکان پێمان دەڵێن لەم گەڕەدا کەرکوکییە رەسەنەکانی ئەو شارە، بەهەموو هێز و توانایانەوە بەشداری کارا دەکەن و دڵخوازەکانیان هەڵدەبژێرن.
جێی دڵخۆشییە کاتێک دەبینی گوڕ و تینی کەرکوکییەکان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکەدا لە ئاستێکی هێندە باڵادایە، هەر یەکێک لە دەنگدەرانیان لەهەر کوێیەک دەدوێنی، وا وێنای ئەنجامەکەی دەکەن کە دەرفەتێکی زێڕینی دووبارە نەبۆوەیە بۆ کورد و هاووڵاتیانی ئەو شارە و دەتوانن بە دەنگەکانیان، گۆڕانکاریی ریشەیی لە هێز و قورسایی حکومڕانی بهێێنە ئاراوە و بەڕێوبردنی ئایندەی شارەکە بە دەستێکی ئەمین بسپێرن.
لەوەش زیاتر متمانەی تەواویان بە سەرکەوتن و دەربڕینی بێ چەندوچوونی پشتیوانی بۆ کاندیدانی هاوپەیمانی «کەرکوک هێز و ئیرادەمانە» هەیە کە بە ژمارە «١٤٢» و بەڕابەرایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە گۆڕەپانەکەدا دەنگی دلێرە و جەماوەرەکەشی لەهی لیست و قەوارەکان جودایە، دڵنیاشن و دەشزانن کە لەم هەڵبژاردنەدا ئەم هاوپەیمانییە لەتوانایدایە زۆرینەی کورسییەکان بچنێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
-لای کەرکوکییەکان وێنەکە روونە لە رابردوودا ئەو هێزە بەرپرسیار و ئەندازیارە کێ بوو کە لە سەروبەندی بیناکردنەوەی کەرکوکدا لە خزمەتی گشتیدا هەوڵەکانی چڕ و لە بەردەم ویستی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکەشدا بەربەستێکی پۆڵایین بوو، هەتا خاڵی سفرکردنەوە لەگەڵ ویست و خواستی عەقڵییەتی تەعریبدا جەنگا!
-هیچ کەرکوکییەک نییە بەوانەشەوە کە پێشتر دەنگیان بە لایەنی تر داوە، لەوە تێنەگەیشتبن کە ئەو هێز و بازووە کامەیە لە تەنگانەدا گەڵیاندا ماوەتەوە و لە شەڕی نەگریسی داعشدا جەماوەر و شارەکەی پاراست و بۆ تەنها یەک رۆژیش جێی نەهێشتن! بەڵکو هەر لەناو خۆیان و لە قووڵایی کوچە و کۆڵانەکانی شارەوە شەڕی ئیرادەی کرد، ئێستاش سوورە لەسەر کۆتاییهێنان بە حوکمی داسەپاو.
-بۆ کەرکوکییەکان ئەوە بڕاوتەوە کە دەنگدان بەلیستی ژمارە «١٤٢» گەرەنتی گێڕانەوەی ئیدارەی شارەکەیە بۆ ژێر دەسەڵاتی پارێزگارێکی کوردی رەسەن و وەڵامێکیش دەبێ بۆ پلانگێڕییە ئیقلیمییەکان کە بەداخەوە پێشتر لە هەوڵی بچووککردنەوەی رۆڵ و سەنگ و قەبارە و بەرکەوتەی کورددا لە هەڵپەدابوون.
کەواتە بەوپێیەی هاوپەیمانییەکەی یەکێتی دەنگی رەسەنی زۆرینەی کورد و پێکهاتە رەسەنەکانی کەرکوکە و پێشبینی سەرکەوتنێکی گەورەی لێدەکرێ، بەدڵنیاییەوە لەم هەڵبژاردنەدا کەرکوکییەکان براوەی یەکەم دەبن.