قوباد تاڵە‌بانی: هاوكاربن لە هەڵمەتەكان و روبەڕوبوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان

07:07 - 2022-05-26
کوردستان
610 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، دوێنێ، سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی كرد و بە‌ئامادە‌بوونی دكتۆر پشتیوان سادق، لە‌گە‌ڵ تیمی وە‌زارە‌ت ‌و یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوە‌كە‌دا، كە‌ خاتوو فێنك شەفیق بە‌ڕێوەبە‌ری بە‌ڕێوەبە‌رایە‌تیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرە‌تان و خێزان ئامادە‌یبوو، گفتوگۆكرا لەبارەی هە‌ڵكشانی ئامارە‌كانی توندوتیژیی دژی ژنان و شێوازەكانی روبەڕوبوونەوەی، لەوبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی، رایگەیاند: بەداخەوە بەپێی ئامارەكان ئەو دیاردەیە لە هەرێمی كوردستان لە هەڵكشاندایە، بۆیە پێویستمان بە هاوكاریی هەموولایەكە، ئێوەش كە توێژێكی زۆر كاریگەر و گرنگی كۆمەڵگە‌ن داواتان لێدە‌كە‌م كە‌ هاوكارمان بن لە روبەڕوبوونەوەی ئەو دیاردەیەدا. وتیشی: داوادە‌كە‌م مامۆستایانی ئایینی رۆڵی گرنگی خۆیان ببینن لە كەمكردنەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لەناو كۆمەڵدا وە‌ك چۆن پێشتر رۆڵی كاریگە‌ریان هە‌بووە‌ لە‌وبارە‌یە‌وە‌. جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە هەقە بە هەموومانەوە بڵێین: بەسە ئیتر، هیچ شەرەفێك لە ژن كوشتندا نییە.
هەر لەوبارەیەوە، دكتۆر عەبدوڵڵا مەلا وەیسی سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان، پشتیوانیی پەیامەكانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد و  ئاماژەی بەوەشدا كە لە ئایینی ئیسلامدا بەهیچ شێوەیەك ئەوە بوونی نییە كە بە (غسل العار) ناسراوە، ئەمەش لە زۆربەی وتارەكانی مزگەوتەكاندا ئاماژەی پێدراوە، بۆ رێگریی لە پەرەسەندنیشی پێویستە هەڵمەتێك بكەین لە دژی دیاردەی توندوتیژیی دژی ژنان و زانایانی ئایینیش لەپاڵ راگەیاندنەكاندا رۆڵی خۆیان ببینن.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان