كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
كتێبی (نه‌وت و غازی سروشتی له جیۆلۆجییه‌وه تا گه‌ڕان و به‌رهه‌مهێنان)، به‌رهه‌مێكی د. سه‌لیم زێدانی مامۆستای زانكۆی ئه‌زهه‌ره، كه وه‌ك به‌شێك له میتۆدی خوێندن نووسیویه‌تی و له‌و كۆلێجه‌ی خۆی وانه‌ی تێدا ده‌ڵێته‌وه ده‌وخوێنرێت، كتێبه‌كه له لایه‌ن نووسه‌ر و پسپۆڕی بواری پترۆكیمیایی (نه‌وزادی موهه‌ندیس)ه‌وه كراوه به كوردی و له دوو توێی به‌رگێكی جوان‌دا كه 734 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره گه‌وره‌ی له‌خۆگرتووه، كه‌وته به‌ر دیدی خوێنه‌ران.
كتێبه‌كه، جگه له پێشه‌كی نووسه‌ر و وه‌رگێڕ له سێ ده‌روازه‌ی سه‌ره‌كی و 30 به‌ش پێكهاتووه و هه‌ریه‌ك له‌و به‌شانه به جیا و به شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی باس له لایه‌نه زانستییه‌كانی سامانی نه‌وت و غازی سروشتی ده‌كات، كه پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌ییه بۆ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، به تایبه‌تیش بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، كه به شێوه‌یه‌كی فراوان خاوه‌نی ئه‌و سامانه‌یه.
سه‌ره‌تاكانی ناسینی نه‌وت
له به‌شی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌دا نووسه‌ر به‌م شێوه‌یه باسی ئاشنابوونی مرۆڤ به نه‌وت ده‌كات: به‌رده نیشتووه‌كان له به‌رگی زه‌ویدا، له بنچینه‌دا، پێكدێن له به‌رده قوڕین و به‌رده لمین و به‌رده جیرییه‌كان، به شێوه‌ی چین له‌سه‌ر چین نیشتووه و به درێژایی قۆناغه جیۆلۆجییه‌كان به ملیۆنان ساڵ نه‌وت له‌و چینانه‌دا كۆبۆته‌وه، مرۆڤ هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نه‌وتی ناسیوه و به‌كاری هێناوه، هه‌ڵبه‌ت به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی، سه‌ره‌تا وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی پێكه‌وه‌لكێنه‌ر و دواتر بۆ رووناككردنه‌وه و هه‌روه‌ها بۆ دروستكردنی پاپۆڕ. ساڵی 1859 كۆلۆنێل دریك یه‌كه‌م بیری نه‌وتی له گوندی تۆتێسفێلی ویلایه‌تی پنسلڤانیا لێدا و له قووڵایی 70 پێدا نه‌وتی دۆزییه‌وه، نۆ ساڵ دوای ئه‌وه، واته ساڵی 1868 له میسر نه‌وت دۆزرایه‌وه، له ده‌ستپێكی سه‌ده‌ی بیستدا گرنگیی نه‌وت زیادیكرد و بووه كۆله‌كه و پایه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له پێشكه‌وتنی وڵاتاندا.
دیاریكردنی ته‌مه‌ن
له به‌شی دووه‌مدا نووسه‌ر باس له ته‌مه‌نی زه‌وی ده‌كات، له سه‌ره‌تای دروستبوونی زه‌وییه‌وه بگره، تا ده‌گات به كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی كلكداره‌كان، كه نزیكه‌ی پێنج بۆ حه‌وت ملیار ساڵ ده‌بێت، لێكۆڵینه‌وه‌كانیش ده‌ریانخستوووه، له‌و ماوه دوور و درێژه‌دا زه‌وی گۆڕانكاریی زۆری به‌سه‌ر هاتووه. هه‌ر له‌م به‌شه‌دا تیشك ده‌خرێته سه‌ر ته‌مه‌نی ره‌ها به سوودوه‌رگرتن له دیارده‌ی تیشكده‌ره‌وه‌ی سروشتی و له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه زاناكان گه‌یشتنه ئه‌و بڕوایه‌ی كه بۆ هه‌ر توخمێك ته‌مه‌نێكی دیاریكراو هه‌یه و له رێگه‌ی تیشكده‌ری سروشتییه‌وه توانرا ته‌مه‌نی به‌رده‌كان بدۆزرێته‌وه، یان خه‌مڵاندنی بۆ بكرێت، دوای ئه‌م دۆزینه‌وه زانستییه، توانرا ته‌مه‌نی به‌رده‌كان دیاریبكرێت، ئه‌وه‌ش بێگۆمان یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له دۆزینه‌وه‌ی ته‌مه‌نی كانزاكانی ناو چینه به‌رده كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان.
كانزاكان و به‌رده‌كان
به‌شی سێیه‌می ئه‌م كتێبه تایبه‌ت كراوه به كانزاكان و به‌رده‌كان، له‌م به‌شه‌دا پێناسه‌ی زانستیانه‌ی كانزا و خه‌سڵه‌ته‌كانی كانزا سروشتییه‌كان به وردی باسكراوه، كه پێكهاته و ره‌نگ و چڕی و شێوه‌ی ده‌نكۆڵه‌كان و كێش و قه‌باره و توانای به‌رگه‌گرتنی بۆ كوتران و گه‌رمی و جۆری تێكه‌ڵبوونی نێوانیان له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌ر له‌م به‌شه‌دا هه‌ندێك كانزا به جیا باسكراوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییان هه‌یه، وه‌ك كوارتز، كاڵسایت، دۆڵۆمایت، میكا، هالیت، گه‌چ، ئه‌نهایدرایت، پێرایت، گالینا و به‌رده ئاگرینه‌كان و زۆری دیكه‌ش.
له‌به‌شی چواره‌مدا كه‌ش و هه‌واو كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر رووتانه‌وه‌ی به‌رده‌كان به وردی باسكراوه، سه‌ره‌تا پێناسه‌ی كه‌ش و هه‌وا له رووی فیزیایی و میكانیكی كیمایی ده‌كات و پاشان دێته سه‌ر ورده‌كارییه‌كانی كارلێكی هه‌ردوو بابه‌ته‌كه. به‌شی پێنجه‌میش ته‌رخانكراوه بۆ تێكچوونه به‌ردییه‌كان و په‌یوه‌ندییان به پێكهاته‌ی جیۆلۆجی خاكه‌وه.
بۆ میتۆدی خوێندن
له به‌شی شه‌شه‌مدا به‌رده كۆگاییه نه‌وتییه‌كان و ژینگه نیشته‌نییه‌كان باسكراوه و له‌م به‌شه به دواوه كتێبه‌كه به گشتی دێته سه‌ر باسی نه‌وت و غازی سروشتی و به‌و پێیه‌ش كه كتێبێكی ئه‌كادیمییه و په‌یوه‌سته به میتۆدی خوێندنه‌وه، بۆ هه‌ر ره‌گه‌ز و پێكهاته‌یه‌ك كه دێته پێش، پێناسه‌ی ورد و بابه‌تیانه‌یان بۆ ده‌كات. له به‌شه‌كانی كۆتایی كتێبه‌كه‌شدا نووسه‌ر دێته سه‌ر باسی شێوازه‌كانی گه‌ڕان به دوای نه‌وت و غازدا و هه‌روه‌ها جۆر و ته‌كنیكی ده‌رهێنان و پاڵاوتن و جیاكردنه‌وه‌ی ماده و پێكهاته‌كانی نه‌وت له پڕۆسه‌یه‌كی پترۆكیمیاییدا.
كتێبێكی له‌م جۆره بۆ مامۆستایان و خوێندكارانی بواری نه‌وت و غاز گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه و یه‌كێكه له پێویستییه‌كانی سه‌رده‌مه‌كه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌م كتێبه كه‌لێنێكی گه‌وره له كتێبخانه‌ی كوردی پڕ ده‌كاته‌وه، به تایبه‌تیش كه پسپۆڕی بواری نه‌وت و غازمان كه‌مه و سه‌رچاوه‌ی زانستیش بۆ بابه‌ته‌كانی ئه‌و پسپۆڕییه زۆر كه‌مه.
ناوی كتێب: نه‌وت و غازی سروشتی له جیۆلۆجییه‌وه تا گه‌ڕان و به‌رهه‌مهێنان
ناوی نووسه‌ر: د. سه‌لیم زێدان
وه‌رگێڕانی بۆ زمانی كوردی: نه‌وزادی موهه‌ندیس
تایپ و هه‌ڵه‌چنی: نه‌وزادی موهه‌ندیس
نه‌خشه‌سازی به‌رگ: رێبین حه‌مه غه‌ریب
شوێنی چاپ: چاپخانه‌ی زانا
ژماره‌ی سپاردن: 1822 سلێمانی 2023