پانۆڕامای رووداوە گرنگەکانی 2023

10:46 - 2023-12-25
دووتوێ
469 جار خوێندراوەتەوە
دڵتەزێنترین رووداوی سەرەتای ساڵ لە ناوچەی ماکییفکای ئۆکرانیا کە هێشتا بکەرەکەی نادیارە

وەک لە پێشەکیی ئەم دۆسێیەدا ئاماژەمان پێکردووە رووداوەکانی ساڵی 2023 چەند رووداو و وەرچەرخانێکی گەورەن، بەڵام بەشی زۆری رووداوە سیاسی و ئابوورییەکان پەیوەستن بە رووداوەکانی ساڵی پێشترەوە و هەندێکیان دەرهاویشتەی ئەو رووداوانەن.
کوشتارگەکەی ماکییفکای ئۆکرانیا
مانگی کانوونی دووەم:

*لە درێژەی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیادا کە لە 23ی شوباتی ساڵی 2022 -ەوە دەستیپێکردووە، چەندین رووداوی گەورە و رووداوی کوشتاری بەکۆمەڵ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا روویدا، یەکێک لەو رووداوانەش کوشتارگەکەی ماکییفکا بوو لە ئۆکرانیا، کە هەریەک لە کیێڤ و مۆسکۆ نەچوونە ژێر باری تاوانەکە و بە دەیان کەس تێیدا بوونە قوربانی، کیێڤ هەریەک لە هێزەکانی ڤاگنەر و چیچانییەکانیان تۆمەتبار دەکرد و مۆسکۆش وێڕای رەتکردنەوەی بەرپرسیارێتی خۆی و هاوکارەکانی، دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیای بەو تاوانە تۆمەتبار کرد و تا ئێستاش لایەنە نێودەوڵەتییەکان دوای پێکهێنانی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەکان، هیچ ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەیان رانەگەیاندووە سەبارەت بە رووداوەکە.
*پاشەکشەی دیموکراتەکان بەهۆی سیاسەتەکانی جۆ بایدنەوە لە کەیسی ئۆکرانیادا، جارێکی دیکە کۆمارییەکانی کردەوە بە زۆرینە لە ئەنجومەنی نوێنەران (کۆنگرێس)ی ئەمریکادا و کیڤن مەکارتی لە رۆژی 7/1دا  وەک سەرۆکی ئەنجومەنەکە سوێندی یاسایی خوارد.
*رۆژی 8/1هاوشێوەی ئەمریکا لە ساڵی 2020، لایەنگرانی سەرۆکی پێشووی بەرازیل لەدوای سەرنەکەوتنی لە هەڵبژاردن و ئامادەکاری بۆ سوێندخواردنی سەرۆکی نوێ، پەلاماری بینای پەرلەمانی وڵاتەکەیان دا.
*رۆژی 15/1 لە ئیتالیا سەرۆکی گەورەترین باندی مافیا لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستگیرکرا.
*رۆژی 19/1، خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا لە دژی یاسای نوێی پەسەندکراوی خانەنشینی دەستیپێکردەوە کە لە ساڵی 2018-ەوە بەناوی خۆپیشاندانی هێلەک زەردەکانەوە ناوبەناو سەرهەڵدەدات.
*رۆژی 21/1 گەورەترین خۆپیشاندان لە ئیسرائیل لەدژی نەتانیاهو-ی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد لە دژی  هەموارکردنی یاسای پەیوەست بە دەسەڵاتەکانی دەزگای دادوەریی ئیسرائیل بەوپێیەی زۆرترین دەسەڵاتی زیاتر دەدات بە سەرۆک وەزیران و ناڕەزاییەکان بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ئەفسەران و ئەندامانی سوپا و هەواڵگرییشی گرتەوە.
بوومەلەرزەکانی تورکیا و موشەکبارانکردنی هەرێم
مانگی شوبات 
*تورکیا لە 6 ی مانگی شوباتەوە زنجیرەیەک بوومەلەرزە ژمارەیەک لە شارەکانی باشووری خۆرئاوای ئەو وڵاتەی گرتەوە کە بەهۆیەوە زیاتر لە 45 هەزار کەس بوونە قوربانی و دەیان هەزاریش بریندار و بێ سەروشوێن بوون و دەیان هەزار باڵەخانە و یەکەی نیشتەجێبوون داڕمان و ملیۆنان کەسیش ئاوارە و دەربەدەر بوون.
*لە رۆژی 26/2 شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایی و خۆپیشاندان شارەکانی ئێرانی گرتەوە و سوپای ئێرانیش بنکە و بارەگای حزبە کوردییەکانی لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانجی مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان.
*بەهۆی سووربوونی بەریتانیا لە پشتگیریکردنی ئۆکرانیا لە جەنگیدا لەگەڵ روسیادا و کاریگەریی ئەو پشتیوانییە لەسەر ئابووریی تاکی بەریتانیا، شەپۆلێکی گەورەی مانگرتن کەرتی ئابووریی و تەندروستیی ئەو وڵاتەی گرتەوە کە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بێوێنە بوو.
دادگای پاریی و نەوتی هەرێم
مانگی ئازار

*لە دادگایەکی فەرەنسا عیراق کەیسێکی سەبارەت بە نایاساییبوونی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بردەوە و پاڵپشت بەوەش لە رۆژی 25/3/2023دا هەناردەی نەوتی هەرێم بە بڕیارێکی حکومەتی فیدراڵیی عیراق راگیرا.
*رێکەوتنێک لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عیراقدا ئیمزاکرا سەبارەت بە ناردنی پارەی  بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی قەرز تا پەسەندکردنی بودجە. 
*وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هەڵوێستەکانی فەرەنسا سەبارەت بە وڵاتانی ئەفریقا، لە مانگی ئازارەوە زنجیرەیەک ناڕەزایی لەناو نەیجەردا دژ بە سەرۆک و حکومەتی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد، ئەمەش بووە مایەی گواستنەوەی ناڕەزاییەکان بۆناو سوپای ئەو وڵاتە و لە کودەتایەکی کتوپڕدا سوپای ئەو نەیجەر بە سەرۆکایەتی سوپاسالاری وڵاتەکە، توانیان سەرۆکی وڵاتەکەیان لەکار بخەن و حاڵەتی نائاسایی بۆ ماوەیەک رابگەیەنن، بەوەش فەرەنسا سەرەتا ویستی هێز لە دژیان بجووڵێنێت، بەڵام چەند وڵاتێکی دیکەی هاوشێوەی ئەفریقا پشتگیریی خۆیان بۆ سوپای نەیجەر راگەیاند و بەو هۆیەشەوە قەیرانی ئابووری فەرەنسا بەهۆی جەنگی روسیا – ئۆکرانیاوە قووڵتر بۆوە.
*سەرەڕای ئەو ئاڵۆزییەی لە ساڵی 2019 –ەوە بەهۆی کودەتای سوپا بەسەر عومەر حەسەن بەشیردا کراوە بەرۆکی سودانی گرتووە و دوای چەندین رێکەوتن و پێکهێنانی بەرەی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە، دواجار جەنگی ناوخۆ لەنێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا هەڵگیرسا و بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆری ئەو وڵایە ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەریان بوون و جالییەی وڵاتانی جیهانیش بەچەند وەجبەیەک خاکی سودانیان بەجێهێشت.
دانوستانەکان و یاسای بودجە
مانگی ئایار: 
قەوارە سیاسییەکانی عیراق و فراکسیۆنە جیاجیاکانی ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆکانیان دەستپێکرد سەبارەت بە بودجەی گشتیی عیراق بەجۆرێک کە بودجەکە بۆ هەرسێ ساڵی 2023-2024-2025 دابنرێت. 
مانگی حوزەیران
دوای چەندین کۆبوونەوە و دیداری سیاسی و کەسانی پسپۆڕی دارایی و ئابووریی رۆژی  12/6/2023 بودجە سێ ساڵییەکەی عیراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندکرا.
مانگی تەمموز
*ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ساڵی 2024 دەستی پێکرد و بۆ ئەم خولەش دووبارە هاوشێوەی هەڵبژاردنەکەی 2020، هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە کاندیدی کۆمارییەکان و جۆ بایدن-ی سەرۆکی ئێستا کاندیدی دیموکراتەکان کێبڕکێ دەکەن.
جەنگی نوێی ئۆکتۆبەر
سەرەڕای چەندین شەڕ و پێکدادانی پچڕپچڕی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان لەدوای رێکەوتننامەی ئۆسلۆوە لە ساڵی 1993، رۆژی 7/10/2023 بەشێوەیەکی کتوپڕ و چاوەڕوان نەکراو هێزەکانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە کەرتی ‌غەزەوە بە هەزاران مووشەکیان لە بەرەبەیاندا گرتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ئۆردوگا جوو نشینەکان و بەو هۆیەشەوە زیانێکی زۆری گیانی و مادی بەر ئیسرائیل کەوت. ئەم رووداوەش ئیسرائیلی شێتگیرکرد و بەهەموو جۆرە چەکێک هێرشێکی توندی کردە سەر کەرتی غەزە کە تا ئێستا جەنگەکە نەوەستاوە و دەیان هەزاران فەلەستینی چەکدار و مەدەنی بوونەتە قوربانی  و بە سەدان هەزاریشیان ئاوارە و دەربەدەر بوون.
بانگەشە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن
لە رۆژی 15/11 ەوە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان لە (15) پارێزگای عیراق دەستیپێکرد و رۆژی 18/12/2023 هەڵبژاردنەکە بەڕێوەچوو. لەو هەڵبژاردنەدا کورد لە هەر پێنج پارێزگای (کەرکوک، نەینەوا، سەڵاحەدین، نەینەوا و بە‌غدا) بەشداریی کرد و لە هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە رێژەیەکی باش سەرکەوتوو بوو و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو هەڵبژاردنەدا لە پارێزگای کەرکوک یەکەمی سەر هەموو لیستەکان بوو.
پانۆرامایەکی جیاواز
جیاواز لە پانۆرامای رووداوە سیاسییەکانی ساڵانی رابردوو کە لە کوردستانی نوێدا بە دووتوێی تایبەت ریزبەندیی کراوە، لەم دۆسیەیەدا مەبەستمان بوو هەم رووداوە گرنگەکان بەبیر بهێنینەوە و هەم پەیوەندیی رووداوەکان بەیەکترەوە، چونکە لەکاتێکدا زۆرینەی هەرەزۆری ئەوروپا و ناتۆ و ئیسرائیلیش لە جەنگی روسیا – ئۆکرانیادا چوونە پاڵ ئۆکرانیا، روسیا لە جەنگی حەماس و ئیسرائیلدا بێدەنگیی هەڵبژارد، لە کودەتاکانی باشووری ئەفریقادا پشتیوانیی زارەکی بۆ دەربڕین، ئەم جەنگ و کودەتایانەش زۆربەی دژ بە بەرژەوەندییە ستراتیژییە ئابووری و سیاسییەکانی ناتۆ و خۆرئاوایە بەگشتی. چینیش وەکو زلهێزێکی سیاسی و ئابووریی کێبڕکێکار لەگەڵ ئەمریکادا جۆرێک لە هاوسۆزیی بۆ سیاسەتەکانی روسیا هەیە، بەڵام پێناچێت لەبەر دۆخی تایوان، پەکین بە راستەوخۆ پشتیوانیی بۆ مۆسکۆ رابگەیەنێت. ئەم تابلۆ ئاڵۆزەی بەرەکانی جەنگی سیاسی و سەربازیی و ئابووریش ئەو راستییە دووپات دەکاتەوە کە جیهان نەوەدەکان و دەیەی رابردووشی بەجێهێشتووە و بەرە فرە جەمسەری هەنگاو دەنێت.   

کیڤن مەکارتی سەرۆکایەتی کۆنگرێسئ گەڕاندوە بۆ کۆمارییەکان

قوربانی و زیانی بوومەلەزرەکانی شوبات کرایە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا

بڕیارەکەی دادگای پاریس گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدای خێراتر کرد

ئەنجومەنی نوێنەران لە گفتوگۆی پڕۆژەیاسای بودجە سێ ساڵییەکەی عیراقدا

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نەخشەیەکی نوێی بۆ ئیدارە خۆجێیەکانی عیراق هێنایەکایەوە 

بابەتە پەیوەندیدارەکان