لەپەراوێزی مۆندیالی یانەكاندا

09:53 - 2023-12-26
وەرزش
113 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل




دوایین مۆندیالی یانەكان بە سیستمی كۆنی كۆتاییهات و پیپ گواردیۆلای ئیسپانی و یانەی مان سیتی ئینگلیزی بوون بە خاوەنی دواجام.
ئەم مۆندیالە كە دوا مۆندیال بوو بە شێوازە كۆنەكەی بەڕێوە بچێت، لە سعودیە رێكخرا، یانە پاڵەوانەكانی كیشوەرەكان تیایدا بەشدارییان كرد، یانەی مان سیتی لە یاریی كۆتاییدا 4-0 لە یانەی فلۆمێنسی بەرازیلی بردەوە و جامەكەی بەرز كردەوە، یانەی ئەهلی میسیریش پلەی سێیەمی گرت و لە یاریی دیارییكردنی پلەكانی سێیەم و چوارەمدا 4-2 لە یانەی ئۆراواریدی ژاپۆنی بردەوە، ئەم مۆندیالە رۆژی 12/12/2023 دەستیپێكرد و هەردوو یاریی كۆتایی و دیارییكردنی پلەكانی سێیەم و چوارەمیش شەوی 22/12 كران.
ریکۆردەکان
ریكۆردەكانی پیپ گواردیۆللا و مان سیتی و یاریزانێكی یانەكە بوون بە سیمبولی مێژووی ئەم بۆنە جیهانییە، یەكەمیان ئەوە بوو گواردیۆللا ناوی چووە جوانترین لاپەڕەكانی مێژووی ئەم بۆنە وەرزشییە جیهانییەوە بەوەی:
 *بوو بە یەكەم راهێنەر كە زۆرترین جامی ئەم مۆندیالەی بەرز بکاتەوە كە 4 جام بووە.
*بەم جامەوە ناوی چووە پێشەنگی راهێنەران كە زۆرترین نازناو بباتەوە ئەویش 37 جامە (16 لەگەڵ مان سیتی)(14 لەگەڵ بارسیلۆنا)(7 لەگەڵ بایرن موشن).
*مان سیتیش ناوی چووە لیستی براوەكانی جامی ئەم مۆندیالە و یەكەم جامی بەدەستهێنا.

ئەلڤارێز

*جولیان ئەلڤارێزی ئەرجەنتینی یاریزانی یانەی مان سیتی لە یاریی كۆتاییدا دوو گۆڵ لە گۆڵەكانی بردنەوەكەی مان سیتی كرد، جگەلەم دەستكەوتە ئەم یاریزانە بووبە یەكەم یاریزان لە تەمەنی 23 ساڵیدا و لەو تەمەنەی یارییكردنیدا ببێتە براوەی 14 جامی كیشوەری و جیهانی و ناوخۆیی وڵاتان لەنێویاندا ئەم جامە گرنگانە:
*جامی مۆندیالی 2022 – قەتەر.
*جامی لیپرتادۆریس.
*جامی مۆندیالی یانەكان.
*جامی كوپا ئەمریكا.
*جامی چامپیۆنس لیگی 2022-2023 لەگەڵ مان سیتی.
*جامی پاڵەوانی خولەكانی ئەرجەنتین و ئینگلتەرا.
*جامی سوپەری  ئەوروپا.
*جامی یەكێتیی ئینگلیزی.
*جامی فینالیسما.

مۆندیالی ئایندە

مۆندیالی ئایندە بەسیستمێكی نوێ و جیاواز لەم مۆندیالەی بەڕێوە دەچێت، 32 یانە بەشداریی تیادا دەكەن، دابەشی سەر 8 گروپ دەكرێن، مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025 دەستپێدەكات، یانەكانی كیشوەرەكان بەمشێوەیە بەشداریی تیادا دەكەن:
*ئەوروپا (12 یانە).
*ئاسیا(4 یانە).
*ئەفریقا(4 یانە).
*ئەمریكای باشوور(6 یانە).
*ئەمریكای باكوور(4 یانە).
*ئۆقیانیا(1 یانە).
*یانەیەكی وڵاتی رێكخەر.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان