منداڵەكانتان بۆ كارەكانی داهاتوو ئامادە بكەن

07:47 - 2022-05-29
ژینگە
381 جار خوێندراوەتەوە

تارا شێخ عوسمان 

تا ئێستا دایكان و باوكان حەز دەكەن منداڵەكانیان لە داهاتوودا ببنە پزیشك یان ئەندازیار و بۆ ئەمەش هەوڵی زۆر لەگەڵ منداڵەكانیان دەدەن، زۆرجاریش بەو هۆیەوە خۆیان و منداڵەكانیشیان تووشی دڵەڕاوكێی زۆردەبن جگە لەوەش خۆیان دەخەنە ژێر باری خەرجییەكی زۆرەوە، بەڵام پسپۆڕانی ئوستورالی قسەیەكی تر دەكەن و رێنمایی دایك و باوكان دەكەن واز لەو خەونە بهێنن و مناڵەكانیان بۆ  كۆمەڵێك كار و پیشەی دیكە ئامادە بكەن و تواناكانیان  لە چەند بوارێكی تردا گەشە پێبدەن كە لە داهاتوودا دەبنە ئەو پیشانەی باشترین داهاتیان دەبێت.
لیژنەی كارامەییە نیشتمانییەكانی ئوستورالیا، چەند پیشەیەكی دەستنیشان كردووە كە پێشبینی دەكرێت لە داهاتوودا زۆر برەوی هەبێت، لەوانەش چاودێری و كارە كۆمپیوتەرییەكان و توانای زانستیی  بواری تەكنەلۆژیای پەیوەندییەكان.
ئەو لیژنەیە ئاماژەی بەوە كردووە لە(10-20)ساڵی ئایندەدا هەندێك پیشە كە مرۆڤ ناتوانێت دەستبەرداری بێت وەك چاودێری كۆمەڵایەتی و هەندێك كاری رۆتینی دیكە كە پەیوەستە بە ژیانی مرۆڤەوە دەمێنن، بەڵام بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاوە هەندێك پیشەی تر یان كەم دەبنەوە یان بە تەواوی لەناو دەچن و جێگەی خۆیان بۆ رۆبۆت و ئامێرە تەكنەلۆژییەكان چۆڵ دەكەن، بۆیە داوای لە دایك و باوكان كردووە هەر لە ئێستاوە منداڵەكانیان هان بدەن تواناكانیان لەو پیشانەی داهاتوودا گەشە پێبدەن.
ئەو لیژنەیە  راستییەكی خستووەتەڕوو  كە پیشەكانی پزیشكیی و پەرستاری و ئەندازیاریش لەو مەترسی لە ناوچوونە بەدەر نیین، چونكە لە ئایندەیەكی نزیكدا رۆبۆتەكان كاری ئەوانیش رادەپەڕێنێت.
ئەمە لە كاتێكدایە  پێگەی(The Telegraph)ی بەریتانی توێژینەوەیەكی تۆڕی(Deloitte)ی بڵاوكردووەتەوە كە تۆڕێكی خزمەتگوزاری پیشەیی فرەنەتەوەییە و تێیدا ئەوەی ئاشكراكردووە، تا ساڵی(2036) بە تەنها (100) هەزار كار لە كەرتی یاساییدا بەرەو لەناوچوون دەچن  كە زۆربەیان كاری بچووكن.
وتەبێژی كۆمپانیای مەشقی پیشەیی بەریتانیا  ئەوەی خستووەتەڕوو، مرۆڤ پێویستی بەوەیە سوود لە داهێنانەكانیان وەرگرن بۆ ئەوەی سەركەوتن بەدەست بهێنن و پێویستە دایكان و باوكان منداڵەكانیان هان بدەن بۆ بیركردنەوەی لە هەموو ئەو شتانەی پەیوەندییان بە زانست و تەكنەلۆژیا و ئەندازە و بیركارییەوە هەیە.
ئایندەی بازاڕی كار
بەشێك لەو كار و پیشانەی كە تا بیست ساڵی داهاتوو گەشە دەكەن و برەویان دەبێت ئەمانەن:
ئەندازیاریی ئۆتۆمبێلی كارەبایی بێ شۆفێر 
ئەم بوارە پێویستی بە كەسانێك دەبێت كە شارەزابن لە پرۆگرامسازیی كۆمپیوتەر و ئەندازە و بیركاری و دروستكردنی سیستمی پرۆگرامی ژیریی دەستكرد.
چاككردنەوەی سیستمە ئالیی و رۆبۆتەكان 
ئەم كارەش دەبێت ئەو كەسانە بیكەن كە شارەزاییان هەیە لە چاككردنەوە و تاقیكردنەوەی رۆبۆتەكان بەر لە كاركردنیان و یان چاككردنەوەیان لەكاتی تێكچوون و لەكار كەوتنیان.
تەكنیكارانی  بواری درۆنەكان
 دوای ئەوەی درۆنەكان لە سەرتاسەری جیهاندا بەشێوەیەكی بەرچاو و لە زۆربەی بوارەكاندا بەكاردەهێنرێن، بۆیە پێویستە كەسانێك لەم بوارەدا گەشە بە تواناكانیان بدەن بۆ داهێنان و نوێكاری.
دۆزینەوەكان لە بۆشایی ئاسماندا
 لەبەرئەوەی گەڕان بە دوای نهێنییەكانی ناو بۆشایی ئاسمان و گەردوون، بووەتە ئامانجێكی زانستیی و كاری بەردەوام لەو بوارەدا دەكرێت و پێشكەوتنی بەرچاویش هاتووەتە دی، جیهان پێویستی بە زاناو ئەندازیاری زیاتر دەبێت بۆ كاركردن لەسەر ئەو تەكنەلۆژیایانەی پێویستن بۆ دروستكردنی موشەك و رۆكێت و سەتەلایتی پێشكەوتوو بە ئامانجی زیاتركردنی گەشتەكان بۆ سەر رووی مانگ و مەریخ و هەسارەكانی تریش، هەروەها پێویستە كەسانی شارەزاش هەبن بۆ دابینكردنی خۆراك و چارەسەركاری سروشتیی تایبەتمەند بۆ یارمەتیدانی مرۆڤ تا بتوانن بەرگەی ژینگە نالەبارەكانی مانگ و هەسارەكانی تر بگرن.
پسپۆرانی تایبەتمەند لە بواری وزەی سەوز 
 مەبەست لە وزەی سەوزیش دۆزینەوەی جێگرەوەی ئەو وزانەیە كە بوونەتە هۆی پیسكردنی ژینگە و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای زەوی.
  بواری پرینتەری سێ دووریی
 لەبەرئەوەی پرنتی سێ دووریی وەك شۆڕشێك بوو لە زۆر بواردا لەوانە بواری پزیشكیی و دروستكردنی خانوو، بۆیە جیهان پێویستی بە كەسانی شارەزا دەبێت  بۆ ئەوەی  پرنتی سێ دووریی  لە ئاستێكی بەرفراوان دا خێراتر و كەم خەرجیتر بكەن.
پسپۆڕانی تەكنەلۆژیای زیندەیی
لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەم جۆرە پسپۆڕییە خواستێكی زۆری لەسەر دەبێت بە تایبەت ئەو كارانەی پەیوەستن بە چاككردنەوەی خانەكانی مرۆڤ و كۆئەندامی دەمار.
 ئەو كارانەی لە داهاتوودا داهاتێکی زۆریان دەبێت 
 نیكۆلاس بادیمنتۆن چاودێری ستراتیژیی سەبارەت بە كار و پیشەكانی داهاتوو پێشبینی دەكات تا ساڵی 2040 ئەم پیشانە زۆرترین موچەی دەبێت.
-ئەوانەی دەبنە زانای  مۆراڵەكان لە بواری داهێنانە زانستییەكاندا.
-چالاكەكانی بواری هونەر و داهێنان.
ئەو پسپۆڕە دەڵێت: هەرچەندە زانست گەشەكردنی بەرچاو بە خۆوە دەبینێت، بەڵام هونەر وەك بەشێكی جیانەبووە وە لە ژیانی مرۆڤ هەر گرنگیی خۆی دەبێت، بەڵام پێشبینی دەكرێت كە هونەریش دەستی زانستی بەركەوێت و تێكەڵییەك لە  نێوان و هونەر و تەكنەلۆژیادا دروست بێت.
-مەشقپێكەرانی ئابووریی زانیارییەكان.
-زانایانی زانیارییەكان.
-پسپۆڕانی ئاسایشی سایبرانی و زانیاریی چەواشەكاریی.
بەهۆی ئەوەی رەنگە لە ئایندەدا هێرشە ئەلكترۆنییەكان زیاتر بن، بۆیە پسپۆڕی بواری ئاسایشی سایبرانی زۆر گرنگە تا كەسەكان لەو هێرشانە و لە زانیارییە چەواشەكارییەكان و لێكەوتەكانی بپارێزن.

سەرچاوە: Aljazeera.net

بابەتە پەیوەندیدارەکان