پلاتفۆرمی سلێمانی زیرەك بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كێشەكان

10:32 - 2024-01-08
کوردستان
396 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لە سلێمانییەوە پلاتفۆرمی سلێمانی زیرەك راگەیەنرا كە پرۆژەیەكە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كێشەكان و باشتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان و هەمووانیش دەتوانن بیرۆكە و دەستپێشخەرییەكانیان تۆمار بكەن.
پلاتفۆرمی سمارت سولی (SMARTSULI) دەستپێشخەرییەكی نوێی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی شاری سلێمانی لەپێناوی باشتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان لەڕێگای بەیەكەوە كاركردن و چارەسەرە زیرەكەكان و داتا و تەكنەلۆجیای زیرەك و بەستنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەیەكەوە، كە سلێمانی دەكاتە شارێكی پێشەنگ لەداهێنان لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق.

پڕۆژەكە سوود بە هەموو لایەك دەگەیەنێت
دوای راگەیاندنی پلاتفۆرمی سمارت سولی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: «پڕۆژەكە سوود بە هەموو لایەك دەگەیەنێت، لە سلێمانییەوە دەستپێدەكات و دەتوانرێت لە شارەكانی دیكەش بەردەوامی پێبدرێت».
سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران، قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەدا كە «هەوڵ دەدرێت چارەسەرێكی ریشەیی بۆ كێشەی مووچە بدۆزرێتەوە، وەفدەكەمان لە بەغدایە و كۆبوونەوەكانیان بەردەوامە و گەشبینم بەوەی كە كێشەی مووچە چارەسەر بكرێت، هەروەها هەوڵ دەدرێت بۆ ئەوەی یاسای بودجە هەمواربكرێتەوە تا كێشەی مووچە بە تەواوی چارەسەربكرێت و  رێكەوتنێكی گشتگیرمان لەگەڵ حكومەتی بەغدا هەبێت». وتیشی: « هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی ئەو سێ مووچەی كە لە ساڵی رابردوودا دابەشنەكراوە، نەفەوتێت، چونكە ئەوە مافێكی یاسایی مووچەخۆرانە».
ئەوەشی خستەڕوو كە «مامۆستا بەڕێزەكان مافی خۆیانە داوای مافەكانیان دەكەن، ئێمەش لە پەیوەندیداین لەگەڵیاندا، بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردەش بەشێك لە داواكارییەكانی مامۆستایانی تێدایە، هیوادارم ئەو بڕیارانە ببنەهۆی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و چیتر خوێندكاران لە خوێندن دوانەكەون».

پارێزگاری كەركوك مافی یەكێتییە
سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری كەركوك، قوباد تاڵەبانی، باسی لەوەكرد كە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەكان كۆك و یەك هەڵوێستبن بۆئەوەی نەهێڵن چیتر غەدر لە كەركوكییەكان بكرێت، پارێزگاری كەركوكیش مافی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە. «ئامادەین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش».
لە كۆتایی قسەكانیشیدا، جێگری سەرۆك وەزیران، وتی: «ئیدانەی هێرشەكان دەكەین، كە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان، ئەو هێرشانە ئاڵۆزییەكان زیاد دەكات و بە هەموولایەك دەڵێین دەبێت كۆتایی بێت، چونكە ئەمە رێگایەكی دروست نییە».

PUKMEDIA

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان