وەرزی نوێی تێنسی سەرزەوی

09:55 - 2024-01-09
وەرزش
145 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل



ئەم مانگە (جەنیوەری- 2024) مانگی دەستپێكردنەوەی وەرزێکی نوێی پاڵەوانێتییەكانی تێنسی سەرزەوییە و سەرجەم كوڕ و كچە ناودارەكانی جیهانیش چاویان لەوەیە ئەمساڵ لەساڵی پار باشتر خۆیان دەربخەن و بەگوڕ و تینێكی نوێوە بێنەوە ناو یاریگا تارتان و لمییەكانی ئەم وەرزشە.
هەمیشە مانگی یەكەمی هەموو ساڵێك سەرجەم كوڕو كچە ناودارەكانی جیهان بۆ دەستپێكردنی كاروانی یارییەكان و بۆ بەشدارییكردن لە پاڵەوانێتییە گرنگەكانی ئەم ساڵە نوێیە، لە ئوستورالیا و نیوزیلەندا كۆدەبنەوە، یەكەمیان بۆ ئەوەی بەشداریی چەند پاڵەوانێتییەكی 250 خاڵی بكەن كە لەو دوو وڵاتە هاوسێیەی یەكتر بەڕێوە دەچن، پاشان بەشداریی یەكەم گراند سلامی ئەمساڵ بكەن كە هەر ئەم مانگە لە ئوستورالیا بەڕێوە دەچێت. 
گرنگترین پاڵەوانێتییەكانی ئەم مانگە
كچان
تائێستا چەند خولێكی 250 خاڵی و 500 خاڵی كراون یان بەردەوامن، خولی بریسبین كۆتاییهات و ئیلینا رایباكینای كازاخستانی لە یاریی كۆتاییدا توانی لە ئارینا سابالینكای بیلۆ روسی بباتەوە، لە خولی ئۆكلاندیشدا كۆكۆجۆفی ئەمریكی یەكەم بوو لە یاریی كۆتاییدا لە یلینا سیڤیۆتیلینای بردەوە، ئێستاش هەردوو خولی كانبێرا و هۆبەرت لە ئوستورالیا بەردەوامن.
كوڕان
لە خولەکانی كوڕانیشدا، بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممەی رابردوو یاریی كۆتایی خولی بریسبین كراو تیایدا گریگۆری دیمترۆڤی بولگاری لە هۆگلەر رۆنی دانیماركی بردەوە، لە خولی كانبێراشدا نۆریا پاریزاس یەكەم بووە، ئێستاش هەردوو خولی ئەدیلاید و ئۆكلاند دەستیان پێكردووە.
یەكەم گراند سلام
سەبارەت بە پاڵەوانێتییەكانی گراند سلام و ماستەرزەكانیش، ئەم مانگە تەنیا گراند سلامی ئوستورالیا (AO OPEN) بەڕێوە دەچێت كە یەكەم گراند سلامە لەكۆی چوار گراند سلامەكەی ساڵی 2024.
گراند سلامی ئوستورالیا 
*یەكەم گراند سلامە لە كۆی چوار گراند سلامی ساڵ.
*لە ئوستورالیا و لە شاری ملبۆرن رێكدەخرێت.
*15/1 دەستپێدەكات و 28/1 كۆتاییدێت.
*بۆ كوڕان و كچانە.
*128 كوڕو 128 كچە یاریزان بەشداریی تیادا دەكەن.
*كۆی بڕی خەڵاتەكانی كوڕان 76:5 ملیۆن دۆلارە.
*كۆی بڕی خەڵاتەكانی كچان نزیكە 23 ملیۆن دۆلارە.
*ساڵی پار ئارینا سابالینكای بیلۆ روسی پاڵەوانی خولی كچان بووە.
*ساڵی پار نۆڤاك جۆكۆڤیچی سربی پاڵەوانی خولی كوڕان بووە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان