ئا / مەعروف مەجید *
هەركام لە ئێمە دەتوانین لە ژیانی رۆژانەماندا، چ لە ماڵەوە و چ لەسەر كار، شتی سادە بکەین و بەشێوەیەكی بەرچاو و كاریگەر بەشداریی لە پاراستنی ژینگەدا بكەین.
لێرەدا ئاشناتان دەكەین بە چەند كارێك كە لە رێگەیەوە دەتوانین ژینگە بپارێزین و هیچ پارەیەكیشی تێنەچێت و بگرە پارەشمان بۆ دەگەڕێتەوە.
گرتنەوەی بەلووعەكە
ئەگەر ددانەكانمان بە فڵچە بشۆین، یان دەستەكانمان بشۆین یاخود مەنجەڵ بشۆین، ئێمە وەک نەریتێکی باوی هەڵە هەمیشە بەلوعەکە بە كراوەیی بەجێدەهێڵین. بەپێی توێژینەوەیەكی زانكۆی ئۆڵدنبێرگی ئەڵمانیا، ئێمە نزیكەی 12 لیتر ئاوی خواردنەوە بەفیڕۆ دەدەین تەنها لەكاتی شوشتنی ددانەكانماندا كاتێك کە بەلووعەكە بە كراوەیی بەجێدەهێڵین.
خۆ نەشۆردن لەناو بانیۆدا
ئەوانەی كە لە گەرماودا لەناو بانیۆدا خۆیان دەشۆن، نزیكەی 140 لیتر ئاو بەكاردەهێنن. بۆیە پێشنیاز دەکرێت لەو شێوازە خۆشۆردنە دووربکەنەوە، بەپێی لێکۆڵینەوەی كۆمەڵەی ئەڵمانیا بۆ پاراستنی ژینگە و سروشت، خێزانێكی چوار كەسی ساڵانە زیاتر لە 300 یۆرۆ پارەی بەكارهێنانی ئاو و كارەبایان بۆ دەگەڕێتەوە ئەگەر بێت و واز لە بەكارهێنانی بانیۆ بهێنن و بە شێوەی ئاسایی خۆیان بشۆن.
پەنجەرەكە بە تەواوی بكەرەوە
لە جیاتی كردنەوەی بەشێك لە پەنجەرەكەت بۆ ماوەی چەند سەعاتێکی درێژ لە زستاندا، دەبێت هەموو پەنجەرەكە لە رۆژێكدا چەند جارێك بكەیتەوە بۆ هەواگۆڕکێ و تا بە تەواوی هەوا لە چەند خولەكێكدا نوێ بكەینەوە.
بە پێی WWF، بە خۆلادان لە كردنەوەی بەشێكی پەنجەرەكە بۆ چەند سەعاتێکی درێژ لە رۆژانی ساردو سەرمادا، دەتوانین 300 كیلۆگرام دی ئۆكسیدی كاربۆنی زیانبەخشی ژینگە کەمبکەینەوە.
بەكارنەهێنانی پاتری
دامەزراوەی ژینگەی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا، ئامۆژگاریی ئەوەمان دەكات کە دژی بەكارهێنانی پاتری نەریتی بین بە گەڕانەوە بۆ بەكارهێنانی ئامێرە كارەباییەكان، بەبێ ئەوەی پێویستی بە پاتری هەبێت.
بەرهەمهێنانی پاتری كە ناتوانرێت دووبارە بارگاوی بكرێت لە نێوان 40 بۆ 500 ئەوەندەی وزە زیاترە لەوەی كە لە كاتی بەكارهێناندا بەرهەم دەهێنرێت و ئەو كارەبایەی كە بەدەستمان دێت 300 جار هەرزانترە لە پاتریی ئاسایی.
كوژاندنەوەی تەواوەتی ئامێرە كارەباییەكان
تەنها ئەوە بەس نییە كە ئامێرە كارەباییەكان بە كۆنترۆڵەكە بكوژێنینەوە، بەڵکو دەبێت بیانکوژێنینەوە و وزەی كارەبایان بەتەواوی لێ ببڕدرێت، ئەگەر ئامێرەکان گڵۆپ یا رووناکی بدەن، ئەوا بەشێک لە وزە سەرف دەبێت تەنانەت ئەگەر کوژاوەش بێت.
داپۆشینی سەری مەنجەڵ
سندوقی ژینگەی جیهانی، پێشنیازی بەكارهێنانی سەرقاپی مەنجەڵ دەكات لەكاتی چێشتلێناندا، چونكە لەو رێگەیەوە دەتوانین نزیكەی 65 ٪ی ئەو كارەبا یان گازەی كە لەكاتی چێشتلێناندا بەكاردەهێنرێت، كەم بكاتەوە.
خۆلادان لە بەكارهێنانی وشككەرەوەی قژ
وشككەرەوەی قژ( ڤێر) ئامێرێكە كە بڕێكی زۆر وزە بەكاردێت، بۆیە پێشنیاز دەكرێت كە خۆمان لە بەكارهێنانی دوور بخەینەوە و قژی تەڕ بە خاولی و دەستماڵێك وشك بكەینەوە.
بەكارهێنانی كوپێكی قاوە
عاشقانی قاوە حەزیان لە خواردنەوەیە، تەنانەت لەكاتی رۆیشتنیان بۆ سەر شەقام یان لە رێگای كاركردن بۆ نموونە، وەک عادەتیش بۆ یەكجار فنجانی پلاستیكی یان كارتۆن بەكاردەهێنن. هەرچۆنێك بێت، زیادبوونی بەكارهێنانی ئەم فنجانانە، كێشەیەكی ژینگەییە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ زیادكردنی زبڵ و پیسبوونی ژینگە، بۆیە پێشنیازكراوە بە بەكارهێنانی كوپێكی پاراستنی گەرما كە دەتوانرێت بشۆردرێت و چەندجارێک بەكاربهێنرێت.
كیسی خام نەك نایلۆن
جارێك بەكارهێنانی كیسی پلاستیكی و فڕێدانیان، دواتر پیسبوونی ژینگە زیاد دەكات، بۆیە پێشنیاز دەكرێت فڕێیان بدەیتە ئەو شوێنانەی كە جارێكی تر بەكاردەهێنرێتەوە (ریسایكل) دەكرێن. یان لە بری كیسی پلاستیكی (نایلۆن)، كیسی قوماش بەكاربهێنرێت لەكاتی كڕینی پێداویستیی رۆژانەدا و دەتوانین بۆ چەندین جار بەكاری بهێنین، چونکە ئەو مادەیە دۆستی ژینگەیە.
*سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە