قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیجی تایبەتی خۆی نووسیویەتی:
ئایەتوڵڵا سەید محەمەد باقر ئەلحەكیم هاوڕێیەكی دێرینی سەرۆك مام جەلال و دۆستێكی نزیكی گەلی كورد بوو لە قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی رژێمی بەعس، وەك نەریتی بنەماڵەی بەڕێزی حەكیم تێگەیشتنێكی قووڵیشی بۆ مافەكانی گەلی كورد و گرنگیی دۆستایەتی و هاوپەیمانی نێوان هەردوو پێكهاتەی كورد و شیعە هەبوو، بەڵام بەداخەوە تیرۆریستان هەرزوو كردیانە ئامانج و نەژیا تا لەگەڵ سەرۆك تاڵەبانی خەون و پڕۆژەكانی عیراقی نوێ درێژەپێبدات.
ئەو گرژی و لێكتێنەگەیشتنانەی بەم دواییانە لە عیراق لە نێوان هەرێم و ناوەند سەریانهەڵداوە بەشێكی هۆكارەكەی ماڵئاوایی كەسانی وەك سەید محەمەد باقر و سەید عەبدولعەزیزی برای و سەرۆك تاڵەبانی بوو، كە لە ئاستێكی بەرزی هەماهەنگی و لێكگەیشتندا مامەڵەیان لەگەڵ یەكتر دەكرد و مێژووی درێژی خەبات و ئازارەكانی سەردەمی دیكتاتۆریەتیان لە عیراق لەبەرچاودەگرت.
ئێستا، كە یادی شەهیدبوونی ئەم كۆڵەكەیەی بنەماڵەی بەڕێزی حەكیم دەكەینەوە، لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ رێباز و روحیەتی كاری پێكەوەیی هەردوو خوالێخۆشبوو، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، نەك هەر ئەوە، بەڵكو زۆرێك لە كێشەكانی دیكەی عیراقیش.
بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ لە بەغدا بەشداربووین لە یادی شەهیدی میحراب..