پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٩/٥/٢٠٢٢، وەفدێکی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بەسەرۆکایەتی ئۆلیڤەر دیکسن بەرپرسی دیسکی عیراق سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی کرد و لە لایەن هەڤاڵ ئەمین بابەشێخ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبەوە پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە و مەترسی داعش کرا، هەردوولا تەئکیدیان لە بەردەوامی هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکان کردەوە لە نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێستی روونی یەکێتی لەسەر پرسە سیاسییەکانی هەرێم و بەغدا خرایەڕوو، هەردوولا ئاماژەیاندا کە پێویستە پێکهێنانی حکومەت و کێشەی ناوچە کێشەلەسەرەکان و شایستە داراییەکان لە رێگەی دانوستاندن و بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن.