جامی سوپه‌ر به‌ تامی كلاسیكۆ

ئه‌نچیلۆتی ده‌یه‌وێت تۆڵە بكاته‌وه‌ و چاڤی ده‌یه‌وێت سه‌ركه‌وتنی پار دووباره‌ بكاته‌وه‌

10:19 - 2024-01-14
وەرزش
483 جار خوێندراوەتەوە

ره‌وه‌ز ئیسماعیل


ئه‌مشه‌و له‌ یاریگای (ئه‌وه‌ل پارك) له‌ ریازی پایته‌ختی سعودیه‌، یاریی كۆتایی جامی سوپه‌ری ئیسپانیا ده‌كرێت و سه‌عات 10 ی شه‌و  و فیكه‌ی ده‌ستپێكی ئه‌م یارییه‌ لێده‌درێت.
له‌ وه‌رزی 2019-2020 – ە وه‌ پاڵه‌وانێتی جامی سوپه‌ری ئیسپانیا له‌ سعودیه‌ بەڕێوەدەچێت و تیپی 4 یانه‌ی ئیسپانیا به‌شداریی تیادا ده‌كه‌ن، یانه‌كانیش بریتی ده‌بن له‌ پاڵه‌وانی لالیگا و یه‌كه‌می خولی جامی شای ئیسپانیاو دووه‌می ئه‌و دوو خوله‌، یارییه‌كان به‌ سیستمی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ یه‌ك دۆڕاندن ده‌بن، له‌ ساڵی 2019 ه‌وه‌ ئه‌م سیستمه‌ بۆ یارییه‌كان په‌یڕەو‌ ده‌كرێت، پێشتر راسته‌وخۆ پاڵه‌وانی لالیگا و یه‌كه‌می جامی شای ئیسپانیا ئه‌م یارییه‌یان ده‌كرد.
وه‌رزی رابردووش هه‌ر ئه‌م دوو یانه‌یه‌ یاریی كۆتاییان كردووه‌و بارسیلۆنا جامی پاڵه‌وانی به‌رز كرده‌وه‌و له‌ یاریی كۆتاییدا له‌ ریاڵ مه‌دریدی برده‌وه‌.
بارسیلۆنا
تیپی یانه‌ی بارسیلۆنا ئه‌مساڵ كاتێك به‌ شداریی ئه‌م یاریی و ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ ده‌كات، به‌بارو دۆخێكی باشدا تێپه‌ڕ نابێت، سێیه‌می لالیگایه‌، له‌ یارییه‌كانی ئه‌م دواییه‌دا زۆر به‌ زه‌حمه‌ت له‌ ركابه‌ره‌كانی بردۆته‌وه‌، پێكانی یاریزانی زۆری هه‌بووه‌، ئێستا و له‌م كاته‌دا هه‌ر له‌ تیرشتیگنی گۆڵچییه‌وه‌ بۆ گابی و ئینیگۆ مارتینز و له‌م پاڵەوانێتییەدا رافیناش چۆته‌ ریزی یاریزانه‌ پێكراوه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ له‌ یاریی یه‌كه‌میدا 2-0 له‌ ئۆساسۆنای برده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌دای تیپه‌كه‌ مایه‌ی ره‌زامه‌ندی هانده‌رانی نییه‌.
ریاڵ مه‌درید
به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ریاڵ مه‌درید له‌ ئاستێكی باش و دڵخۆشكه‌ردایه‌، یه‌كه‌می ریزبه‌ندیی لالیگایه‌، له‌كۆی 19 یاریی ئه‌م خوله‌ یه‌ك دۆڕاندنی هه‌یه‌ 1-3 به‌ ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید، 3 یارییش یه‌كسان بووه‌ و 15 بردنه‌وه‌ی هه‌یه‌، له‌م خوله‌شدا بردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تۆمار كردو توانی 5-3 له‌ ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید بباته‌وه‌ بگاته‌ ئه‌م یارییه‌.
هه‌ردوو راهێنه‌ر
چاڤی هێرناندێز و كارلۆ ئه‌نچیلۆتی له‌م یارییه‌دا به‌وپه‌ڕی وریاییه‌وه‌ به‌شداریی ئه‌م یارییه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌نچیلۆتی ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی دۆڕاندنی ساڵی پار بكاته‌وه‌و چاڤیش ده‌یه‌وێت سه‌ركه‌وتنی ساڵی پار دوو باره‌ بكاته‌وه‌.
پێكهاته‌ی هه‌ردوو لایه‌ن
وه‌ك سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵی نزیك له‌ هه‌ردوو یانه‌ بڵاویانكردۆته‌وه‌، هه‌ردوو راهێنه‌ر ره‌نگه‌ بۆ ئه‌م یارییه‌ به‌م دوو پێكهاته‌یه‌وە یاریی بكه‌ن، چاڤی هێرناندێز ده‌یه‌وێت ناوه‌ندی یاریگا كۆنترۆڵ بكات و نه‌هێڵێت ریاڵ مه‌درید به‌ئاسانی ئه‌م هێڵه‌ ببڕن و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی ریاڵ به‌ پلانی 4-4-2 یاریی بكات به‌مشێوه‌یه‌:
*گۆڵچی:ئینیاكی پیینا.
*به‌رگری:كۆندی، ئاراوخۆ، كریستینسن، باڵدی‌.
*ناوه‌ند:دی یۆنگ، گۆندۆگان، پیدری، سێرجی رۆبیرتۆ یان فێرمین.
*هێرشبه‌ر:لیڤاندۆڤسكی و جواو فیلیكس.
ریاڵ مه‌دریدیش ماوه‌یه‌ك پێكانی زۆری هه‌بوو، چه‌ند یاریزانێكی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ یاریی كردن، به‌ڵام كۆرتوای گۆڵچی و داڤید ئالابا و میلیتاو دیارترین ئه‌و یاریزانانه‌ن كه‌ به‌هۆی پێكانه‌وه‌ یاریی ناكه‌ن، به‌ڵام له‌م یاریه‌یدا به‌پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی چه‌ند یاریی رابردووی یارییده‌كات به‌مشێوه‌یه‌:
*گۆڵچی:كیپا.
*به‌رگری:میندی، رۆدیگێر،كارڤاخال، ناچۆ.
*ناوه‌ند:مۆدریچ، چاومینی، ڤاڵڤێردی.
هێرشبه‌ر:بیلینگهام، رۆدریگۆ، ڤینیسیۆس جونیۆر.

#وەرزش

بابەتە پەیوەندیدارەکان