دیمەن مستەفا، بێژەری هەواڵی ئابوورییە لە كەناڵی گەلی كوردستان، بەشی راگەیاندنی لە پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی تەواوكردووە، ماوەی 14 ساڵە لە راگەیاندن كار دەكات.
دیمەن مستەفا بە دوالاپەڕەی وت: كاتێك سەرەتا لە پەیمانگە خوێندكار بووم، كامێرایەكم كڕی و لە سروشت ئەو شتانەی لام جوان بوون وێنەیم دەچركاند، زۆرجاریش بابەتم دەنووسی بۆ رۆژنامە كاتێك بابەتێكیان دادەنام زۆر دڵخۆش دەبووم، بابەتەكانی دەمنووسین كۆمەڵایەتی بوون، دواتر لە یەكێك لە كەناڵەكان دەستمپێكرد تا ساڵی 2016 ئیتر لە كەناڵی گەلی كوردستان دەستمپێكرد تا ئێستاش بەردەوامم، لێرە بەرپرسانی دەزگاكە هاوكارییەكی زۆرباشم بوون، پشتگیریان كردم بۆ ئەوەی بتوانم بەرەو سەركەوتن هەنگاو بنێم، دواتر بووم بە بێژەری سیاسی، بەڵام لەبەرئەوەی هیچ بەینم لەگەڵ سیاسەت نەبوو نەمتوانی سەركەوتووبم.
دیمەن وتیشی، دواتر بووم بە بێژەری هەواڵی ئابووری هەرچەندە ئابووریش پسپۆڕییەكی باشی دەوێت، بەڵام بەخۆیندنەوە و بەدواداچوون توانیم خۆم بگونجێنم و زۆر مورتاحم لەگەڵ بەشەكەم، خێزاندارم هاوسەرەكەم پاڵپشتییەكی زۆر باشمە خاوەنی 3 منداڵم گونجاندنێكی زۆرباشم لەگەڵ خێزان و كارەكەم كردووە، بەجۆرێك هیچیان هەقی ئەوی تریان نەبات و هیچ بیرم لە گۆڕینی پیشەكەم نەكردووتەوە، چونكە پێم وایە لەم رێگەیەوە دەتوانم خزمەتی كۆمەڵگەكەم بكەم، بەڵام هەمیشە پێموابووە دەكرێت باشتر كاربكەین و خۆمان بەرەوپێش ببەین، چونكە بەشێكی گرنگی بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگە بەندە بەپێشكەوتنی راگەیاندنەوە ئامانجم ئەوەیە دیوە جوانەكەی راگەیاندن بە گۆمەڵگەكەم پیشان بدەم و خزمەت بكەم و راستییەكان وەك خۆی بگوازمەوە، راگەیاندن زۆرشتی جوانی فێركردووم، فێری ئەوەی كردم پشت بەخۆم ببەستم فێری كردم ئەرشیفێكی جوان بۆ ژیانی خۆم تۆماربكەم، ئەوەشم بیرنەچێت باوكم و خێزانەكم هەمیشە پاڵپشتم بوون بەردەوام هانیان داوم بۆ كاری باشتر.
دیانا ئەحمەد