پەیامی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ دووەمین كۆنفرانسی بۆردی راگەیاندن

10:46 - 2024-01-14
دووتوێ
319 جار خوێندراوەتەوە
#لیژنەی بینراوو بیستراو لە ساڵۆنی کوردستانی نوێ

ئامادەبووانی دووەمین كۆنفرانسی رێكخستنەوە و داڕشتنەوەی سیاسەتی میدیایی و ئامادەسازی بۆ قۆناغی نوێ  هەڤاڵانی بۆردی راگەیاندن  میدیاكارانی خۆشەویست

سەرەتا پیرۆزبایی بەستنی كۆنفرانستان لێدەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

بەڕێزان

دەمەوێت لە دڵەوە سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی ئێوەی دڵسۆز و خۆشەویست بكەم بۆ هەوڵەكانتان لە سەرخستنی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە و یەكێتییەكەتان لە كەركوكی قودسی كوردستان، بێگومان رۆڵێكی گرنگ و كاریگەرتان گێڕا لە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن و شانازیتان پێوەدەكەین.

بە هەنگاوی كردەیی، میدیاكانمان رێكبخەینەوە و سیاسەتێكی نوێی كاریی میدیایی دابڕێژین، كە لە خزمەت كوردستان و بەرژەوەندییە 
نیشتمانییەكاندا بێت

دڵخۆشم، كە بۆردی راگەیاندن كۆنفرانسەكەی سەرچاوەیەكە بۆ بەهێزكردنی  رایەڵەی میدیایی لە سەرجەم ئۆرگانە حزبییەكاندا،  كە نوێنەرایەتیی راگەیاندنی تەواوی مەكتەب و  مەڵبەندەكانی لەخۆگرتووە

ئامادەبووانی خۆشەویست
ئەمڕۆ میدیا لە جیهاندا لەبەردەم گۆڕانكاری و بەرەوپێشچوونی بەردەوامدایە، نوێبوونەوە و داهێنان خواست و ئەركی سەرەكیی میدیاكانە لەپێناوی خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەكە و هەنگاونان لەگەڵ خواستی خەڵك و ململانێ پیشەییەكان.
لەگەڵ وردبوونەوە و تێگەیشتنمان لە دۆخی میدیا لە جیهاندا، پێویستە ئێمەش بە روانین و دیدگایەكی نوێوە، بە سوودوەرگرتن لە پێشكەوتنە تەكنەلۆجییەكان و پابەند بە بنەماكانی كاری رۆژنامەوانی، سیاسەت و ستراتیجێكی نوێ بۆ میدیا بنووسینەوە و هاوشانی بەرەوپێشچوونە میدیاییەكان هەنگاوبنێین.

هەڤاڵان و خوشك و برایان
ئێوە هەمووتان قەڵەمی بەئەمەك و خۆنەویستی یەكێتی بوون و لە بەرگریكردن لە یەكێتی و دۆزی رەوای گەلەكەمان، دەنگی ئازا و دلێر بوون، ئەمە جگەلەوەی لە قۆناغی ئاشتیشدا رۆڵی گرنگتان لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە گێڕاوە و رەوتی رۆژنامەوانی و رۆشنبیریتان بەرەوپێشبردووە. ئێمە شانازیی بە هەمووتانەوە دەكەین و لە توانا و لێهاتووییتان دڵنیاین، دڵنیام لەم كۆنفرانسەشدا سوود لە كەسانی پسپۆڕ و ئەكادیمی وەردەگرن و پێكەوە بەرەو قۆناغێكی نوێی میدیایی هەنگاودەنێن، كە لەئاست خواستی خەڵكدایە و هاوتایە لەگەڵ میدیا پێشەنگەكانی جیهاندا.
ئازیزان
میدیاكانمان بە بینراو، نووسراو، بیستراوەوە پێویستیان بە بەخۆداچوونەوەی جدی و گۆڕانكاریی ریشەیی هەیە، دەزانین شانازیمان لە رابردوودا زۆرن، بەڵام ئەمە بەتەنیا بەس نییە و پێویستە روانینمان بەرەو داهاتوو بێت. بۆ ئەمەش پێویستە بە بیرێكی نوێگەر و داهێنەرانەوە مامەڵە لەگەڵ میدیا بكەین و بە هەنگاوی كردەیی، میدیاكانمان رێكبخەینەوە و سیاسەتێكی نوێی كاریی میدیایی دابڕێژین، كە لە خزمەت كوردستان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەكاندا بێت.
دڵخۆشم، كە بۆردی راگەیاندن كۆنفرانسەكەی سەرچاوەیەكە بۆ بەهێزكردنی رایەڵەی میدیایی لە سەرجەم ئۆرگانە حزبییەكاندا، كە نوێنەرایەتیی راگەیاندنی تەواوی مەكتەب و مەڵبەندەكانی لەخۆگرتووە.
لە كۆتاییدا جەخت لەوەدەكەمەوە كە نان و ئازادی بۆ رۆژنامەنووسان و نووسەران، تەنیا دروشمێكی سیاسی نەبووە، بەڵكو فەرهەنگی سەنگینی سەرۆك مام جەلالە و دەیپارێزین. ئێوە بەرەو نوێبوونەوە و داهێنان هەنگاوبنێن و ئێمەش بە دڵ پشتیوانتان دەبین.

شاد و سەرفرازبن

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

#کۆنفرانس

بابەتە پەیوەندیدارەکان