ئامادەبووانی ئازیز
بەیانیتان باش
هەڤاڵ بافڵ لەبەر سەرقاڵی و مەواعیدی پێشوەختەوە، نەیتوانی بەشداری كۆنفرانسەكەمان بكات، بەڵام بەسوپاسەوە بە پەیامێكی نایاب و پڕ بایەخ و پشتیوانییەكی زۆرەوە، بەشداری كۆنفرانسەكەمانی كرد. زۆرسوپاسی دەكەین.
پێشەكی سڵاو لە گیانی ئەوانەی لەبواری راگەیاندندا خەباتیان كردووە و شەهیدبوون، ئەوانەش كە كۆچی دواییان كردووە.
گرنگە راگەیاندنی یەكێتی قۆناغ بە قۆناغ، لەگەڵ پێشكەوتنی زانستی و تەكنەلۆژی و گەشەكردنی هونەرەكانی كاری راگەیاندندا، خۆی نوێ بكاتەوە، چونكە نوێبوونەوە خەسڵەتێكی بەردەوام و نەگۆڕی یەكێتییە
پیرۆزبایی بەستنی ئەم كۆنفرانسەتان لێدەكەین و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.
ئاشكرایە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەرەڕای ئاستەنگ و قەیرانە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، دوای مەرگی مام جەلال و نەخۆشكەوتنی كاك كۆسرەت و هێرۆخان، كە زۆر سەخت و بەئازاربوو، توانیمان نەك هەر لەسەرپێی خۆمان بوەستین، بەڵكو بەگژ نالەباریی دۆخەكەدا بچینەوە و سەرەنجام پێنجەمین كۆنگرەمان بە سەركەوتوویی ئەنجامدا و لە هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازیشدا لە ناوچە جێناكۆكەكان سەركەوتنمان بەدەستهێنا.
لە هەموو ئەو قۆناغە جیاوازانەدا، رۆڵی ئێوە بە سەرجەم كەناڵ و ئۆرگانەكانەوە، دیار و بەرچاو بوو، توانیتان بەسەركەوتوویی ئەركی سەرشانتان جێبەجێ بكەن، لێرەدا بەناوی سەرۆكی یەكێتی و مەكتەبی سیاسییەوە سوپاس و دەستخۆشیتان لێ دەكەین.
ئەم كۆنفرانسە بۆ ئەوەیە بتوانین بەیەكەوە میكانیزمی تازەی كاركردن دابڕێژین و كەموكورتییەكانمان دەستنیشان بكەین. من دەزانم راگەیاندنی یەكێتی خاوەنی رابردوویەكی پڕ سەروەرییە و دەستكەوتی زۆرە، قوتابخانەی داهێنان و پێگەیاندنی كادری راگەیاندن و ئازادیی رادەربڕین بووە، بەڵام سەرەڕای ئەو سەروەریانە پێویستمان بە پێداچوونەوە و ئامادەكاریی تازە هەیە.
لەم رووەوە ئێمە دەزانین، ئێوە خۆتان ئەهلی كارەكەن، توانا و لێوەشاوەیی زۆرتان تێدایە بۆیە دڵنیاین ئەم كۆنفرانسە بە ئەنجامی باش كۆتایی دێت. من وەكو خۆم، هاوكار و پشتیوانتان دەبم بۆ جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەكانی ئەم كۆنفرانسە.
ئامادەبووانی كۆنفرانس
پێم باشە لێرەدا چەند سەرەقەڵەمێك بۆ گفتوگۆ بخەمەڕوو:
-گرنگە راگەیاندنی یەكێتی قۆناغ بە قۆناغ، لەگەڵ پێشكەوتنی زانستی و تەكنەلۆژی و گەشەكردنی هونەرەكانی كاری راگەیاندندا، خۆی نوێ بكاتەوە، چونكە نوێبوونەوە خەسڵەتێكی بەردەوام و نەگۆڕی یەكێتییە.
-لە قۆناغی نوێی راگەیاندنی یەكێتی-دا، باشترە پێ لەسەر ئەوە دابگرین كە راگەیاندنی ئێمە راگەیاندنێكی كارا و كاریگەر بێت لەسەر رای گشتیی كوردستان و مایەی متمانەی زیاتری خەڵك بێت.
-لە قۆناغێكداین قەیران و كێشە و ئاڵۆزیی زۆر لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە و جیهان لەئارادایە، شەڕ و ناكۆكییەكان بە خێرایی پەرەدەسێنن. بەداخەوە لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستانیش یەكڕیزی و یەكدەستیی هێزە سیاسییەكان درزی گەورەی تێكەوتووە، بۆیە پێویستە وتاری راگەیاندنی یەكێتی رەنگدانەوەی سیاسەتی پەسندكراوی یەكێتی بێت كە لە پێنجەمین كۆنگرەدا بڕیاری لەسەر دراوە، كە خۆی لە بەرژەوەندیی باڵای گەلی كوردستان و یەكێتیدا دەبینێتەوە.
-بایەخی زیاتر بە روونكردنەوەی سیاسەتەكانی یەكێتی لەسەر ئاستی عیراق بدەین و داكۆكی لە مافە رەوا و دەستوورییەكانی گەلی كوردستان بكەین و فەلسەفەی سۆشیال دیموكرات لە پەیام و كارەكانماندا رەنگبداتەوە.
-بۆ ئەم قۆناغە پێویستە گوتاری راگەیاندنمان رەنگدانەوەی چەپكەگوڵەكەی رێبەری رەوانشادمان مام جەلال بێت.
-هەوڵ بدەین دۆست بۆ یەكێتییەكەمان پەیدابكەین، نەك دوژمن.
-بایەخی زیاتر بە سۆشیال میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی خۆمان بدەین و رێكیان بخەینەوە و كۆیان بكەینەوە و بۆ كاری دەستەجەمعی ساز و ئامادەیان بكەین.
-دانانی ژوورێكی عەمەلیات بۆ تەنسیق لەگەڵ سەرجەم كەناڵەكان، رۆژانە بەدواداچوون بكات بەتایبەت لەكاتی هاتنە پێشەوەی رووداوی سیاسیی گەورەدا.
-رێكخستنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم و بەغدا و وەرگرتنی زانیاری و هەواڵەكانیان و دووبارە داڕشتنەوەیان و دروستكردنی هەماهەنگی میدیایی لەگەڵ سەرۆكایەتی و نوێنەرایەتییەكانی تیمی یەكێتی لە حكومەت و پەرلەمان لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق.
-وخیتامها مسك... بودجەیەكی شایستە و گونجاو، دوور لە تەخشان و پەخشان، بە راوێژ لەگەڵ مەكتەبی دارایی یەكێتی، بۆ مەكتەبەكەمان ئامادەبكەین، ئەمەش لەپێناوی سەرخستنی پلان و كاری میدیایی و هوشیاریی داهاتوومان و چارەسەركردنی مووچەی كادر و كارمەندەكانمان، بێگومان بە رەچاوكردنی پێویستی و تواناكانی دارایی بەردەست.
لە كۆتاییدا، سوپاسی یەكەبەیەكەتان دەكەین، كار و ماندوبوونتان بەرزدەنرخێنین. پشت بەخوا لەم قۆناغانەی ئیشكردنیش، كە بەیەكەوەین، لە ئاست چاوەڕوانیی یەكێتی و جەماوەری كوردستاندا دەبین.
جارێكی تر سوپاسی بۆردی راگەیاندن و سەیدا لەتیف و لیژنەی ئامادەكاریی كۆنفرانسەكە دەكەین، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین.
ئیتر هەر شاد و سەربەرزبن