راپۆرتی دووەمین كۆنفرانسی بۆردی راگەیاندن

10:58 - 2024-01-14
دووتوێ
256 جار خوێندراوەتەوە
#لیژنەی بەڕێوەبردنی کۆنفرانس

رۆژانی 11 و 12/1/2024، دووەمین كۆنفرانسی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەركەوتوویی بەڕێوەچوو،  كە لە كۆی ئەو پێنج لیژنەیەی لە كۆنفرانسەكە پێكهات و ماوەی دوو رۆژ پێشنیاز و سەرنج و پڕۆژەی ئەندامانیان وەرگرت، هەریەكەیان راپۆرتی خۆیان پێشكەش بە لیژنەی سەرپەرشتی كۆنفرانس كرد و لیژنەی سەرپەرشتی كۆنفرانسەكەش لەو راپۆرتانەدا پوختەیەكی پێشكەش بە هەریەك لە لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد، بڕیاریشە سەرجەم بڕیار و راسپاردەكان لەڕێگەی لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتییەوە ئاڕاستەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەكتەبی سیاسی بكرێن بۆ پەسەندكردن و بڕیارلێدانیان.
لە كۆنفرانسەدا، زیاتر لە 350 كادری راگەیاندنی یەكێتی لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستانەوە وەک ئەندام بەشداربوون و بە سەرنج و پێشنیازەكانیان بۆ ماوەی دوو رۆژ كۆنفرانسەكەیان دەوڵەمەند كرد،  كە پێشتر لەلایەن لیژنەیەكی ئەكتیڤەوە لە بۆردی راگەیاندن ئامادەكاریی بۆ كرابوو.
لە دەستپێكی كۆنفرانسەكەدا، كە رۆژی 11/1/2024 دەستیپێكرد، لیژنەیەكی حەوت كەسی بۆ بەڕێوەبردن و سەرپەرشتی كۆنفرانسەكە هەڵبژێردران، كە پێكهاتوون لە: كاروان ئەنوەر، شوان كەریم كابان، د.تاریق جەوهەر، د.پاڤێ‌ جەمیل، د.حەكیم عوسمان، د.هێرش رەسوڵ، د.هاشم زێباری.
دواتر، بە دەنگدانی ئەندامانی كۆنفرانس، سەرۆک و بڕیاردەر بۆ پێنج لیژنە دەستنیشانكران، تا دوای گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوە لەگەڵ ئەندامەکانی لیژنەکاندا راسپاردە و پێشنیازەكان بنووسنەوە کە لیژنەكان بریتیبوون لیژنەی سكاڵا و پێشنیاز د. دانا ئەحمەد سەرۆك و د. چیا زەنگەكە بڕیاردەر.
لیژنەی چاپەمەنی، د. نەوزاد عەلی ئەحمەد سەرۆك و شێروان عەوڵا بڕیاردەر.
لیژنەی میدیای نوێ‌ ، د. هاونیاز سامی سەرۆك، پشتیوان زاهیر بڕیاردەر.
لیژنەی داڕشتنەوەی سیاسەتی میدیای یەكێتی: سالار مەحمود سەرۆك، هێشوو عەبدولکەریم و ماردین عەبدولكەریم بڕیاردەران.
لیژنەی بیستراو و بینراو: د. ئیبتیسام ئیسماعیل سەرۆك، د.شیلان فەتحی بڕیاردەر.
دوای تەواوبوونی كارەكانی لیژنەكان، هەریەكەیان راپۆرتی خۆیان ئامادەکرد و وەكو راسپاردە و رادەستی لیژنەی داڕشتنەوەی راسپاردەكان كرا، كە ئەندامانی ئەم لیژنەیەش پێكهاتبوون لە: د.دڵشاد مستەفا، د.فوئاد ئەحمەد، محەمەد كەریم، محەمەد عوسمان، بورهان حاجی عەلی، ئاریان محەمەد، عەتا كەریم، عومەر رەحیم، مەسعود مەلا هەمزە و كوردۆ عەلی.
دوای تەواوبوونی داڕشتنەوەی كۆتایی راپۆرتەكان، سەرجەم راپۆرتەكانی پێنج لیژنەكە تەسلیمی لیژنەی بەڕێوەبردنی كۆنفرانس كرا و پوختەی سەرجەم راپۆرتەكانیش بۆ ئەندامانی كۆنفرانس خوێندرایەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسەندكران و وەكو راسپاردە و پێشنیاز درا بە هەریەك لە لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن تا ئەوانیش بەرزی بكەنەوە بۆ سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەكتەبی سیاسیی بەمەبەستی پەسەندكردن و بڕیارلێدانیان.
لە رێوڕەسمی كۆتایی كۆنفرانسەكەشدا، عیماد ئەحمەد، لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتارێكی پێشكەشكرد و خۆشحاڵیی خۆی بە كۆتایی هاتنی سەرکەوتوانەی کونفرانسەکە دەربڕی و وتی:»ئێمەی یەكێتی لەم دوو رۆژەدا بە تەواوی ئەوەمان بۆ دەركەوت کە پێمان باش نییە لاسایی هیچ راگەیاندنێكی دیكە بكەینەوە و راگەیاندنەكانمان یەكێتییانەیە و خۆمان بەراورد ناكەین بە هیچ راگەیاندنێكی دیكە، پێویستیشە راگەیاندنەكانمان لەگەڵ گەل و نیشتماندا بێت و ساڵی نوێ ساڵی گۆڕانكاریی زیاتر بێت».
هەروەها وتی: «لە لیژنەكانی كۆنفرانسەكەدا بەشێكی زۆری گەنجان و ژنان بەوپەڕی تواناوە بەشدارییان كرد و را و پێشنیازەكانیان دەردەبڕی ئەمە مایەی خۆشحاڵی و شانازییە بۆ هەموومان، پێویستە راسپاردەكان بخەینە بەردەست سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی یەكێتی، تا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و  هەوڵبدەین بە زووترین كات جێبەجێ بكرێن و مافی راگەیاندكارانمان مسۆگەر بكەین، ئەمەش دوا كۆنفرانس نابێت و ئەم سەركەوتنە سەركەوتنی تری بەدواوە دەبێت».

دواتر لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتاری كۆتایی كۆنفرانسی پێشكەشكرد و رایگەیاند:  بە خۆشحاڵییەوە بە سەرکەوتویی کۆتایمان بە دووەمین کۆنفرانسی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێنا، دەرەنجام و ئیرادەی راگەیاندنکارانمان سەلماندنی گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونیان دەوێت».
داوای لێبوردنیشی لەو هاوکار و دڵسۆزانە کرد کە بە هەر هۆکارێک بووبێت بێبەشبوون لە بەشداریکردن لەم کۆنفرانسەدا و وتێ: هاوکات سوپاسی زۆرمان بۆ هەڤاڵ ستران عەبدوڵڵا کە ماوەیەکی زۆر خزمەتیکرد و هەموو هەوڵەکانی بۆ سەرخستنی میدیای یەکیتی خستەگەڕ».
دوای 14 ساڵ بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماوەی دوو رۆژدا دووهەمین كۆنفرانسی خۆی بە ئامادەبوونی زیاتر لە 350 ئەندامی كۆنفرانس و زیاتر لە 40 پسپۆڕ‌ و شارەزای راگەیاندن و ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بە سەركەوتوویی سازكرد كە ئامانج لێی رێكخستنەوە و داڕ‌شتنەوەی سیاسەتی میدیایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئامادەسازیی بوو بۆ قۆناغی نوێی راگەیاندن.
شایانی باسە، لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانسەكە، بریتیبوون لەم هەڤاڵانە:
كاروان ئەنوەر، بورهان حاجی عەلی، محەمەد عوسمان، محەمەد كەریم، مەسعود مەلا هەمزە، رەنگین عەبدوڵڵا، دڵبەند مستەفا، تانیا كەمال،  بڵند شاڵی، عەتا كەریم، سۆران عەلی، كوردۆ عەلی، عومەر رەحیم، عیماد ناسح، ئاریان محەمەد.



#کۆنفرانس

بابەتە پەیوەندیدارەکان