قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی فینلەندا لە عیراق کۆبۆوە

06:23 - 2024-01-15
عیراق
517 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە ئانو سارێلا، باڵیۆزی نوێی فینلەندا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێکران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە ئانو سارێلا کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک باڵیۆزی نوێی فینلەندا لە عیراق و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا. 
جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی فینلەنداشی کرد بۆ هەرێمی کوردستان کە لە ساڵانی رابردوودا و بەتایبەتیش لە کاتی شەڕی داعشدا راهێنانیان بە هێزەکانی پێشمەرگە کردوە. 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و عیراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت کاری زیاتر بکرێت تا ژنان بەشدارییەکی کاراتریان هەبێت لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا.
هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا هەموو هەوڵێک دەدەن تا پێگەی ژن لە سیاسەت و بازاڕ و کۆمەڵگەی مەدەنیدا بەهێزتر ببێت و داواشی کرد فینلەندا لەمبارەیەوە یارمەتی هەرێمی کوردستان بدات بەتایبەتیش لە بواری تواناسازی ژنان و بەهێزترکردنی پێگەی ژنان لە کۆمەڵگای مەدەنیدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دیاردەی کۆچی نایاسایی کرا، لەمبارەیەشەوە هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە کاری هاوبەش بکەن بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی کۆچی نایاسایی.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان