جەمال بابان، داربەڕوویەک بە رەنگی سلێمانی

10:42 - 2024-01-16
کەلتور
624 جار خوێندراوەتەوە

سەرکەوت عەلی حەبیب



جەمال بابان، مرۆڤێک لێوانلێو لە خزمەت، ئەو خزمەتەی بوو بە لاپەڕەی شارێک، ئەو شارەی کامەران موکری ناوی نا (شاری هەڵمەت و قوربانی)، ئەو شارەی زێدی دووەمی هێمن موکریانییە.
زێدی دووەمم، شاری سلێمانی
کانگای هونەر و شیعر و گۆرانی


هەمیشە، رێبوارە ماندووەکان و خەمخۆرەکانی نیشتمان، دوای مەرگیان دەژین، ئەمەیە یاسای چەرخی چەپگەرد، مرۆڤ تا نەمرێ، ناژی!
پارێزەر، مافناس جەمال بابان، ئەو مرۆڤەی هەموو ژیانی خۆی بەخشی بە کورد و کوردستان و لە زۆر بواری ژیاندا جێدەستی دیارە.
تۆ بڵێی کەسێک هەبێ لەم شار و نیشتمانەدا، نەزانێ جەمال بابان کێیە؟
ئەو (جەمال بابان)ەی یەکبینە لە خەمی وشە و فەرهەنگی کوردیدا بووە و ئەستێرەی کردووەتە خەو، بەڵام خۆی نەخەوتووە!
جەمال بابان، پەروەردە و دیاريی شارێکە، ئەو شارەی کە مەلا رەسوڵی ديلێژە- موخلیس، ناوی ناوە؛ کەعبەتوڵڵا. بەڵگەنەویستە ئەم کەعبەتوڵڵایە دەیان و سەدانی وەکو پارێزەر جەمالی پەروەردە کردووە، بۆیە دەبێت لە هەموو ناوهێنانێکی جەمال باباندا، دەست بە سنگەوە بگرین، هەم بۆ ئەم کاکە، هەم بۆ ئەم خاکە.
کەسێک، پارێزەر بوو، پارێزەرێک کە پارێزەری وشە، فەرهەنگ و مێژووە بوو، جێدەستی لە رەنگ و دەنگی شار و نیشتماندا هەبوو، ئەگەر بە ویژدانەوە گوزەرێک بە دنیای چاپ و بڵاوکراوەکانیدا بکەین، هەر لە نیو سەدە لەمەوبەرەوە، دەنگ و رەنگی ئەم پارێزەرە بەڵگەنەویستە.
ناکرێت باسی شار و شارەوانی بکەیت و باسی جەمال بابان نەکەیت! هەر لە ناونانی گەڕەک و شەقامەکانی شارەوە، هەر لە خزمەتگوزاری و رووی جوانی شار و پێشکەوتنی بوارەکانی ژیانی شار، ئەم رێبوارە سەرقافڵە بوو.
قەڵەمەکەی جەمال بابان، بۆ مێژووی شارە گەشاوەکەم، دیاری ئەم بابانەیە بۆ مەڵبەندی بابان و نیشتمان.

هاوکاری شاگردانی دنیای وێژە
لاکردنەوە، پارێزگاری و پاراستنی مێژووی ئەستێرەکانی کورد، کارێکی ناوازە و بەسوودی ئەم نووسەرە بە ئەمەکەی نیشتمانە. ئەمە جگە لە هاندان و پشتگیریی نووسەران و شاگردانی دنیای وێژە، کە (ئیبراهیم ئەحمەد) ئاسا، کار و پیشەکەی خۆی کە پارێزەر بوو، کردبووی بە قوربانی خزمەتی رۆژنامەگەریی کوردی!
جەمال بابان، (عەلائەدین سەجادی) ئاسا، لە خەمی قسەی خۆش و نوکتەی ئەم شارە و ئەم نیشتمانەدا بووە، ئەگەر دڵسۆزی و خەمی ئەم خەمخۆرە نەبوایە، (ترش و شیرینی- خاڵە رەجەب)یش چاوی هەڵنەدەهێنا و وەکو زۆر بابەت و بەرهەمی ئەم کوردە ماڵ لە کۆڵەی، پیرەمێردی نەمر وتەنی: 
دائیم لەگەڵ یەک شەڕمانە و هەرا
هەڵۆ، بە تیری پەڕی خۆی کوژرا، 
یان دیزە بەدرخۆنە دەکرا 
یاخود ئەویش وەکو قاپیی ئەلحەد 
بێ دەنگ دەمایەوە!

چەند جارێک بە خزمەتی کاکە جەمال بابان، گەیشتووم، بەڵام دوو جاریان بوون بە بیرەوەرییەک کە هەزار هێندەی تر، ئەم میهرەبانەم لەلا گەورەتربوو.
ئەو دوو جارەش؛ لە رێی دوو دایکی میهرەبان و خەمخۆری سلێمانییەوە بوو، ئەو دوو میهرەبانەش؛ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و د. نەسرین فەخری بوو، ئای لەو پێشوازییە گەرمەی لە پارێزەر جەمال بابان، لەلایەن ئەو دوو میهرەبانەوە کرا!

یەکبینە لە خەمی بۆنە نیشتمانییەکاندا
جەمال بابان، لە ساڵی 1968، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بووە، ئەو ماوەیەی دەستبەکار بووە، جێدەستی دیار بووە، یەکەم گۆڤاری شارەوانی کە بیرۆکەی نووسەر موحەڕەم محەمەد ئەمین بووە، کاکە جەمال بابان، سەرۆکی نووسینی بووە و 15 ژمارەی لێ دەرچووە.
جەمال بابان، هەمیشە لە خەمی خەڵکی  شاری سلێمانیدا بووە و یەکبینە لە خەمی یاد و بۆنەکانی نیشتماندا بووە و ئەندامێکی چالاکی نێو لیژنەکانی ئەو شارە بووە.
جەمال بابان، پەروەردەی شارێک بووە، کە خۆشەویستی  ئەو شارە تێکەڵ بە خوێنی بووە، ئەو شارەی کە زۆر لە شاعیران، نووسەران و رۆشنبیران، کاڵا بە قەد باڵا، بە باڵای ئەو شارەیان وتووە، بۆیە خەمخۆرێکی وشەی کوردی (مەلا رەئووفی خادم سوجادە- باوکی دڵداری شاعیر) لە شارەکەی (حاجی قادر و مەلای گەورە)وە ستایشی شارەکەی جەمال بابان و جەمالەکانی تری شار دەکات و دەفەرمووێت:
سلێمانیم، شاری وەفا و مەنبەعی وەفادارانە
رۆحی خۆمی فیدا ئەکەم، سینەم ئەکەم بە قەڵغانی
رەئووف، هەرچی عومرت هەیە سەرفی کەی لە تەعریفی وان
مەحاڵە بکرێ تەعریفی ئەسڵزادە و خانەدانی!
دروود بۆ گیانی پاکی مەلا رەئووف، پارێزەر جەمال بابان و هەموو ئەوانەی بۆ کورد ژیان.

 


کورتەیەک لە ژیاننامەی جەمال بابان؛
-ساڵی 1927 لە سلێمانی هاتۆتە دنیاوە.
-ساڵی 1950 (کۆلێژی حقوق- زانکۆی بەغدا)ی تەواوکردووە.
-ساڵی 1968 سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بووە.
-ساڵی 1970، یەکەم سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد بووە.
-دوای خزمەتێکی گەورە بە کورد، لە رۆژی 8/9/2023 کۆچی دوایی کردووە.

 

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان