پ.د.نەهلە محەمەد سەعید
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، دەکرێت بەهۆی چەندین جۆر ڤایرۆسی جیاوازەوە دروست ببێت.
ئەم نەخۆشییە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا بڵاودەبێتەوە، ڤایرۆسەکان زۆرجار لە رێگەی مێرووەکانی وەک گەنە و مێشوولە یان لە رێگەی پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ ئاژەڵی توشبوودا دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی، ژمارەی توشبووانی تای خوێنبەربوون لە عیراق بەردەوام لە زیادبووندایە، ئەم نەخۆشییە بە شێوەیەکی تایبەتیی لە پارێزگاکانی زیقار، کەرکوک، بەغدا، موسەننا، نەینەوا و بەسرە بڵاوبووەتەوە، یەکێک لە توشبووان کە لە کەرکوک گیانی لە دەستدا کارمەندێکی وەزارەتی تەندروستی بوو، بەوەش ترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەی لەنێوان کارمەندانی تەندروستیدا زیادکردووە، هەروەها بەهۆی لاوازیی سیستمی تەندروستی لە هەندێک ناوچە، مەترسی زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە ئارادایە.
هۆکارەکانی تای خوێنبەربوون و جۆرەکانی
ئەو ڤایرۆسانەی کە دەبنە هۆی تای خوێنبەربوون سەر بە چوار خێزانی سەرەکین:
• ڤایرۆسەکانی ئارێنا (Arenaviruses).
• ڤایرۆسە ریشاڵییەکان (Filoviruses) وەک ڤایرۆسی ئیبۆلا.
• ڤایرۆسەکانی بونیا (Bunyaviruses) وەک تای خوێنبەربوونی قرم – کۆنگۆ.
• فلاڤیڤایرۆس (Flaviviruses) وەک تای زەرد و تای دەنگ.
ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونی قرم - کۆنگۆ چییە؟
تای خوێنبەربوونی قرم - کۆنگۆ نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، بەهۆی ڤایرۆسێکەوە دروست دەبێت کە سەر بە خێزانی Bunyaviridaeە. ڤایرۆسەکە لە رێگەی گەستنی گەنە یان پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ خوێن یان شانەکانی ئاژەڵە توشبووەکان دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ. ئەم نەخۆشییە بە رێژەیەکی بەرزی مردن دیاری دەکرێت و بە رێژەی ٪40 کەسانی توشبوو گیان لە دەست دەدەن، بە تایبەتی ئەگەر لە کاتی گونجاودا دیاری نەکرێت و چارەسەر نەکرێت.
گەنە: مێروویەکی پەرازیتە کە لەسەر خوێنی ئاژەڵ و مرۆڤ دەژی و گوێزەرەوەی سەرەکی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونی قرم - کۆنگۆیە. گەنە لە ناوچە گژوگیادار و شێدارەکاندا دەژی، بە زۆریی لە کێڵگە و سەربڕینخانەکاندا بڵاودەبێتەوە، کاتێک مرۆڤ یان ئاژەڵ دەگەزێت ڤایرۆسەکە بە ئاسانی دەگوازرێتەوە و مەترسی توشبوون زیاد دەکات.
جۆرەکانی گەنەی زۆر مەترسیدار
*گەنەی هیالۆما(Hyalomma spp) : گوێزەرەوەی سەرەکیی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونی قرم -کۆنگۆیە.
*گەنەی سەگی قاوەیی (Rhipicephalus sanguineus) : دەتوانێت نەخۆشی دیکە بگوێزێتەوە وەک نەخۆشی بابیزیا.
*گەنەی ئاسک (Ixodes scapularis) : گوێزەرەوەی نەخۆشی لایمە، بەڵام پەیوەندی بە تای قرم - کۆنگۆوە نییە.
ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونی قرم - کۆنگۆ بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە، کە گرنگترینیان بریتین لە:
*گەستنی گەنە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن و دەتوانن ڤایرۆسەکە بگوازنەوە بۆ مرۆڤ.
*پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ ئاژەڵە توشبووەکان یان گۆشتەکانیان.
*بەرکەوتن بە شلەمەنییەکانی لەشی کەسێکی توشبوو، یان پاشماوەی جرجە توشبووەکان، کە وادەکات کارمەندانی بواری تەندروستی زیاتر لە مەترسیدابن.
*رێوڕەسمە نەریتییەکانی بە خاکسپاردن، مامەڵەکردن لەگەڵ تەرمی توشبووان بەبێ وەرگرتنی رێکاری خۆپارێزی.
تای خوێنبەربوونی قرم - کۆنگۆ دەتوانێت بە شێوەیەکی خێرا بڵاوببێتەوە.
نیشانەکان و ئاڵۆزییەکان
نیشانەکانی تای خوێنبەربوونی قرم - کۆنگۆ زۆرجار بە شێوەیەکی توند دەردەکەون و دەتوانێت بە شێوەیەکی خێرا بڵاوبێتەوە، دەستپێکردنی تای خوێنبەربوونی قرم - کۆنگۆ بە شێوەیەکی نموونەیی لە ناکاوە، لەگەڵ ماوەیەکی خۆشاردنەوە کە لە (1-3 رۆژ تا 9 رۆژ دوای گەستنی گەنە) یان ( 5-6 رۆژ تا 13 رۆژ) دوای پەیوەندی لەگەڵ خوێن یان شانەی توشبوو.
نیشانە سەرەتاییەکانی کەسی توشبوو بریتین لە:
*بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، کە زۆرجار بە شێوەیەکی لەپڕ دەردەکەوێت.
*ئازار لە جومگە و ماسولکەکاندا، کە دەتوانێت بە ماندوێتی زۆر هەڵبژێردرێت.
*خوێنبەربوونی ناوەکی و دەرەکی، بە تایبەتی لە پەردە میوکۆسییەکان یان لە ژێر پێستدا، کە دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن.
*شکستی دەزگاکانی لەش لە حاڵەتە توندەکاندا، کە لەوانەیە ببێتە هۆی مردن ئەگەر چارەسەر نەکرێت.
چارەسەر و رێگەکانی خۆپارێزی لە جەژنی قورباندا
چارەسەرێکی تایبەت بۆ زۆربەی جۆرەکانی تای خوێنبەربوون نییە، بەڵام لە جەژنی قورباندا بەرزبوونەوەی سەربڕینی ئاژەڵ دەتوانێت مەترسی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون زیاد بکات، بە تایبەت ئەگەر رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێ نەکرێت بۆ پاراستن لەو نەخۆشییە کە ئەمانەن:
رێکارەکانی پێش سەربڕینی ئاژەڵ
*خۆ بە دوورگرتن لە مامەڵەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ ئاژەڵی توشبوو، یان ئەو ئاژەڵانەی نیشانەی نەخۆشییان پێوە دیارە.
*پرژاندنی دەرمانی مێروو بەسەر ئاژەڵەکاندا بۆ لەناوبردنی گەنە پێش سەربڕین.
*لەبەرکردنی جلوبەرگی پارێزەر (دەستکێش، ماسک، چاویلکە) کاتێک مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵدا دەکرێت.
رێکارەکانی سەربڕینی ئاژەڵ:
*سەربڕین لە کوشتارگە رەسمییەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسی بەرکەوتن بە خوێن و شانە توشبووەکان.
*بەکارهێنانی ئامێری پاکژکراو و خۆ بە دوورگرتن لە بەشداریکردنی چەقۆ و ئامێرەکانی سەربڕین.
*خۆ بە دوورگرتن لە بەرکەوتنی راستەوخۆی خوێن و شوشتنی دەستەکان بە باشی بە ئاو و سابوون دوای سەربڕین.
رێکارەکانی دوای سەربڕینی ئاژەڵ:
*لەناوبردنی پاشماوەکانی ئاژەڵە سەربڕاوەکە بۆ رێگریی لە بڵاوبوونەوەی گەنە.
*هەڵگرتنی گۆشت لە پلەی گەرمی نزم و لێنانی بە باشی پێش خواردنی.
*چاودێریکردنی هەر نیشانەیەکی نەخۆشی وەک تا یان خوێنبەربوون و رۆیشتن بۆ نەخۆشخانە دەستبەجێ کاتێک دەردەکەون.
ئاستەنگە تەندروستییەکان لە عیراق
لەگەڵ هەوڵەکان بۆ باشترکردنی بواری تەندروستی، هێشتا چەندین ئاستەنگ هەن لە عیراق کە گرنگترینیان بریتین لە:
*کەمیی کارمەند و پزیشکی شارەزا، کە دەتوانێت دیاریکردن و جیاکردنەوەی حاڵەتەکان هێواش بکاتەوە.
*لاوازیی هۆشیاری تەندروستی بە تایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان، کە دەبێتە هۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان.
*نەبوونی سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی پەتا، کە وەڵامدانەوە بۆ نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان هێواش دەکات.
لەگەڵ بەردەوامیی تۆمارکردنی حاڵەتی نوێ، پسپۆڕان داوا دەکەن هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ خۆپارێزی، کە گرنگترینیان بریتین لە:
*دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی هۆشیاریی بەرفراوان بۆ دانیشتووانی ناوچە توشبووەکان.
*دابینکردنی ناوەندەکانی جیاکردنەوە بۆ توشبووان، بە تایبەت لە نەخۆشخانەکاندا.
*هاوکاریکردن لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ دابینکردنی پشتگیریی تەکنیکی و لۆجیستی.
بەهۆی ئەو مەترسییانە، وەزارەتی تەندروستی عیراق هەوڵدەدات بۆ زیاترکردنی ناوەندی فریاگوزاریی و بەهێزکردنی سیستمی چاودێریی پەتاکان.
گەنە، کە دەبێتە هۆی گواستنەوەی تای خوێنبەربوون